مەسرور بارزانی داوا دەکات هەموو ئەو شوێنانەی چەک دەفرۆشن دابخرێن

کوردستان 30/06/2022

Alternate Text

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکی حکومەت، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە بە داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی کە چەک دەفرۆشن، دەستیش بەسەر هەموو ئەو چەکانەدا بگیرێت کە بێ مۆڵەتن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا رایگەیاند:" ئەمڕۆ داوام لە وەزارەتی ناوخۆ کرد هەرچی شوێنی چەک فرۆشتن هەیە دابخرێن و هەرچی چەکی بێ مۆڵەتە دەستی بە سەردا بگرن، بۆ ئەوەی چیتر نەبنە ھەڕەشە بۆ سەر ژیانی خەڵک".

وتیشی:" ئێمە ئاسایشی خەڵک و وڵاتی خۆمان ناکەینە قوربانی خراپکاران و قاچاخچییان و هەلپەرستان. داوا لە خەلکی کوردستان دەکەم، چەکی بێ مۆڵەت ڕادەستی حکومەت بکەن و خۆیان بەشداربن لە پرۆسەی پاککردنەوەی کوردستان لە چەکی بێ مۆڵەت. دواتر بە پێی یاسا، بابەتی مامەڵەکردن بە چەک ڕێک دەخرێتەوە".

مەسرور بارزانی وتی:" داواش لە دادگاکان دەکەم، چاوپۆشی و کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی یاسا نەکەن و دڵنیاشیان دەکەمەوە کە بە هەموو شێوەیەک، پاڵپشت و هاوکاریان دەبین".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا