وەزیری بازرگانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە نرخی ماددە خۆراکییەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەرزانبوون و لە ئایندەشدا زیاتر نرخەکانیان دادەبەزێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی روسیا و ئۆکرانیا رێککەوتن، بە هەماهەنگی خۆراک هەناردەی وڵاتان بکەن.
کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە نرخی ماددە خۆراکییەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" لە ئەمڕۆ بەدواوە ئارد و گەنم و خۆراک ھەرزانتر دەبێت، ئەمەش بەھۆی رێککەوتنی نێوان رووسیا و ئۆکرانیاوە لەسەر هەناردەکردنی خۆراک بۆ وڵاتانی جیهان و هێوربوونەوەی دۆخی نێوان ئەو دوو وڵاتە، چونکە کاریگەری لەسەر نرخەکان هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ماددە خۆراکیانەی مانگانەش دەدرێت ئێستا بەردەوام دابەشدەکرێت و تاکو ئێستا شەش سەبەتەی خۆراک دابەشکراوە و بەشێکی سەبەتەی خۆراکی حەوتەمیش ھاتووە، کە ئەوەش بە هەمان شێوە کاریگەری لەسەر نرخی کەلوپەل لە بازاڕ ھەیە".
ھەڵگرتنی رسوماتی گومرگی لەسەر کەلوپەل و خۆراک رێگریکرد لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک
ئەوەشی خستەڕوو:" ھەڵگرتنی رسوماتی گومرگی لەسەر کەلوپەل و خۆراک رێگریکرد لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، کە ئەوەش تاکو مانگی نۆ بەردەوامدەبێت و دواتریش بەپێی پێویست حکومەتی هەرێم بڕیاری لێدەدات".
موسلیم باسی لەوەشکرد: "وێڕای ئەوەی خۆراک هەرزانبووە، کۆگاکانی حکومەتی هەرێم لە ھەموو شارەکان ھێندە پڕبووە و شوێنمان نەماوە بۆ خۆراک، بۆیە پێویست ناکات هاوڵاتییان نیگەرانی کەمی خۆراک بن".