ئاسۆ مامەند: لە ئەمڕۆوە ئیتر ئیرادەیەكی نوێ و ئیدارەیەكی چالاك بە دەنگەكانمان دێنینە كایەوە

کوردستان 18/11/2023

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە رایگەیاند، لەسەر هەمان ڕێچكە و رێبازی سەرۆك مام جەلال بە كەركوك بە قیبلەی خۆیانی دەزانن و لە پێناویدا تێدەكۆشن و ئامادەی هەموو قوربانییدانێكن و لەبەر خاتری كەركوك و كوردستان و لە جیاتی مام جەلالیش دەنگ دەدەین.
ئاسۆ مامەند، سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە لە وتارێكدا و لە مەڕاسیمی ناساندی كاندیدانی یەكێتی لە كەركوك رایگەیاند:" بەخێربێن بۆ راگەیاندنی بەرنامەی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی خۆجێی لە شاری پێكەوەژیان، شاری بابەگوڕگوڕ كە سەرۆك مام جەلال ناوی (قودسی كوردستان و چەپكە گوڵەكەی) لێناوە، ئێمەش لەسەر هەمان ڕێچكە و رێبازی سەرۆك مام جەلال بە قیبلەنمای خۆمانی دەزانین و لە پێناویدا تێدەكۆشین و ئامادەی هەموو قوربانییدانێكین". 
ئاماژەی بەوەشكردووە:" لە رۆژگاری حوكمی دیكتاتۆری بەعسدا كە گەلەكەمانی دەچەوساندەوە، ئەوێ رۆژێ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆڕی خەباتی پێشمەرگایەتیدا خوێن و رەنجی بۆ سەربەرزی ئەم شارەداو لە سەردەمی شەڕی دژبە تیرۆریستانی داعشیشدا دیسانەوە باشترین فەرماندە و ئازاترین ڕۆلەكانی خۆی كردە قوربانی بۆ پاراستنی كورد و هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بەبێ جیاوازیی، كە خەڵكی بە ویژدانی عێراق لە نەتەوەكانی تریش ئەم ڕاستییە دەزانن و شاهێدی بۆ دەدەن". روونیشی كردەوە:" لەو كاتەی یەكێتی لەم شارەدا دەسەڵات و بڕیاری ئیدارییان بە دەستەوە بوو هەوڵیتەواوی داوە كارەكانی رابردوو ئەوە دەسەلمێنن كە چۆن خزمەتی ئەم شارەی كردووە، ئاوەدانكردنەوەی گوندە وێرانكراوەكان و قەرەبووكردنەوەیان و جێبەجێكردنی سەدان پڕۆژەی جۆراوجۆر و هەڵگرتنی ئەو ستەم نادادییەی كە ماوەی سێ و پێنج ساڵ بوو رووبەڕووی میللەتەكەمان بوبوەوە".
جەختی لەوەشكردەوە:" ئەوانە پێیان وابوو سەبر و دانبەخۆداگرتنی كەركوكییەكان مانای رازی بوونیانە، ئەوە هەرگیز وا نییە، جام پڕبوو لێی دەڕژێت، رق و توڕەیی خەڵك هیچ هێزێك ناتوانێت بەری پێ بگرێت، چونكە بووركانێكە و لەناكاو دەتەقێتەوە! هەروا مانەوەمان لەگەڵ میللتەكەی خۆماندا لە دوای رووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەرو و وەستانمان شان بە شانی كەركوكییەكان و لە كۆڵنانی خەم و ئازارەكانیان شانازییەكی دیكەی حزبی شەهیدانن، كەركوكییەكانیش زۆر بە باشی لەو راستییە تێگەیشتوون كە یەكێتیی و حزبی شیوعی هاوپەیمان چی بڕیارێكی درووست و ژیرانەیانداوە".
باسی لەوەشكردووە:" لەمرۆوە ئیتر ئیرادەیەكی نوێ و ئیدارەیەكی چالاك بە دەنگەكانمان دێنینە كایەوە كە پارێزگارەكەی كورد و یەكێتی بێ و ئەنجومەنەكەشی وەك پەرلەمانێكی لۆكاڵی كارا بە بەشداری هەموو پێكهاتەكان لە خزمەتی ئاوەدانی شارەكەماندا دەبێت، هیوامان وایە ئیدارەیەك لە خزمەتی دۆزینەوەی هەلی كار بێت بۆ كچان و كوڕانی كەركوك و خەمی ئاوەدانی و بوژانەوە و پاكڕاگرتنی كەركوكە جوانەكەمان بخوات".
 وتیشی:" پشت بە خوا پێكەوە بە دەنگەكانمان روحی سەرۆك مام جەلال ئاسودە دەكەین كە هەمیشە دەیگوت (لە بیرتان نەچێت منیش كەركوكیم) دەسا ئێمەش لەبەر خاتری كەركوك و كوردستان و لە جیاتی مام جەلالیش دەنگ دەدەین".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا