هاتوچۆی سلێمانی: لە 24 کاتژمێردا نزیکەی 900 سەرپێچی تۆمارکراون

کوردستان 24/01/2024

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، دوای کارپێکردنی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لە ناو شاری سلێمانی، لە ماوەی 24 کاتژمێری یەکەمدا نزیکەی 900 سەرپێچی تۆمارکران.

عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد:" دوای ئەوەی لەڕێگەی دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگاداری هاوڵاتییان بەگشتی و شۆفێران بەتایبەتی کرایەوە کە لە رۆژی سێشەممەوە کامێرا جێگیرەکانی هاتوچۆ سەرپێچی تۆمار دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا 891 سەرپێچی تۆمارکراوە ".

لەبارەی ئەو خێراییانەی لە شەقامەکان دیاریکراوە، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت:" رێگەی سەرەکی تاسڵوجە - سلێمانی 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دیاریکراوە، شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود 60 کیلۆمەترە، هەندێک شوێنیش هەیە لەناو شاردایە و ناوچەی قەرەباڵغن، بۆیە خێرایی لەو شوێنانە لە 50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دیاریکراوە ".

ئەمەش لەکاتێکدایە، پاش چەند مانگێک لەکارکەوتنی کامێراکانی تیژڕەوی ناو شاری سلێمانی، پێشنوەڕۆی دوێنێ سێشەممە دووبارە کامێراکان کەوتنەوەکارکردن و لە ئێستادا سەرپێچی تۆمار دەکەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا