هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، لەسەر رێگای کەلار-کفری بەرامبەر ناحیەی رزگاری، بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکیتریش برینداربوو.
ئەمشەوی شەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند:" ئەمشەو لەسەر رێگای کەلار-کفری لە بەرامبەر ناحیەی رزگاری نزیک بەنزینخانەی ئاسۆم دوو ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان ناڤارا و تۆیۆتا لاندکرۆزەر کە بە ئاڕاستەی قەزای کفری رۆیشتوون پێکیاندادا، پاشان ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان خۆی بە ستونێکی کارەبادا کێشا، بەهۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان ناڤارا گیانی لەدەستدا و شۆفێری تۆیۆتا لاندکرۆزەر برینداربوو.
باسی لەوەش کردووە، ئەوکەسەی گیانی لەدەستداوە لەدایک بووی ساڵی 1983یە و دانیشتوی ناحیەی ڕزگارییە، لەئێستادا تیمی هاتوچۆی گەرمیان لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە سەبارەت بە چۆنیەتی و هۆکاری رووداوەکە.