باڵیۆزی ئەمەریکا: پابەندین بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق

عێراق 14/03/2024

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق رایدەگەیەنێت، پابەندین بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق.

ئالینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەی سەباحدا بڵاوکراوەتەوە، باسی لەوە کردووە،  پابەندین بە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق، وەک چۆن شان بە شان لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان وەستاین بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە بەڵای داعش. لە کاتێکدا ئێمە یادی دەیەمین ساڵیادی داعش و پێنجەمین ساڵیادی شکستەکەی دەکەینەوە، دەبێت ڕوون بین لەبارەی بەردەوامی مەترسییەکانی ئەم گرووپە لەسەر عێراق.

باسی لەوەش کردووە، دەمانەوێت هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای پێویستیان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داهاتوو، هەر ئەمەش وایکردووە، لە ساڵی 2012ەوە کۆنگرێسی ئەمریکا زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلاری بۆ بنیاتنانی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەرخانکردووە.

دەشڵێت،  ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پاڵپشتی بەردەوامی گرنگ و کەرەستەی ئاستی جیهانی وەک فڕۆکەی جەنگی F-16 و تانکی شەڕی M1 ئەبرامز و ڕاهێنانی پیشەیی دابینکردووە، تا بەهۆیەوە تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەرزببێتەوە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی تواناکانی عێراق لە بەرگریکردن لە ئاسایش و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئالینا رۆمانۆسکی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا وەک گەورەترین بەخشەر و پاڵپشتی عێراق دەمێنێتەوە. لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا پڕۆگرامی هاریکاری ئەمەریکا USAID زیاتر لە 11 ملیار دۆلاری وەک هاوکاری پەرەپێدان پێشکەش بە عێراق کردووە بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵگا ناوخۆییەکان. ئەم پاڵپشتیە یارمەتی عێراقییەکانی داوە سەدان پڕۆژەی نوێ دەستپێبکەن و هەزاران هەلی کار دروست بکەن و 150 خوێندنگە و 25 کلینیکی چاودێری تەندروستی و 130 دامەزراوەی ئاو دروستبکەن.

راشیگەیاندووە، لە ساڵی 2014ەوە ئەمەریکا زیاتر لە 3.6 ملیار دۆلاری دابین کردووە بۆ پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگە لاوازەکانی عێراق وەک ئاوارە و پەنابەران، ئەویش بە دابینکردنی چاودێری تەندروستی و دەرمان و ئاوی خواردنەوەی پاک و خزمەتگوزاریی باشتر بۆ پاکوخاوێنی؛ تەنها لە ساڵی 2017ەوە، ئێمە بە بڕی 157 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانمان لە پڕۆژە عێراقییەکاندا کردووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا