هەوری سوپەرسێڵ دەگاتە هەرێم؛ تەرزەی گەورە و لافاو بەڕێوەیە

کوردستان 16/03/2024

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

شارەزایەکی کەشناسی ئاشکرایکرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا شەپۆلێکی بەهێزی باران بارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند:" لە رۆژی دووشەممەوە، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی دەکەونە ژێر کاریگەری بارستەیەک هەوای شی بەرز لە ئەنجامی چالاکبوونی نزمە پاڵەپەستۆیەکی بەهێز لە باکووری ئەفەریقا و دەریای سووری عەرەبییەوە، سەرەتای کاریگەرییەکانیشی بە تاوە باران و هەورە بروسکەی مامناوەند دەستپێدەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد:" پاشان لە رۆژی سێشەممە، کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە قوڵدەبێتەوە و دەبێتە هۆی چالاکبوونی هەورە بروسکەی توند و لێزمە باران لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە هەندێک ناوچەش هەوری سوپەرسێڵ دروستدەبێت و تەرزەی گەورە دەبارێت و لافاویش لە شوێنی جیا جیا دروست دەبێت".
باسی لەوەشکرد:" بە گشتی ئەمە دووەم شەپۆلی بەهێزی وەرزی باران بارینی ئەمساڵە کە ناوچەکانمان دەگرێتەوە و تیایدا پێشبینی بارانێکی زۆر دەکرێت کە بە جیاوازی ناوچەکان لە 50 ملیم تا 150 ملیم زیاتر چاوەڕوان دەکرێت".
ئاراس جەبار روونیشیکردەوە:" کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆکە لە رۆژی چوارشەممەوە بەرەو لاوازبوون دەچێت، بەڵام تاوە بارانی بەهارە و هەورە بروسکە بەهۆی ئەو شێ زۆرەی دێتە ناوچەکەوە م ناوبەناو تاوەکو 25ی مانگ بەردەوام دەبێت".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا