بەهۆی ئەگەری درووستبوونی لافاو؛ هەولێر لە ئامادەباشیدایە

کوردستان 17/03/2024

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چاوەڕوانەکراو لە ئامادەباشیدان

ئەمشەوی یەکشەممە، پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دواى نیوەڕۆ بە سەرپەرشتی پارێزگاری هه‌ولێر لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت له‌گه‌ڵ قائیمقام و بەرپرسانى فه‌رمانگه‌ خزمەتگوزارییەکان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، سەبارەت بە ڕەوشی کەشوهەوا و پێشبینیەکانی کەشناسی بۆ ئەو ڕێژە باران بارینەى کە چاوەڕوان دەکرێت لەچەندڕۆژى داهاتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ببارێت، ئەنجامدرا.

هەروەها، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانە دەرکران:
1- سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان، هەریەک لە سنووری خۆی ژوورێکى عەمەلیات پێکدەهێنێت و لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و چارەسەرکردنى ئەو گرفت و کێشانەى کە دەبنە هۆکار و مەترسى دروستبوونى لافاو.

2- بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاوەڕۆ و ئاودێرى، بەردەوام دەبن لە پاککردنەوەى ڕێرەکانى (ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكان).

3- سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕیوەبەرایەتى گشتیی شارەوانییەکان، لەگەڵ سەرجەم تیمەکانیان لە ئامادەباشی و هەماهەنگی یەکتردابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهات و ڕووداوێکى چاوەڕوان نەکراو.

4- تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتى پاراستنی ڕێگا و بانی هەولێر، وەک پێشوتر لەسەر ڕێگا گشتیی و سەرکیەکانى دەرەوەى شار دابەشدەکرێن و بەردەوام دەبن لە پاراستن و چاککردنەوە و رێکخستنەوە و پاککردنەوە ڕێگای سەرەکییەکان.

5- (ئاسايش، پۆلیس، بەرگری شارستانی، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی) لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و مەترسى دروستبوونى لافاو.

6- ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لە ئامادەباشی دادەبێت بۆ چارەسەرکردنى هەر ڕووداوێک و دروستبوونى هەر کێشە و گرفت و حاڵەتێکى نەخوازراو.

7- سەرجەم شار و سیتیەکان، لە بەرامبەر پاککردنەوەى ڕێرەى ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورسى کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانى سنوورەکانیان بەرپرسیارن.

8- داواى لە هاوڵاتییان دەکەین هەمانگ و هاوکاری تیمەکانبن و پابەندی ڕێکار و ڕێنماییەکانبن، لەحاڵەتى باران بارینى زۆر نزیکى ڕووبار و ئەو شوێنانە نەبنەوە کە ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە.

9- سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندارەکان لە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارانە بەرپرسن و لەبەرامبەر هەر کەمتەر خەمییەک لە جێبەجێکردنى ئەرک و کارەکانیان هەریەکه‌ و بەئاستى بەرپرسیاریەتى خۆى بەرپرسیار دەبێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا