سودانی: عێراق سەقامگیرە و دەكرێت كۆتایی بە ئەركی هاوپەیمانان بهێندرێت

عێراق 19/03/2024

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

دەربارەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق بەهۆی ئەو سەقامگیرییەی ئێستا عێراقی تێدایە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق روونكردنەوە دەدات. 

 نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ كاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری كۆبووەتەوە و چەند پرسێك تاوتوێكراوە".

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە:" وڵاتەكەمان پێشوازی لە كۆمپانیا ئەڵمانییەكان و هاوبەشەكانی دیكە دەكات لە پڕۆژەكانی گەشەسەندن و باشتركردنی ژێرخانی ئابوری وڵات، حكومەت بەردەوامە لە فراوانكردنی ژینگەی وەبەرهێنان و راكێشانی شارەزایی جیهانی".

باسی لەوەشكردووە:" ئەو دۆخە سەقامگیری و ئاسایشەی ئەمڕۆ لە عێراق بەدەست هاتووە و پەرەسەندنی تواناكانی هێزە ئەمنییەكانمان پێشكەوتنەكان لە كۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گۆڕان بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لەگەڵ وڵاتانی ئەندامدا پشتڕاست دەكەنەوە".

ئەوەشیخستووەتەڕوو:" ئەم سەقامگیرییەی ئێستا كە باڵا بەسەر تەواوی عێراقدا كێشاوە هەنگاوێك لەو راستییە نزیكترمان دەكاتەوە كە ئەركی هاوپەیمانان دەبێت بەرەو كۆتایی بچێت".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا