"سبەی بارانی مامناوەند بۆ بەهێز هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە"

کوردستان 21/03/2024

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

 شارەزای بواری كەشناسی زانیاری دەربارەی كەشوهەوای سبەی هەینی بڵاودەكاتەوە.

 ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" سبەی هەینی لە ئەنجامی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی نوێ كە ناوەندەكەی بەسەر توركیاوەیە و هاتنی بارستە هەوایەكی سارد و شێدار لە دەریای ناوەراستەوە بۆسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، ئاسمان بە زۆری دەگۆرێت بۆ هەوری تەواو و شەپۆلێكی مامناوەندی باران بارین ناوچەكانمان دەگرێتەوە".  

ئاماژەی بەوەشكردووە:" كاریگەریەكانی سەرەتا لە كاتەكانی بەرەبەیانەوە لە سنوری پارێزگای دهۆكەوە دەستپێبكات بە بارانی مامناوەند پچر پچر و لە ناوچە شاخاویەكانی دهۆك و هەولێر بە تایبەت ناوچەكانی قەزای ئامێدی، ئاكرێ و مێرگەسوور رێژەی بارانەكە زیاتر دەبێت و هەندێك كات لێزمە باران و هەورە بروسكە چالاك دەبێت و بارانی پێشبینیكراو لەو دەڤەرانەدا لەسەروو 50 ملیمەتر تا زیاتر لە 100 ملیمەتر چاوەروان دەكرێت". 

روونیشیكردووەتەوە:" كاریگەری ئەو شەپۆلە بارانە بەرێژەیەكی مامناوەند و پچر پچر لە كاتەكانی نیوەرۆ بە دواوە، ناوچەكانی سنوری ئیدارەی راپەرین و پارێزگاكانی كەركوك، سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە و بەلاوازیش ناوچەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان دەگرێتەوە".

ئاشكراشیكردووە:" پلەكانی گەرما بەراورد بە پلە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ سێ بۆ چوار پلە نزم دەبنەوە". 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا