وەزیری دارایی هەرێم: واز لە هەژماری من ناهێنین

کوردستان 23/03/2024

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، واز لە هەژماری من ناهێنین، پرۆژەیەکە بۆ تەوتینی مووچە.

ئەمشەوی شەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم لە دیدارێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، واز لە هەژماری من ناهێنین، جیاوازی لەگەڵ تەوتینەکەی عێراق ئەوەیە کە ئەو سیستمەی ئێمە لە هەژماری من کاری پێدەکەین، تەوتین و 19 خزمەتگوزاریی دیکەیە.

دەشڵێت، تەوتینی عێراق تەنیا کارتێکە و دەچیت پارەی کاشی پێ رادەکێشیت و بەدەر لەمە هیچ مامەڵەیەکی دیکەی ناتوانی پێبکەیت.

باس لەوەش دەکات، مانگانە نزیکەی 300 بۆ 350 ملیار دینار داهاتی ناوخۆمان هەیە، 180 ملیار دیناری دراوە بە مووچە، 60 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ تایبەتە بە نەسرییە، نزیکەی 100 ملیارەکەی دیکەش بۆ خەرجیی وەبەرهێنان و کارپێکردن.

لەبارەی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی وتی، ئێستا لە 14 کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەنها نۆ کێڵگە کار دەکەن، لە 1ی نیسانی 2023ەوە تا ئەمڕۆ، 45 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لێ بەرهەمهێنراوە و 11 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل لە 25ـی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە تاوەکو 1ی کانوونی یەکەمی 2023 دراوەتە بە عێراق.
راشیگەیاند، لە فرۆشی مانگانەی نەوت، 50 ملیۆن دۆلار داهات بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، کە  22 بۆ 24 ملیۆن دۆلاری دەدرێتە کۆمپانیای دانەگاز بۆ دابینکردنی کارەبا.

هەروەها، لەبارەی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب دەڵێت، ئێستا دەتوانین مووچەی مانگی شوبات دابەشبکەین، بەڵام چاوەڕێی مووچەی هێزە ئەمنییەکانین، کە کۆدەکانیان رەوانەی بەغدا کراوە و چاوەڕێی ناردنی پارەکەین.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا