مەسرور بارزانی: وەزارەتیی داراییم راسپارد دەست بکات بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو

کوردستان 27/03/2024

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

مەسرور بارزانی رایگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووریی راسپاردووە دەست بکەن بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دووی 2024 و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی سێ.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" حکومەتی فیدراڵیی دەخەینە بەر بەرپرسیارتییەکی دەستووری و ئەخلاقی تاکو ئەو بەڵێنەی بە ئێمەیان داوە بۆ دابینکردنی مووچەکان جێبەجێ بکەن ".

ئەوەشی خستەڕوو:" لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیارمانداوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی کە تاکو ئێستا لە حکومەت سوومەند نەبوون ".

مەسرور بارزانی وتیشی:" داوامانکردووە داشکاندن بکرێت لە پارەی کەڵەکەبووی کارەبا بە رێژەی 20%، هەروەها داشکاندنی 20% لە سزای کەڵەکەبووی هاتووچۆ، داشکاندنی 50% لە رسووماتی هێنانی گۆشت و داشکاندنی 20% لە کرێی خوێندنی پارالێل لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان ".

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم باسی لەوەشکرد:" هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بڕیاردرا بە لێخۆشبوونی سزا لە داوکەوتنی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و راسپاردنی وەزارەتی شارەوانی بۆ داشکاندنی رسووماتی کەڵەکەبووی ئاو بە رێژەی 20%، هەروەها داشکاندنی رسووماتی شارەوانی بەتایبەت کرێی کرێچییەکانی وەزارەتی شارەوانی، ئەوانیش بە هەمان شێوە بە رێژەی 20% و لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی باج لەلایەن پیشەوەران، کاسبکاران و کەمدەرامەتان ".

راشیگەیاند:" ئەم هەنگاوانە بۆ ئەوەن تاکو بتوانن تا حەددێک یارمەتی خەڵکی کوردستان بدەن، من جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی ئەوان دەکەم و هیوادارم ئێمە بتوانین پێکەوە ئەم قۆناغە تێپەڕینین و ئەمە ببێتە دەستپێکێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئابڵووقەی ئابووری کە کەوتووەتە سەر هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان و پێ بنێینە قۆناغێکی نوێتر و بتوانین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەینە ئەنجامی باش بۆ چارەسەری گشت گرفتەکانی کە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ماون ".

لە کۆتایی قسەکانیدا مەسرور بارزانی وتی:" ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە و ئەرکی ئێمەیە، جێبەجێمان کردووە و بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا بین ".

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا