شامپۆکەی "حەمە ستایل" شیاوی بەکارهێنان نییە

کوردستان پێش 4 هەفتە

Alternate Text

دوای سکاڵای هاوڵاتییەک لەسەر جۆرێکی شامپۆ، لیژنەکانی قائیمقامیەت پشکنیان بۆ شامپۆکە ئەنجامدا و رایانگەیاند، شیاوی بەکارهێنان نییە.
نوێنەرانی کوالێتی کۆنتڕۆڵ لە لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایانگەیاند:" دوای ئەوەی هاوڵاتییەک بە یەکێک لە جۆرەکانی شامپۆ تووشی هەستیاری بووبوو و سکاڵای تۆمارکرد، دەستمان بە بەدواداچوون کرد بۆ ئەو جۆری شامپۆیە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" چەند نموونەیەکمان لە شامپۆکە برد بۆ پشکنین و لە پشکنینەکانیشدا دەرکەوت، ئەو بەرهەمە بۆ بەکارهێنان شیاو نییە و دەبێتە هۆی رووشان و ئاوسانی پێست بە تایبەتیش بۆ کەسێک کە هەستیاری هەبێت، بەڵام رەنگە بۆ هەندێک کەسیش بێ کێشە بێت".
باسیان لەوەشکرد:" بەدواداچوونەکانمان لەوبارەیەوە بەردەوامە و بەرهەمەکە لە رێگەی کارمەندی فرۆشتنەوە بە دوکانەکان دەفرۆشرێت و تاوەکو ئێستا نازانرێت فرۆشیاری سەرەکی شامپۆکە کێیە".
سەرەتاکانی مانگی رابردوو هاوڵاتییەک لە رێگەی میدیاکانەوە بانگەشەی ئەوەی کرد، دوای ئەوەی شامپۆیەکی لە کەسێک کڕیوە کە ناسراوە بە حەمە ستایل، رووخساری تووشی ئاوسان و رووشان و هەستیاری بووە، بەوهۆیەشەوە سکاڵای لەسەر ناوبراو تۆمارکردووە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا