لەنێوەندی بەستنی کۆنگرەی سۆسیالیست، عەبدوڵا حاجی مەحمود هاتە دەنگ

کوردستان 04/04/2024

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

لەکاتێکدا کە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان سەرقاڵی بەستنی کۆنگرەیە، عەبدوڵا حاجی مەحمود هاتە دەنگ و دەڵێت هیچ بەرپرسیارێتیەکی ئایندەی لێڵ و ناروونی سۆسیالیست هەڵناگرین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەبدوڵا حاجی مەحمود لە بڵاوکراوەیەکدا بەناوی جێگری سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، رایدەگەیەنێت:" ئەمڕۆ لەهەنگاوێکی دوور لە هەموو پڕەنسیپێکی کاری سیاسی و حزبی، بە ئیرادەی تاکڕەوانەی چەند کەس و گروپێک بەناوی بەستنی کۆنگرەی نائاسایی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان شانۆگەریەکی بێ بنەما ساز دەکرێت.".

کۆنگرە بەرەو توولە رێیەکی نادیار و داخراوی دەبات

دەشڵێت:" بێ بنەمایە چونکە کۆنگرە ئامرازێکی یاسایی و پەیڕەوییە بۆ نوێکردنەوە و بەزیندوو هێشتنەوەی ژیانی حزبی و پێکهاتە و ئۆرگانەکانی و بەرنامە و سیاسەتی حزب، بەڵام ئەوەی بەناوی کۆنگرەی نائاسایی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە دەگوزەرێت دوورە لە هەموو بنەماکانی کۆنگرەیەکی تەندروست و ئامانجدار بۆیە پێمان وایە نەک خزمەت بە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ناکات بەڵکو کۆتایی بە پڕەنسیپەکانی کاری هاوبەش و بیروڕای جیاواز لەو حزبەدا دەهێنێت و بەرەو توولە رێیەکی نادیار و داخراوی دەبات".

هیچ بەرپرسیارێتیەکی ئەو ئاینده لێڵە هەڵناگرین

عەبدوڵا حاجی مەحمود باس لەوەش کردووە:" بۆیە لەمڕۆ بەدواوە ئێمە هیچ بەرپرسیارێتیەکی ئەو ئاینده لێڵ و ناروونە هەڵناگرین و بۆ درێژەدان بە مێژووی حزب و قوربانیدانی شەهیدان و ئامانجە باڵاکانیان ڕێگای خەباتی سیاسی و جەماوەریی دوور لە گیانی توند و تیژی و دەمارگیری درێژە پێدەدەین".

بەهاوپەیمانییەکخۆمان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادە دەکەین

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە هەنگاوی یەکەمدا بەهاوپەیمانییەک بەناوی سەردەم خۆمان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ساز و ئامادە دەکەین، بۆ داهاتووی نزیک و دووریش لەسەر بنەمای بەهای باڵای خەبات و خزمەتکردنی گەل و نیشتیمان و کاری هاوبەش و رەخساندنی دەرفەتی هاوتا بۆ ئەو ئامانجانە کارنامەی تۆکمەمان دەبێت بۆ درێژەدان بەو کاروانی تێکۆشانەی خۆمان لەڕێکخستنیدا ماندوو بووین و قوربانی گەورەمان لەپێناوداوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا