قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، دەستیان بەسەر 50 تۆنی نێو دوكانێكدا گرتووە كە خاوەنەكەی برنجی ماوە بەسەرچووی تێكەڵ بە برنجی دیكە كردووە و هاوڵاتیانیانی پێفریوداوە.
قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" كەسێك كە خاوەنی كۆگای خۆراكە لە بازاڕی سلێمانی، هەڵساوە بە هەڵخەڵەتاندنی هاوڵاتییان و فرۆشتنی جۆری خراپی برنج پێیان بە ناوی جۆری باشەوە".
برنجی ماوە بەسەرچوو و برنجی جۆری دیكە و برنجی بەشەخۆراكیشی تێكەڵكردووە
باسی لەوەشكردووە:" لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە كە برنجی ماوە بەسەرچوو و برنجی جۆری دیكە و برنجی بەشەخۆراكیشی تێكەڵكردووە و پاشان لە كیسەی جۆری باشدا برنجەكەی تێكردووەتەوە و دوریویەتییەوە".
بڕی برنجەكە زیاتر لە 50 تۆن دەبێت
ئاشكراشیكردووە:" بڕی برنجەكە زیاتر لە 50 تۆن دەبێت و لەگەڵ تەواوی ئەو ئامێر و پێداویستیانەی لە ساختەكارییەكدا بەكارهێنراوە دەستی بەسەرداگیراوە و خاوەنەكەشی دەستبەسەركراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".
بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی دوكانەكە دادەخرێت
ئەوەشیخستووەتەڕوو:" بەپێی یاسای وەزارەتی بازرگانی، دەستكاریكردنی لەیبڵ و زانیاریی سەر كاڵاوشمەكەكان فێڵی بازرگانییە و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە، بۆیە بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی دوكانەكە دادەخرێت، تەواوی برنجەكە لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە".