بۆ یەكەمینجار كوردێك دەبێتە سەرۆكی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی

کوردستان پێش 2 هەفتە

Alternate Text

وتەبێژی زانكۆی ئەمریكی لە عێراق - سلێمانی رایگەیاند، بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەمیندارانی زانكۆی ئەمریكی بڕیاردرا، دكتۆر بیلال وەهاب ببێتە سەرۆكی زانكۆكە.

 هەڵكەوت چەلەبی، وتەبێژی زانكۆی ئەمریكی لە عێراق - سلێمانی لە لێدوانێكدا بڵاویكردەوە:" دكتۆر بیلال وەهاب-یان وەك سەرۆكی نوێی زانكۆكە هەڵبژێردووە و بڕیارە رۆژی (8/1/2024) دەستبەكار ببێت".

هیوادارم لە ئەركی تازەم سەركەوتوو بم

 لەم بارەیەشەوە دكتۆر بیلال وەهاب بە BMCی راگەیاند:" ئەو هەواڵە راستە و وەك سەرۆكی زانكۆی ئەمریكی لە عێراق-سلێمانی دەستنیشانكراوم و هیوادارم لە ئەركی تازەم سەركەوتوو بم".

ئەندامانی ئەنجومەنی ئەمیندارانی ئەو زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی، لە 28 ئەندام پێكهاتوون

ئەندامانی ئەنجومەنی ئەمیندارانی ئەو زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی، لە 28 ئەندام پێكهاتوون و زۆربەیان لە دەرەوەی وڵاتن، هەروەها دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سەرۆككۆماری پێشووی عێراق سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە دەكات. 

لە زانكۆی ئەمریكی، بانكی جیهانی، نەتەوە یەكگرتووەكان و چەندین پڕۆگرامی دیكەی سەر بە ئەمریكا كاریكردووە

دكتۆر بیلال ئەحمەد وەهاب، ساڵی 1979 لەدایكبووە، پێشتر مامۆستا بووە لە زانكۆكانی سەلاحەدین و ئەمریكی، وانەكانی پیشەسازی نەوت و یاسای نێودەوڵەتی وتووەتەوە و یەكەمین لێكۆڵەرەوەی پەیمانگای لێكۆڵینەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی زانكۆكە بووە؛ پێش ئەوەی دەست بە كاركردن بكات لە زانكۆی ئەمریكی، لە بانكی جیهانی، نەتەوە یەكگرتووەكان و چەندین پڕۆگرامی دیكەی سەر بە ئەمریكا كاریكردووە. 

بڕوانامەی دكتۆرای لە زانكۆی جۆرج مەیسن بەدەستهێناوە

 دكتۆر بیلال لە ساڵی 2005، بووە یەكێك لە براوەكانی زەمالەی خوێندنی فوڵبرایت كە بەهۆیەوە بڕوانامەی ماستەری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی ئەمریكی لە واشنتن بەدەستهێنا و دواتر، بڕوانامەی دكتۆرای لە زانكۆی جۆرج مەیسن بەدەستهێنا، كە لێكۆڵینەوەی دكتۆراكەی تایبەت بوو بە بەڕێوەبردنی نەوت بە شێوەیەكی فیدڕاڵی لە عێراقدا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا