وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سەردانەکەیدا بۆ
بەغدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی گێڕانەوەی کورسی پێکهاتەکانی بۆ پەرلەمانی کوردستان کردووە.
هەموویان تێگەیشتنیان هەیە و بە مافی پێکهاتەکانی دەزانن
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە "دەنگی ئەمریکا"ی
راگەیاندووە:" سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هەموو دەسەڵاتە فیدراڵییەکان گفتووگۆی کرد،
هەموویان تێگەیشتنیان هەیە و بە مافی پێکهاتەکانی دەزانن، نەتەوە یەکگرتووەکانیش
لەسەر هێڵە و پێشنیاریان بۆ چارەسەر هەیە و لە گفتووگۆداین لەسەر کۆی پرۆسەکە،
ئومێدەوارین بگەینە چارەسەر ".
دەمانەوێت هەموو لایەنەکان بەشداربن
ئەوەشی خستەڕوو:" دەمانەوێت بۆ هەڵبژاردن ڕاوێژ لەگەڵ لایەنەکان
بکەین، دەمانەوێت هەموو لایەنەکان بەشداربن و گەرەنتی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو
بکەین، ئەمە ئامانجی سەرۆکایەتی هەرێمە و چی پێویستبکات ئەنجامی دەدەین و
ئاراستەکەشمان ڕێچکەی باشی وەرگرتووە ".
دڵشاد شەهاب وتیشی:" سەرۆکایەتی هەرێم هێڵی گەرمی پەیوەندی لەگەڵ
لایەنەکان هەیە و بۆ هەر پرسێکی ناوخۆیی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکەین، لایەن و
دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی عێراقیش بەدەنگەوە هاتنی باشیان بۆ سەردانەکەی سەرۆکی
هەرێم هەیە، سەردانەکە بۆ زامنکردنی مافە دەستوریی و یاسایی و داراییەکانی هەرێم
گرنگە، گرنگیشە بۆ بەشداری کاریگەری هەرێم لە پرۆسەی سیاسی عێراق."