لە کۆتایی چامپیۆنسلیگ کێ رووبەڕووی دۆرتمۆند دەبێتەوە؟

وەرزش پێش 2 هەفتە

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

دوای بردنەوەی دۆرتمۆند لە پاریس، ئەمشەو ناوی یانەی دووەم بۆ یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ئاشکرا دەبێت.

ئەمشەو کاتژمێر 10:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان،لە میانەی یارییەکانی گەڕانەوەی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە یانەکە، میوانداری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەکات.

یانەی ریاڵ مەدرید بۆ ئەم یارییە جگە لە داڤید ئالابای بەرگریکاری یانەکە کە پێکانی هەیە، سەرجەم یاریزانەکانی بانگهێشت کردووە، لە بەرامبەردا یانەی بایرن میونشن بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی هەریەکە لە رافائیل گۆرێرۆ، کینجسیلی کۆمان، بۆنا سار، ساشا بۆی و تارق بۆخمان بێبەش دەبێت.

رەتیکردەوە لە یارییەکەی ئەمشەودا پشت بە تواناکانی تیبۆ کۆرتوا ببەستێت

هاوکات سەرەڕای چاکبوونەوەی لە پێکان، کارلۆ ئەنچیلۆتی رەتیکردەوە لە یارییەکەی ئەمشەودا پشت بە تواناکانی تیبۆ کۆرتوا ببەستێت و رایگەیاند، لە یارییەکەی ئەمشەویشدا لۆنین گۆڵپارێزی سەرەکیی یانەکەی دەبێت.

لە یاری چووندا کە لە یاریگای ئالیانز ئەرینای تایبەت بە یانەی بایرن میونشن بەڕێوەچوو، هەردوو یانە بە دوو گۆڵ یەکسان بوون، یارییەکەی ئەمشەو ناوی ئەو یانەیە ئاشکرا دەکات کە لە یاری کۆتایی رووبەڕووی دۆرتمۆند دەبێتەوە.

شایەنی باسە شەوی رابردوو یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر سەرکەوتنی بەسەر یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسیدا بەدەستهێنا، لە یاری چوونیشدا یانە ئەڵمانییەکە بە هەمان ئەنجام براوە بوو، بۆیە لە ئێستادا زەردپۆشەکان لە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا چاوەڕوانی براوەی نێوان ریاڵ مەدرید و بایرن میونشن دەکەن.

بڕیارە رۆژی 1ی حوزەیران، کاتژمێر 10ی شەو بە کاتی هەرێمی کوردستان، یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورپا لەسەر یاریگای وێمبڵی لە لەندەن ئەنجام بدرێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا