ئەنجومەنی وەزیران بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست تاوتوێ دەکات

کوردستان پێش 2 هەفتە

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست تاوتوێ دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، كۆدەبێتەوە و سێ بڕگە لە كۆبوونەوەكەدا تاووتوێ دەكات.

بڕگەی یەكەم تایبەتە بە خستنەڕووی دواپێشهاتەكانی بابەتی مووچە

باسی لەوەش کردووە، بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە تایبەتە بە خستنەڕووی دواپێشهاتەكانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەكان لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی و ئەنجامی دواكۆبوونەوەی شاندی تەكنیكیی هەردوولا لە ڕێكەوتی 27 ی نیسانی 2024 لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەكان و بەبانكیكردنی مووچەی هەرێم.

بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بڕگەی دووەمە

لەبارەی بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە، ئاماژە بەوە کراوە، بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان تاوتوێدەکرێت.

هەروەها، کابینەی حکومەتی هەرێم لە بڕگەی سێیەمدا، ڕاپۆرتی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەخاتەڕوو سەبارەت بە سەردانی شاندنی وەزارتەكەیان بۆ بەغدا، تایبەت بە بابەتەكانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران و بەگەڕخستنی پرۆژەكانی بەنداو و ئاودێری لە هەرێم و سوودوەرگرتنی جوتیاران لە دەرفەتەكانی خزمەتگوزارییە كشتوكاڵییەكان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا