سەعدی پیرە: سوتانی بازاڕەکان متمانەی لای کاسبکاران کەمکردووەتەوە

کوردستان پێش 2 هەفتە

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، بەردەوامی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکانی هەولێر، وایکردووە متمانەی کاسبکاران بە پاراستنی موڵک و سامانەکانیان کەمبێتەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێری کرد و ئاماژەی بەوەکرد، بازاڕی قەیسەری جگە لەوەی سەنتەرێكی بازرگانی و شوێنی بژێوی هەزاران كاسبكاری شارەكەیە، هاوكات بەشێكیشە لە كەلتور و كەلەپوری هەولێر، هەمیشە لە تەواوی جیهانەوە گەشتیاران كە سەردانی شارەکە دەکەن بەبێ سەردانیكردنی ئەو بازاڕە و شوێنە كەلتورییەكانی ناگەڕێنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بازاڕی قەیسەری بووەتە بەشێك لە مێژووی دانەبڕاوی هەولێر، پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان بەشێوەیەكی جدی هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە ئاشكرابكەن، هەروەها پێویستە بە زووترین كات قەرەبووی زیانلێكەوتووان بكرێتەوە.

سەعدی پیرە راشیگەیاند، پێویستە هەموو پێداویستی و خزمەتگوزارییەكان بۆ کاسبکارانی بازاڕەکە دابین بكرێت، لە بابەتی پاراستنی بازاڕەكە و كارەبا و سیستەمێكی كارای ئاگركوژێنەوە كە دلنیایی بداتە خاوەنكار و كاسبكارەكان.

وتەبێژی یەکێتی وتیشی:" نابێت جارێكی تر رووداوی لەم شێوەیە رووبداتەوە، بەمەش دەتواندرێت ئەو متمانەیە بگێڕدرێتەوە لە نێوان هاوڵاتییان و حكومەت، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە ئاسایشی موڵك و سەروەت و سامان و شوێنی كارەكانیان  ".

باسی لەوەشکرد، پێویستە پەلە بكرێت لە نۆژەنكردنەوەی ئەو بازارە، بۆ ئەوەی كاسبكاران بەر لە جەژنی قوربان دەستبكەنەوە بە كار و پیشەی رۆژانەیان، بەڵكو ئەو دەرفەتە لەدەست نەدەن كە ڕۆژانی پێش جەژن ڕۆژانی پڕ جولەی بازرگانییە .

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا