سزای بەندکردن بەسەر دەرهێنەرێکی ئێراندا سەپێندرا

هەمەرەنگ پێش 2 هەفتە

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

دادگای ئێران سزای بەندکردنی بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەسەر یەکێک لە دەرهێنەرە ناودارەکانی ئەو وڵاتەدا سەپاند.

 پێگەی ئێران ئینتەرناشناڵ بڵاویکردەوە:" دادگای ئێران سزای هەشت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر دەرهێنەری ناوداری وڵات محەمەد رەسولۆفدا سەپاند، جگە لەو سزایەش ناوبراو بە پێبژاردن و دەستبەسەردا گرتنی موڵک و ماڵەکەی سزادراوە".

هۆکاری سزاکەی دادگا بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی سینەماکارانە لەلایەن ناوبراو

لەوبارەیەوە بابەک پاکنیا پارێزەر ئاماژەی بەوەکردووە:" هۆکاری سزاکەی دادگا بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی سینەماکارانە لەلایەن ناوبراو و چەند سینەماکارێکی دیکەوە لەژێر ناونیشانی (چەکەکەت دابگرە) کە لەدوای رووخانی باڵەخانەی میترۆپۆل لە ئابادان کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان کەس، هەروەها بەرهەمهێنانی فیلم و دۆکیۆمێنتەری کە بە بۆچوونی دادگا، ئەم هەنگاوانە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی لە پشتەوەیە".

لە ساڵی 2022 باڵەخانەی میترۆپۆل لە ئابادان ئێران بەهۆی ناستانداردبوون و خراپی کوالێتی ئەو کەرەستانەی لە بیناکەدا بەکارهاتبوون رووخا.

بەهۆی رووداوەکەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا و دژی سزانەدانی کەسانی بەرپرس لەو رووداوەدا، خۆپیشاندانی بەرفراوان بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە ژمارەیەک شاری ئێران بەڕێوەچوو.

لە ساڵی 2022 دەستگیرکرا و پاش حەوت مانگ بەندکردنی ئازادکرا

رەسولۆف یەکێکە لەو کەسە دیارانەی بەردەوام رەخنەی لە دەسەڵاتی ئێران گرتووە و بەوهۆیەشەوە بەردەوام بانگهێشتی لێکۆڵینەوە کراوە، دوایینجاریش لە ساڵی 2022 دەستگیرکرا و پاش حەوت مانگ بەندکردنی ئازادکرا.

پێشتریش هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە، کە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە فشار لەو دەرهێنەرە کراوە بۆ ئەوەی دوایین بەرهەمی بە ناوی (تۆوی هەنجیری پیرۆز) لە فێستیڤاڵی کان بکشێنێتەوە کە توانیبووی بلیتی بەشداریکردن لەو فێستیڤاڵە بەدەستبهێنێت.

سەردانی هونەرمەند توماج ساڵحی کرد 

رەسولۆف یەکێک بوو لەو کەسانەی کە ساڵی رابردوو دوای ئازادکردنی، سەردانی هونەرمەند توماج ساڵحی کرد کە لەم دواییانەدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.

ناوبراو یەکێکیش بووە لەو کەسایەتییانەی کە پشتگیری خۆپیشاندانەکانی چەند ساڵی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی کردووە کە بەهۆی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە سەریانهەڵدابوو.

لە بەرهەمەکانیشیدا بەردەوام بەشێوەی ناراستەوخۆ رەخنەی لە دەسەڵاتداران گرتووە

بەناوبانگترین بەرهەمەکانی ناوبراو بریتین لە (بە ئومیدی دیدار، دەستنووسەکان ناسووتێن و شەیتان بوونی نییە) لە بەرهەمەکانیشیدا بەردەوام بەشێوەی ناراستەوخۆ رەخنەی لە دەسەڵاتداران گرتووە و توانیوشیویەتی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی وەک کان و بەرلین بەدەستبهێنێت.

نەیتوانی ئامادەی فێستیڤاڵەکە ببێت

هاوکات بەهۆی بەرهەمەکانییەوە چەندینجار لەکارکردن راگیراوە و نزیکەی 10 ساڵ پێش ئێستاش، بەهۆی فیلمی (بە ئومێدی دیدار) چوونە دەرەوەی لە وڵات لێ قەدەغەکرا و بەوهۆیەشەوە سەرەڕای ئەوەی فیلمەکە توانی ببێتە براوەی خەڵاتی (نیگایەکی تر) بۆ باشترین دەرهێنەر لە فێستیڤاڵی کان، ناوبراو نەیتوانی ئامادەی فێستیڤاڵەکە ببێت.



ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا