Alternate Text

دەنگەکەم دەچێتە گیرفانی کێیەوە؟

یەحیا بەرزنجی‌ 23/03/2021

بۆ دەبێت خۆت کاندیت بکەیت بۆ ئەوەی ببیتە ئەندامی پەرلەمان، سەیری ئاوێنەکە بکە چ توانایەکت تێدایە کە شیاوی ئەو پۆستە بیت لەیاساکان شارەزایت؟ لە بواری دارایی شارەزایت؟ لەگەمەی سیاسی و بەش بەشێنەی بودجە تێدەگەیت؟ لە چ بوارێک شارەزای تا ببیە ئەندام پەرلەمان. ئەندام پەرلەمان وگروپێکی دەست رۆشتویت، دەتوانی لەو ململانێ توندەی بەغداد بڕیار دەربێت، ئیدی چی بکەین، تۆ چارەنوسی دۆسێکانی هەرێم و عیڕاقت لەبەردەستە.

ئەگەر سەردەمێک بێت، دیوەخانی حیزبەکان و قائید الزەرورەت، رۆڵ نەگێڕن. ببینە خۆ چەند ساڵە وەک میلی کاتژمێر دەڕوات و دێت، لە بێ بەرهەمیدا هەر چوارساڵی خولی پەرلەمان زوو تەواو دەبن، پەرلەمانتاری زۆرم بینی، ئەوانەی مەکرەمەی حیزب دەیان گرێتەوەو ئەویش شاباشی خۆی داوەو دوای چوار ساڵ بەوە گەیشتووە کە ساڵەهایەک هەوڵی داوەو موچەی خانەنشینی و پاشناوی پەرلەمانتار بەدەست بێنێت. خۆ زۆریشمان بینی رۆژانە ببوە زوڕناژەنی میدیا و لەهەموو شت دەدوا، تەنانەت لەوانە تیایدایە رۆژ تا ئیوارە باسی خەمی گشتی دەکرد، کەچی نەیتوانیوە ژیانی کەسوکارەکەی کەمێک بگۆڕێت، دنیایەکی سەیرە، هێشتا هەڵپەی خولێکی ترێتی. خۆ ئەوانەشت بینیوە بە 4 ساڵی پەرلەمانتاری یەک موداخەلەشی لە پەرلەماندا نەکردووە.

جا ئەوانە نەبوونیان لەبوون باشتر نییە. ئەزیزان پەرلەمانی عێڕاق شوێنی شەڕێکی نەتەوەییە، شەڕی هەرێم و عەرەبێکی زۆرینەیە، کە نایەوێت ئەو هەرێمەی کە هەیە هەر بوونی بمێنێتەوە، ئەوە بەدەر لەوەی هەڕیمی کوردستان کۆمەڵێک مافیا ئاسا بەڕێوەی دەبەن، بەبێ ئەوەی یەک تۆز بیر لە ئایندەی بکەنەوە، وەک هەڵیان کوتابێتە سەر بانقێک و خێر وبێرەکەی دادۆشن، وەلێ هێشتا ژیانی خەڵکی هەرێمەکە بەندە بە زۆر بڕیاری داراییەوە کەلە بەغداوە دەدرێت، وێرای ئەوەی هەرێمەکە بونێکی رەزیلانەی سیاسی بۆماوەتەوە.

گرفتەکە لەوەدایە هەمووی هەڵپەی ئەو موچە چەورەیەتی کە هەموو عورفێکی مەنتقی موچە وەرگرتنی تێپەڕاندووە، دەنا پێویستە کەسانێک بچنە ئەو پۆستەوە کە هەرنەبێت عەرەبی زانێکی باش بن و لەبوارێکدا شارەزابن، ئاخر دکتۆرم بۆچییە لە پەرلەمان؟ شەڕی بودجەی پێ دەکرێت؟ لەفێڵی یاساکانی دەستوور دەگات؟ لەوێ نەخۆش چارەسەر دەکات، خودایە ئەو پارەیە بۆ چاوی شۆڕ کردوون. بیرمە وەک رۆژنامەوان ساتە وەختی دەستوور نوسینەوە بوو، لەئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشەیتدپرێس کارم دەکرد، لەکاتی ئەو ململانێ توندەدا، بێ لێدوانی کورد ستۆرییەکانیان رادەگرت، تا دەنگی ئەوانیشم وەردەگرت، چەندین عەرەبی زانی کورد لە پرۆسەی ئەو نوسینە بەشدار بوون کە زۆر جار رەنگە بە ئەلف لامێکی عەرەبی سیغە دەربڕینەکە گۆڕانی تیا بوبێت، چونکە زمانی عەرەبی بەلاغەتێکی سەیری تیایە، کەم کەس دەتوانێت درکی پێ بکات، ئێ پەرلەمانی عێڕاقیش شوێنی شەڕی یاساکان و دەسکەوتە، سەیرە تۆ عەرەبی نەزانیت و پێم بڵی، لەپەرلەمانی عێڕاق چ کارەیت؟. ئەم حیزبە کوردیانەش بەراستی لەم گەمەیەدا ئەوەندە لەخەمی سووک کردنی ئەو کارەدان، نیو ئەوەندە خەمی گەورەیان نییە، خولی پێشوو، چەندین پەرلەمانتارتان دیوە، بە خەڵکی نزیک لەدەسەڵات، یاخود رەخنەگری رژدی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان. دەزانن تواناو سەلیقەی ئەو کەسانەو دەرکەوتنێان لە لیژنەکانی پەرلەمان، بێ گوێ دانە بیر کردنەوەو بۆچونەکانیان، چۆن بووە. ئەڵبەتە لە دنیادا پەرلەمانتاری وڵاتان بۆ چەند خول بەشدارە بۆ وەرگرتنی شارەزایی و قاڵ بوون لەو کارەدا، بەڵام ئەوەش پێودانگی خۆی هەیە، شارەزایی و توانای ئەو کەسەو سەلیقەی کارکردنی، نەک لە پەرلەمان ببیتە دەنگ فرۆش و بەدوای درهەم ودۆلارەوە بیت. دەنا لەوانەی خۆیان هەڵبژاردووەتەوە تاکو تەرایەکی تیایە کە زەرورەتە دەربچێتەوە، چونکە تا شارەزایەکی وا دروست دەکەیتەوە چەند خولێکی تری دەوێت. بەڵام ئێستا راو سەرنجەکان بەلای ئەوەدا زیاتر چووە، زیاتر هەوڵدانە بۆ وەرگرتنی ئەو دەسکەوتە مادیانەی ئەو پۆستە هەڵیڕشتووە، نەوەکو ئەوەی چی کردووە و لەم خولەشدا گەر بژارە بکرێتەوە چی دەتوانێت بکات.

حیزبەکانی دەسەڵاتیش روونە هۆکاری ئەوەی کە نایانەوێت دەستەیەکی باشی خاوەن بڕیار بنێرنە پەرلەمانەوە، ئێستاش دەیانەوێت شەڕی بودجەو کێشەکانی نێوان هەرێم وبەغداد لە ڕێگای سەری رەشو قەڵاچوالانەوە چارەسەر بکەن، بەواتایەکی دی، حیزبی دیوەخانی و سەرکردەی ناسیاسی ناخوازێت دامەزراوە هەبێت و دەستورو یاساکان هەموو گرفتەکان یەکلا بکاتەوەو قائیدی زەرورەت نەمێنێت. لەمەکتەب سیاسییەکی پارتی لەسەر وەختێک کە فوئاد مەعسوم ئەندام پەرلەمان بوو، وتی هەوڵمان داوە وەک پارتیش دەربچێت؟

کەسی وەک ئەو عەرەبی زان و وورد، زەرورەتە لەوێ بێت، ئەڵبەتە دەزانم ململانێی نێوان حیزب هەموو شتێکی کوشتووە، تەنانەت بیرکردنەوەکانیان لە مل شکاندنی یەکتری و کردنی خەڵک بە موهەریچ و خۆشیان لە لوتکەی دەسەڵاتدا تەماشاکەرێکی بێ مانا هیچی تری تیا نەماوەتەوە. دەنگدەری کوردیش دەنگدەرێکی نەگبەتە، مافێکی هەیە نازانێت چۆن بەکاری بێنێت، ساڵانێکە دەنگدەداو گیرفانی کۆمەڵیک پڕ دەکاو گۆڕانکارییەکیش بوبێت ئەوی نەگرتووەتەوە، بەردەوام لە هەڵبژاردن دەکەوێتە ئەو مەعمەعەیەوە بچێت بۆ دەنگدان یان نەچیت، قیروسیا بکاو دەنگەکەی خۆی بدات، ئیدی جگە لەوەی رۆژانە دەکەوێتە بەر بەرداشی خەڵکی حیزبی و نەتەوەچێتی پێ دەفرۆشێتەوە. دەنگی هەزاران پێداویستی تایبەت وکاسبی ناوبازاڕو گەنجان و خەڵکی هەژاری ئەو هەرێمە لەحیزب وسەرکردەکان بە مروەت ترن. هەرچەندە ئەگەر رۆژێک ساختەکاری نەمێنێت، دەنگ بەهاو حورمەتی خۆی هەبێت، دەنگدەر دەتوانێت سزا دەر بێت، چوون و بەشداری لەو پرۆسەیە ماهییەتێکی هەبێت، بەڵام کەی ئەو دۆخە دێت، نەمرین ئەو رۆژەش دەبینین.