Alternate Text

ئێران یارییەكە لە سەدر تێك دەدات؟

هونەر حەمەڕەشید‌ 23/03/2021

موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر بە دۆخێكی دژوار تێدەپەرێت، دوای ئەوەی كوتلەكەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوو.
رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچوو، كە بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن، تەیاری سەدری بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر 73 كورسی پەرلەمانی بردووەتەوەو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەیە.
لەبەرانبەر سەدر كۆمەڵێك حیزبی تری شیعی هەبوون، كە دوای دەركەوتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن وا وێناكرا ئەو كوتلانە یارییەكەیان دۆڕاندووەو سەدر بەڕەكەی لەژێرپێ‌ دەرهێناون.
ئەو كوتلانە بریتی بوون لەو كوتلانەی لەلایەنی ئێرانی نزیكن، كە بە درێژایی ساڵانی رابردوو لەدەسەڵاتدا بوون‌و دەسەڵاتی تارانیش بەتەواوی پشتگیریكردوون.
ئەو وێنەیەی وا نیشانیدا، كە سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەوەو كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو بەخواستی ئەو دەبێت، زۆری نەخایاندو ئێستا بەهۆی هەوڵەكانی ئێرانەوە، خەریكە ئەنجامی یارییەكە بەدژی سەدر پێچەوانە دەكرێتەوەو رەنگە بیگەنن بەدۆخێك، هەر ببێتە كوتلەیەكی ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمانی عێراق.
ئەو لایەنە شیعییانەی لەئێرانەوە نزیكین بریتین لە “حزب الدعوە”، كە سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح، كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات.
ئێستا ئەو كوتلانە بەپشتگیری تاران هەوڵەكانیان بەتەواوی چڕكردووەتەوە، بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەكی گەورە پێكبهێنن‌و كاندیدی ئەوان رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، نەك ئەوەی سەدر وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بیری لێدەكاتەوە‌.
هەریەكە لەكوتلەكانی مالیكی‌و عامری لەلایەن "حزب الله العراقی" و "عصائب أهل الحق" پشتگیری دەكرێن، كە ئەوانیش خاوەنی چەند كورسییەكی پەرلەمانین.
لایەنی بەهێزی ئەو كوتلانە ئەوەیە، زۆرینەیان خاوەنی هێزی چەكداری تایبەت بەخۆیانن، ئەوە جگە لەپشتگیرییەكانی ئێران بۆیان، كە ئەوانە هۆكاری بەهێزن بۆ ئەوەی لەداهاتوو دەسەڵات بگرنەوە دەست.
كاندیدی بەهێزی ئەو كوتلانەش بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، نوری مالیكییە، كە ئەویش لەلایەن ئێرانەوە بەتەواوی پشتگیری دەكرێت بۆ ئەوەی لەخولی داهاتوو پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت.
مالیكی‌و هاوپەیمانەكانی ئێستا كار دەكەن بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر لایەنە سوننی‌و كوردییەكانی تری پەرلەمانی عێراق دابنێن، بۆ ئەوەی پشتگیری هاوپەیمانییەكەیان بكەن، تا كاندیدەكەیان دەنگی زۆرینەی پەرلەمانیی بەدەستبهێنێت‌و ببێتە سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق.
ئەم هەوڵانەش نەبووەتە هۆی ئەوەی سەدر بە تەواوی بێ‌ هیوا بێت لەدەستخستنی پۆستی سەرۆك وەزیران‌و ئەوانیش لای خۆیانەوە لەهەوڵدان، تا هاوپەیمانی گەورەی پەرلەمانی بە پشتگیری كوتلەكانی تر بەتایبەتی سوننەو كوردەكان پێكبهێنن.
گەورەترین براوەی سوننەكان، كوتلەكەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە، كە خاوەنی 37 كورسی پەرلەمانییە، گەورەترین كوتلەی كوردیش پارتی دیموكراتە، كە خاوەنی 33 كورسی پەرلەمانییە.
ئەم دوو لایەنەو چەند لایەنێكی تری وەك یەكێتی نیشتمانی بە 17 كورسی‌و هاوپەیمانییەكەی خەمیس خەنجەر بە 12 كورسی كاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر یەكلاكردنەوەی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی‌و كۆتایی هێنان بەو ململانێی ئێستا دروست بووە.
بەڵام تائێستا ئەو لایەنانە لەنێوان ئەو دوو بەرەی لایەنە شیعەكان خۆیان یەكلانەكردووەتەوە، بۆیە وێنەكە بەتەواوی روون نییەو نازانرێت كێ‌ دەبێتە براوەی ئەو یارییەی چەند رۆژێكە دەستیپێكردووە.
لەگەڵ ئەوەش هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، لایەنە شیعییەكانی نزیك لەئێران چانسی زیاتریان دەبێت، بەو پێیەی تاران پشتگیرییان دەكات‌و دەشتوانێت بڕیاری لایەنە سوننی‌و كوردییەكانیش لە بەرژەوەندی هەوڵەكەی خۆی بگۆڕێت.