Alternate Text

خوێكە بۆگەنی كردووە!

هونەر حەمەڕەشید‌ 23/03/2021

لەكوردەواری خۆمان قسەیەك هەیە دەڵێت: ئەگەر پێستەكە بۆگەنی كرد خوێی تێدەكرێت، ئەی ئەگەر خوێكە خۆی بۆگەن بكات چی؟
ئەو پەندە كوردییە، رێك بۆ ئەو دۆخە و ئەو كەسانە دێتەوە، كە دروشمی قەبە قەبەیان بۆ پاڵپشتی لە رۆژنامەنووسان‌ و ئازادی رۆژنامەنووسی بەرزكردووەتەوە و سەنتەر و سەندیكایان بەناوی رۆژنامەنووسانەوە لەهەرێمی كوردستان كردووەتەوە.
ئەوانە كۆمەڵێك كەسی بەرژەوەندی خوازن‌ و بۆگەنیان كردووە، چونكە بەناوی پاڵپشتی لە رۆژنامەنووسان‌ و ئازادی رۆژنامەنووسان، رۆژانە دەیان كاری خراپ دەكەن‌ و خەریكی مامەڵەی ژێر بەژێرن بەناوی رۆژنامەنووسان‌ و ئازادی رادەربڕین.
ئەوەی ئێستا جێگەی دڵخۆشییە وردە وردە، خەریكە دەمامیكی ئەو كەسانە لادەدرێت‌ و دەموچاوە بۆگەنییەكەیان دەردەكەوێت.
پێویستە ئەو هەڵمەتە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی چیتر كۆمەڵێك كەسی بەرژەوەندیخواز بەناوی رۆژنامەنووسانەوە، خەریكی خۆ دەوڵەمەندكردن نەبن‌ و رێگرییان لێبكرێت، چونكە رۆژنامەنووسی پیشەیەكی پیرۆز و چاكە لەزۆربەی وڵاتان، بەڵام بەداخەوە لای ئێمە بووەتە كارێكی بێزراو، ئەویش بەهۆی ئەو كەسانەوە.
ئاخر ناكرێت چەندین رۆژنامەنووس لەزیندان بن، رۆژانە پێشیلكاری بەرانبەر دەیان رۆژنامەنووس بكرێت، تۆ هەر خەریكی كۆبوونەوەی خۆت بیت، لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی چاوی بەئازادی‌ و رۆژنانووس هەڵنایەت.
ناكرێت، تۆ چەند كەسێك لەخۆت كۆبكەیتەوە و چی لەبەرژەوەندی خۆت‌ و دەوروبەرەكەت بێت، ئەوە بكەیت‌ و گوێ‌ بەوە نەدەیت چی بەرانبەر رۆژنامەنووسان دەكرێت.
چیتر نابێت ئەم دۆخە بەردەوام بێت‌و دەبێت كۆمەڵێك رۆژنامەنووسی ئازاو ئازاد، كار بۆ دروستكردنی گروپێكی چالاك بكەن‌ و رۆژنامەنووسان لەژێر سایەی ئەو گروپە كۆبكەنەوە و ئەو گروپەش كار بۆ بەرژەوەندی رۆژنامەنووسان بكات، بەهەموو جیاوازییەكانیانەوە.