Alternate Text

بەهادین و گۆتاری بەعسیزم لەبیلا ڕوسیا

زمناکۆ ئیسماعیل‌ 23/03/2021

پاش ئەوەی دوێنێ ڤیدیۆیەکی بەهائەدینی سەرای ئازادی، لەئەکاونت و پەیجەکەم بڵاو کردەوە، هەندێک هاوڕێ رەخنەی ئەوەیان لێگرتم، کە بۆ بە دوو ئاراستەی جیاواز باسم لەو ڤیدیۆیە کردووە.

یەکەم ئاراستە: باس لەوە دەکەم کە بەهائەدین و خەڵکی وەک ئەوان دەتوانن، پەیامی پڕ نەهامەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بگەیەنن بەدەرەوەی ووڵات و لەهەمانکاتدا گۆتاری هەبوونی دەسەڵاتی ستەمکاری، بۆ دەرەوەی ئەم هەرێمە، بەڵاڤ بکەن، بەڵام ئەم کردیە، لەبەردەم دەسەڵاتێکی دیموکراتدا دەبێت نەک دیکتاتۆر.

دووهەم ئاراستە: باسم لەوە کرد کە بەهائەدین کەتوۆتە هەڵەوە، بەتایبەت کە دەڵیت "سەددام وەک باوک بووە بۆمان"، لەڕاستیدا ئەوە کفری سیاسی و نەتەوەییە بەهائەدین دەیکات، ناکرێ و نابێت لەخەڵکێک قەبوڵ بکەین، کە صدامی دیکتاتۆر، وەک باوک بسەپێنێت بەسەر نەتەوەیەکدا کە ئەنفال و کیمیا بارانی کردووە، ناکرێ و نابێت گۆتاری بەعسزم لەم جۆرە کەسانە قەبوڵ بکەین، ئەوەتا پەڕڵەمانی فەرەنسا دەڵێت " لە ١٩٧٤ هەتا ئێستا، ٤٠٠ هەزار کورد لەعێراق، بەدەستی رژێمەکانی ئەو ووڵاتە تیاچووە، چی باوکێک ئەمە لەنەتەوەکەی خۆی دەکات، هەرچۆن لەدەسەڵاتدارانی هەرێمی قەبوڵناکەین، نەهامەتی و ناخۆشی بەسەر ئەم گەلەدا بهێنن و بسەپێنن، ئاوهاش لەهاووڵاتی و هاونیشتیمانیان قەبوڵکراو نییە، کە دابنیشن بەناوی کوردەوە، دیکتاتۆرێکی خوێن مژ، بەباوکی ئێمە بچوێنن، دەبێ و دەکرێت، دەزگا پەیوەندیدارەکان بەم بابەتە، پەرچە کرداریان هەبێت، چونکە ئەگەر ئەم جۆرە نەخۆشییە رانەگیرێت، مەبەست لەنەخۆشی سەپاندنی بیرو گۆتاری بەعسیزمە بەسەر ئەم گەلە، ئەوا وەک ڤایرۆس بەنێو جەستەماندا دێت و دەچێت، دەرئەنجام بەتەنیشت دەسەڵاتی ستەمکاری کوردییەوە، هاووڵاتییانی شوێنکەوتەی بەعس و هەڵگری ئەو بۆچونە دروست دەبێت.

وەک تێبینی: بەهائەدینم بەو گۆتارانەی سەرای ئازادییەوە وەک هاوڕێیەکی ئازیز قەبوڵە و ئێستاش بەهاوڕێ و ئازیزی خۆمی دەزانم، بەڵام دەبێت لەسەر ئەو گۆتارەی کە لەبەردەم سەرۆکی بیلاڕووسیا دەڵێت "صدام وەک باوک و برامان وابووە بۆمان"، داوای لێبوردن لەم گەلە بکات، چونکە ئەگەر نەیکات، ئەوا کێشەی یاسایی بۆ خۆی دروست دەکات و منیش وەک بەرگریکارێک لەدۆزی رەوایی ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدی گەلەکەمان، ئەم جۆرە کەسانەم قەبوڵ نییە.