Alternate Text

چیرۆکی ئەو ڕۆژەی دەبوو بمرم

زمناکۆ ئیسماعیل‌ 23/03/2021

١٩ ئۆگەست رۆژی فۆتۆ و فۆتۆگرافەرە لەجیهان، ئەی بۆ پیرۆزبایمان لێناکەن؟!

چیرۆکی ئەو ڕۆژەی دەبوو بمرم، بەڵام خوای گەورە رۆژی تەواو نەکردبووم، دیارە هەڵیگرتوم بۆ ئەمڕۆ، کە دەتوانم ٨ ساڵ پاش ئەو ڕۆژگارە، چیرۆکەکانی ڕووداوێکی گەورەیی مێژوویی، بەسەرهاتی ئەنفالێکی دیکەی کورد، بە وێنە وەک بەڵگەیەکی زیندوو بۆ ئێوە بنوسمەوە، هەرچەندە هەواڵ و گۆزارشت (ڕاپۆڕت) و بەڵگەفیلمی درێژ و کورتە بەڵگە فیلم (فیچەر)م لەسەر ئەو ڕووداوە دروستکردووەو لەکاتی خۆیدا نمایشمکردووە، بەڵام باسی ئەمڕۆمان فۆتۆیە، کە هەتا ئەم ساتەش وێنەی ئەو ڕۆژگارە و ئەو ئەنفالە و ئەو کۆڕەوەی کورد و ئێزیدییەکانم، لەتەواوی جیهان نمایش دەکرێت.

هەر بەو بۆنەیەوە دەمەوێت پێتان بڵێم، زیاتر لە ساڵێکە لە ٤ ئۆگەستی ٢٠٢١ بۆ ئێستا لەگەڕ ڕێکخراوێکی داکۆکیکار لەسەر کەیسی ئەنفالی ئیزیدییەکان، بووم بەئەندام، بە وێنە و بەڵگەی دیۆکیۆمێنتی، کە ئەو رێکخراوە لە ٧٥ ووڵاتی نزیک بە ١٠٠ وێنە نمایش دەکات، وێنەکانی ئەو رۆژگارەی کە ئیشی ئێزیدییەکانم کرد بەبەڵگەو هەتا ئەمڕۆ زیندوێتی رۆژگارێکی پڕ ئازاری کورد دەگێڕنەوە، ئەگەر ئەو مێژووەو ئەو ڕۆژە، سەر ئەو دوو تەنییە نەکەوتمایە، لە دامێنی چیایی شەنگال نەگەڕامایەتەوە بۆ ناوچە ئارامەکانی ژێر دەستی شەڕڤانان و رۆژئاوایی کوردستان ، ئێستا گۆڕ وونبووم یاخود مردبووم، چونکە کاروانی دوایی ئێمە، بەهۆی بۆمبی دوور هاوێژی کوێرانەی داعش کرایە ئامانج و نزیک بە ١٣ کەس کوژران، بەو هۆیەوە سەر لەچەند پیادە ڕەوێکی پاش ئێمە شێواو بەهۆی هەڵە ڕۆیشتنیانەوە کەوتبوونە دەست داعش، ئەمەش پاش چەند ساڵێک لەدەمی یەکێک لە کچە ئێزیدییەکان ئەم چیرۆکەم زانی کە کاروانی پاش ئێمە بوون.

من بەخت یاوەرمبوو، قەدەری پەروەردگار کردمی بە گەواهیدەدەرێکی زیندوو بۆ ئەمڕۆو بۆ مێژووییەکی دوورو نزیک، ئەمڕۆش لەبەردەم ئێوەم و بۆ ئەمڕۆژە کە رۆژی فۆتۆو فۆتۆگرافەرە لەجیهان، لای من وەک میدیاکارێک کە لەزۆربەی بەشەکانی میدیا وەک هەواڵنێردەو پەیامنێردە و گۆزارشتکار (ڕیپۆرتەر) و گۆتارنوس و ڕەخنەکار و فۆتۆگرافەری رۆژنامەوانی و بەڵگەفیلمکاری بچووک (فیچەر) کارمکردووە، فۆتۆ لەهەموویان گەورەتر و پڕ هێزترە، چونکە بنەمای دروستکردن و تێگەیاندنی بەراوبەرەکەیەتی لەسەر ڕووداوو بەسەرهاتەکان.

وێنەکەش: ١٢ ئۆگەستی ٢٠١٤ نێوان شەنگال و رۆژئاوای کوردستان.