Alternate Text

کارگەی بەرهەمهێنانی شەکر بوو، بەر لە جەنگ..

هه‌وراز محه‌مه‌د‌ 23/03/2021

تەپە تەپ و گرم و هوڕێکی زۆر بەهێز، خانە و ماڵمانی هێنابوە حاڵی جاو، لەرزینی زەویەکە و بەسەر یەکدا کەوتنی شمەکەکانی ماڵەکەم خۆمی لێکردمە گورگە بۆری ناو حیکایەتی (گورگ و بزن) و پڕ بە گەرووم هاوارم دەکرد، ئەوە کێیە تەپە تەپ ئەکا؟ کاسەو کەوچکم پڕ لە خۆڵ ئەکا؟ کەس وەڵامی نەدەدامەوە و منیش لە تێکچونی خانوەکەمان زیاتر خەمی ئەو پارچە چەوەندەرە بووم، کە لە حەوشەی کارگەکەوە بەخۆم و یانزە برادەرم بەسنگەخشێ و دوای ماندوو بوون و خۆپاراستن لە پاتەی لاسیکی جوتیارە دێهاتیەکان و جزمەی کرێکارە مەچەک ئەستورە شارییەکان، خۆمان گەیاندە کەلوی دەرچەی رێڕەومان بۆ ماڵە نازدارەکەمان لە ژێر زەوی. تازە رستێک بێچوی زەردی چاوخڕمان لە گەراکانیان تروکابوون و تەماشای ئێمەیان دەکرد و فێر دەبوون چۆن بەهەرەوەزی بەرهەم بۆ زستان دەخەین.. لێتان ناشارمەوە لە کەلویەکی ئەولامانەوە ماوەیەکە هاتوون و رەنگیان رەشە و بۆنێکی سەیریان لێدێت، سەریان رەقە و چاویان تیژترە، بەبارەوە هاتوون، بەزمان و قسەکردنیانا بێت گەرمیانین، سەر ڕاستن و میهرەبانن، بەڵام توند و توڕەن و خوایان نیە لە گازگرتنا.. ئەو رۆژە گوێم لێبوو یەکێکیان بە گەنجێکی ئێمەی دەگوت؛ خوا قەزا، ئێژم ئێوە هەر وا سەلارن؟ بەپەلەپیتکە فڕێتان دەدەن و ناشگەزن؟ قەسەم وەزاتی خوا من ئەوەنەی جێ دەمێ گۆشتم دەستکەوێ وای دەگەزم سوور بێتەوە.. ئەوان هەموو شتێک بۆ زستان هەڵدەگرن، ئەو رۆژە یەکێکیان پێی وتم، رەزالەتمان زۆر دیوە، دەربەدەری و برسێتی زۆرمان چەشتوە، هەرچیمان دەستکەوێ بۆ زستان هەڵیدەگرین..
ئەم دەنگی تەپە تەپ و گرم و هوڕە، خستمیەوە بیری چی ئیلاهی! ببورن من بیرم نەبوو سەرەتا خۆمتان پێ بناسێنم، من ناوم نیە، مێروولەیەکی رەنگ سورم، رەنگە خوا وەک موعجیزەیەک منی بۆ ئەم گێڕانەوەیە خولقاندبێت، یان هەڵەیەک لە گەشە و ئیڤلوشنی توخمەکەمدا روویدابێت و وای کردوە زۆرتر بژیم لەوەی تا ئێستا هەم، ئاخر مێروولەکان حەوت تا دەساڵ دەژین، کەچی من وا تەمەنم ئەگاتە سەد ساڵ، سەرەتا ئەوەندەی بیرم بێ لە ژێرخانەکەی ماڵی حاجی مەجیە خڕەیا کەندوویەک هەبوو بۆ پاراستنی دانەوێڵە و ئارد، من لەدرزێکی ئەو کەندوەیا لە گەرایەکی خڕی سپیەوە هاتمە بوون، لە نۆدێ.. ڕێک دوا ساڵی شەڕەکەی سەفربەلک، هێشتا ئاگری شەڕ و فەقیری و نەگبەتی بەرۆکی خەڵکی بەرنەدابوو، منیش گەنج بووم و یەکەم ژووانم لە بەرچنەیەک ترێی کشمیشیا دانا، من و یارم هێشتا سەرمان بەسەری یەکەوە بوو، وەختێ ئاوڕماندایەوە لە سەر پشتی گوێدرێژێکین و بۆ دوور دەڕۆین، سەرەتا ترساین و دواییش وەک سەرکێشی چێژمان لەسەفەری ئەبەدیمان دەبینی.. شارمان دی، ئەسپ و عەرەبانە و بازاڕمان دی، قەیسەری و دوکان و قەرەباڵغیمان دی، کۆڵان و ئەفەندی و حەسحەسمان دی.. حاجی مەجیە خڕە ئێمە و ترێ و گوێدرێژەکەی لە حەوشەی مزگەوتی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ بەستەوە و دوای کەمێک گەڕایەوە و لەبەر خۆیەوە دوعای دەخوێند و داوای لەرۆحی شێخ مارف دەکرد لای خوا شەفاعەت بۆ ئەو میللەتە بکا لەوە رسواتر نەبن بەدەست جەبری زەمانەوە.. بۆ نیوەڕۆ لەماڵی حاجی فەرەجی دێوانە لە مەڵکەندی تیکەیەکی خوارد و نیەتی گەڕانەوەی هێنا، پاش مشتومڕێکی کورت من و یارم بڕیارماندا ئێمە دابەزین و ببین بە دوو مێرووی شاری، لە درزێکی قەراغ دەرگا پیرۆزەییەکەی بەینی کەلەگی و هەیوانەکەیا چوینە ناو دونیای تاریکی شارێکی نوێ..
دیسان تەپە تەپ و گرم و هوڕە و من لە خەمی ئەوەیام لانەمان لێ بشێوێ، تەیارەکانی حولەفان و بۆمبارانی خانووە قوڕەکان دەکەن.. یەکەمین خەسارەتی ژیان فریشک کەوتنی یارەکەم بوو بەهۆی دەنگی ناپاڵمەکانەوە، خۆم و نەوەکانم پرسەیەکی شایستەمان بۆ گێڕاو لەو دەمەوە من تەنهام و ئیتر دوای سپی بوونی تاڵەکانی سەر و ڕیشم و نەمردنم بوو بە بەڵا بۆ خۆم و بوو بە ئەفسانەی مێروولەکانی شار، لەو کاتەوە تەپەتەپ و گرم و هوڕی شەڕ و بۆمبا و خومپارەکان یاداشت دەکەم.. ریشەمان فراوانبوو، نەوەکانم بەشاردا بڵاو بوونەوە، لە هەر جێیەک زۆر ببوینایە وەک نیشانەی نەحس و ئاماژەیەک بۆ بارکردن دەبینراین، هەر کات نەوەکانم زۆر ببینرانایە خاوەن ماڵ دەیوت کاتی کۆچوبارمان هاتوە، من سەرەتا ئەم هەستەم پێ ناخۆش بوو، کە خەڵک لەسەر ئێمە بۆی دروست ببوو، دواتر تێگەیشتم هەر لەسەرەتاوە من خۆم رەمزی بەجێهێشتنم و هەر لەیەکەم بارگە خستمەوە بە کۆچ دەستم پێکردوە.. لەوەتەی ئێمە پەیا بووین لەم شارەیا شار بۆتە شاری سەفەر و بەجێهێشتن..
رۆژێک موشێی عەتار لە قەیسەری نەقیب بە باپیرە خایمی گوتبوو، جۆرە مێروولەیەکی سوور لەپڕ لە ماڵەکانمان لە جولەکان زۆر زیادی کردوە، باپیرە خایم پێی وتبوو، بێ ئامان و بێ ئافات! کۆچێکمان لەڕێیە کۆچی رێی هات و نەهاتمانە!
من شاهیدی نوسینی یەکەم بەیانی خۆییبوون و حیزبی هیوام، بۆ بردنی لەتێ شەکر ریزمان بەستبوو.. لەم شارەیا دانەوێڵەم لە ماڵی موسەقەفە سمێڵ پێنج فلسیەکانەوە کۆ کردۆتەوە کە دژایەتی ئینگلیزیان بە هێشتنەوەی سمێڵی هێتلەری دەزانی تا ماڵی ئەو شێخە پەڕۆیانەی شەوانیان سور و خۆیان بە نەوەی پێغەمبەر دەزانی..
ئەو رۆژەی ڕاپەڕینەکەی بەر دەرکی سەرا روویدا و عەولە سیس وتاری تیا خوێندەوە و دوایی قڵیشایەوە ئێمە زۆرترین قوربانیمان دا، لەژێر پێی موزاهەرەچی و لەشکری حکومەتەوە، دەستەیەک لەمێروولە کچەکانمان لە خوێنی ئەختەرا گەوزان و خنکان.. با بیرم نەچێ لەو کاتەوە هەر لەم بەردەرکی سەرایە ئێمە هەزاران شەهیدمان داوە و کەس خۆی لێ نەکردوین بە خاوەن، بەیانی یانزەی ئازار ئەم گۆڕەپانە جمەی دەهات و ڕێ بەر ڕێدار نەدەکەوت، بەهەڵپەڕکێ و لەژێر پێی پانی بەرز و پاتە و کڵاشا هەزاران لە نەوەکانم فلیقانەوە.. لەڕاپەڕینا لەژێر پێی پێشمەرگە و جوندیە راکردوەکانا، لە بەزمی شەڕە پەڕۆوە تا حەڤەی شوبات.. بەس هیچ شتێک بەقەدەر ئەو گازە کیمیاویە سپیەی پێی ئەڵێن فرمێسکڕێژ ئێمەی ئازار نەداوە..
رۆژێکی بەهاری ساڵی شەست و نۆ لە ئیزاعەوە گوێم لێبوو لە شارەکەیا کارگەی شەکر دروست دەکەن، ئەوە خۆشترین هەواڵی ژیانم بوو.. بەرلەوەی خەندەق لێبەن دەستەیەک لە خێزانە تازەکانی نەوەکانم هەڵپێچا بۆ هەواری نوێ لە خوار چەمەکەی قلیاسان، کە ئێستا بۆتە مەزرەعەی مار و موور.. لە ماوەی ساڵێکا دەستکرا بە خەندەق لێدان و کارگەکە دەستکرا بە دروستکردنی.
سەرەتا ئەو ناوچەیەی بۆ کارگەکە دانرا چوارسەد و بیست و شەش دۆنم بوو، من خۆم گوێم لە موهەندیسەکان بوە دەیانوت رۆژانە دەبێ سێ سەد تەن شەکر پوختە بکرێ، لە کارگەکەیا پێنج سەد کرێکار و سێ هەزار جوتیار سودمەند دەبوون.. ئێمە لە ماوەیەکی کەمدا لەو ناوە بووینە هەزاران و لەگەڵ هەر بارێکی چەوەندەردا لە گوند و ناوچەکانەوە مێرووی زۆرتر دەهاتن و بنە و بارگەیان لەو گوێ چەم و گۆڕەپانە دەخست و کەسمان لە کەسمان نەدەکەوتین..
نەگبەتی هەرە گەورە رۆژێک دوای هێنانە ژوورەوەی ئەو پارچە چەوەندەرەبوو کە خۆم و یانزە هاوڕێم بۆ ناو کەلوەکەمان رامانکێشا.. گرم و هوڕ و تەپەتەپێکی بێ شومار و لەپڕ دەنگی ناپاڵم.. ئێران کارگەکەی بە ئامانجگرتبوو چەند ناپاڵمێکی عەمامە بەسەریان پێوەنا و کارگەکەیان لەکار خست! لەو کاتەوە شوێنەکە بووە کەلاوە و ساڵانی هەشت ساڵەی جەنگی عیراق و ئێران چاکنەکرایەوە و لە دوای راپەڕینیشەوە ئەوەندەی تاڵانکردنی پارچەکان مایەی سەرنج بوون،پوختەکردنی شەکر گرنگ نەبوو.. داروپەردووی رووخاوی کارگەکەش وێنەی جیهانی دوای جەنگی دەنواندەوە، ئەو ساڵانە زۆرینەی توخم و جۆرەکانی مێروو ناوچەکەیان بەرەو شوێنانی تر گواستەوە، من نەبێت وەک رۆحی نائارامی قەرارگرتووی ناو تاریکی و وێرانە، رۆژانە بەوناوەدا دەهاتم و دەچووم، یەک دوو ساڵ بەر لەمڕۆ کۆمەڵێ کچ و کوڕی گەنج هاتن لێرە خەریکی ئیشبوون، نازانم بەڕێکی کێ بوون و چیان دەکرد بەڵام ئەوەندەی سەرنجمدا لەوە دەچوو سەرقاڵی فیلم دروستکردن بن، لە دڵی خۆما وتم قەت بەشەر بیر لەوە دەکاتەوە جارێک فیلم لەسەر خۆی دروست نەکا و خەیاڵی بچێ بۆ دنیای تر؟ یان لەچاوی ئێمەوە دنیا ببینێت؟ لەدوورەوە یەکتریان بانگ دەکرد و ئەوەی کامێراکە وێنەی دەگرت، لەبەرچاوی چەند کەسێکی تر دەبینرایەوە لەڕێی شاشەیەکەوە. منیش لەدوورەوە سەیرم دەکرد، هیچ تێ نەدەگەیشتم باسی چی دەکەن، چونکە باسی هەرچی بووبێت باسی ژیان نەبوو، تەنانەت باسی چیرۆکەکانی ئێرەش نەبوو! وابزانم ریکلامبوو بۆ شەیتان..
نەوەکانم و دۆستەکانم دەستە دەستە چۆڵیان دەکرد، رۆژانە ماشێنە شەکرسازە لەکارکەوتوەکانیان لەدڵی باڵەخانەکان دەردەهێنان و پارچە پارچەیان دەکرد و دەیانبرد بۆ نازانم کوێ، گوایە دەیتوێننەوە و دەیکەن بەشیش بۆ ئەو باڵەخانە بەرزانەی لەسەر خاکی کارگەکە رۆژانە دروست دەکران و سەریان دەچووە ناو هەورەکان، رۆژ بەرۆژ زەویەکە بچوکدەبۆوە و ئاسەواری هیچ شیرینیەک، خوڕەی هیچ ئاوێک، دەنگی هیچ دۆستێک لەوناوە نەدەبیسترا.. منیش تەنیا و تەنیا لەو ناوە مامەوە، رۆژێک بەم دەردی پیریەمەوە بڕیارمدا هەناسەی سەرزەوی هەڵنەمژم و بە دەرچەی کەلوەکەماندا کەرۆژانێک جمەی دەهات لەو مێروولە سورانەی بەدەم گۆرانی وتنەوە شەکر و چەوەندەر و هەموو شتێکیان بۆ خەزێنەکە دەبرد، رۆچوومە خوار..
بڕیارمدا تەنیا و تەنیا لەو ژێرەوە بمێنمەوە.. تەپە تەپ و گرم و هوڕ دیسانەوە دەستی پێکردەوە، ئەمجارەیان لە هەموو جارێک زیاتر و بەهێزتر، منیش بێ باک لە هەموو شتێک. بڕیارمدا بوو، خانەبەسەرما بڕوخێ حەقم نەبێ، راستیەکەی منی موعجیزەی بەد جگە لە حەزی نەمان شتێکی تر لەسەرما نەمابوو.. خانە تێکدرا و دەمی شۆفڵی گەورە گەورە هەناوی خاکی هەڵدەکەند، ماڵی ئێمە و هەزاران زیندەوەری تری تێک دەدا:
من چیم ئەویست لە نیشتمان
جگە لەوەی کە نانێک و
کە کونجێکی دڵنیایی و
گیرفانێکی بە حورمەت و
مشتێ هەتاوی ئارام و
بارانێکی خۆشەویستی و
پەنجەرەیەکی کراوەی سەر ئازادی و
عەشقم باتێ و نەیدامێ!
ئەم شیعرەی شاعیرەکەی شاری شەکرم بەدەنگی بەرز دەوتەوە، کاتێ خۆم و بەشێ لەماڵەکەم بەسەر دەمی شۆفڵێکی زەبەلاحەوەبووین و فڕێ دەدراین، دەنگی ماشێنە زەبەلاح و دوکەڵە رەشەکەی لە هەناویانەوە دەهاتە دەر نەیهێشت کەس شیعرەکە ببیستێ! کرێکارە بەدلە شین و کڵاو زەردەکان نەیاندەخستمەوە بیری کرێکارانی شەکرساز، دونیا هێندە گۆڕاوە کرێکاری ئێستا هی جاران نیە و خەمەکانیشیان وەک یەک نیە! بەنێوان قاچە پۆڵاینەکاندا تێپەڕیم و گوێم لێ بوو دەیانگوت شوێنەکە دەکەن بەستادیۆمێکی مەزن! لوتم نا بە باڵەخانەیەکی بەرزەوە و بەرەو لوتکە، تا بەرزتر دەمبەوە تێدەگەم شار چەند گۆڕاوە. هیچ شوێنێکم لێوە دیارنیە بمخاتەوە بیری ئەو شارەی، من سەد ساڵە تیایدا مێروولەم و هەموو خۆشی و ناخۆشیەکانم تیا چەشتوە. تا بەرزتر دەبمەوە تێدەگەم تا باڵەخانەکان بەرزتربن ریشەی ستەم ئەستورترە.. لە سەربانی دواین نهۆم دادەنیشم و بەکورتی ئەم یاداشتە دەنوسم و دەیدەم بەهەوایا.. بەڵکو یەکێ بیدۆزێتەوە و لای خۆی بڵاوی بکاتەوە..