ئه‌ستێره سوره‌كه‌ی سه‌ر دڵی مام، شۆڕشگێڕێكی چه‌پ له‌ناو چه‌ند سه‌رده‌می جیاوازدا
هه‌وراز محه‌مه‌د 23/03/2021
ساڵێكی تر به‌سه‌ر غیابی فیزیكی مام جه‌لالدا تێده‌په‌ڕێت و سێبه‌ری ئه‌و به‌سه‌ر رابردوو و داهاتووی كوردستاندا هه‌ر درێژ ده‌بێته‌وه، هه‌رچه‌نده مام له سه‌رده‌م و قۆناغی جیاوازی خه‌باتدا به‌شداربوه و به‌پێی قۆناغه‌كان نه‌ریتی به‌شداریه‌كه‌ی له تێكۆشاندا جیاواز بوه و كاتێك مێژوو ته‌ماشا ده‌كه‌ین و به‌شداریه چڕ و ئاڵۆزه‌كه‌ی مام له سیاسه‌تدا به قۆناغه جیاوازه‌كانی سه‌رده‌مه جیاوازه‌كان ده‌بینین، وه‌ك ئه‌وه‌یه ئه‌و یه‌ك كه‌س نه‌بووبێت و هه‌ر خۆی به‌ته‌نیا شه‌پۆلێكی سیاسی بووبێت، به‌ڵام ئیتر هه‌ر كه‌سه و به‌پێی سروشتی كه‌سایه‌تی خۆی به‌ش له مام جه‌لال هه‌ڵده‌گرێت و ئه‌و به‌شه‌ی خۆش ده‌وێت، كاتێك بیر له مام ده‌كاته‌وه ئه‌و دیوه‌ی ژیانی ده‌بینێت، ئه‌مه بۆ یار و نه‌یاری مام راسته.
هه‌ندێك وه‌ك سیاسه‌توانێكی حه‌كیم، هه‌ندێك وه‌ك موسلیح، هه‌ندێك وه‌ك خۆ گونجێن، هه‌ندێك وه‌ك قسه‌خۆش و نوكته‌چیه‌ك كه سیاسه‌تی به قسه‌ی خۆش به‌ڕێكردوه، هه‌ندێك وه‌ك كه‌سێكی ئاڵۆز كه نازانن دۆستیان بوه یان دوژمن، هه‌ندێك وه‌ك خۆش خۆر ئه‌یبینن، هه‌ندێك وه‌ك رابه‌ری رزگاری خوازی گه‌لی كورد و هه‌ندێكیش وه‌ك دیپلۆماتكارێكی ده‌گمه‌ن، هه‌ڵبه‌ت خه‌ڵكانیش هه‌ن خۆشیان لێی نه‌یه‌ت و نادیده‌ی ده‌گرن، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش له دڵی خۆشیاندا ئه‌زانن مام كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌یری سیاسی سه‌رده‌مێكی درێژی خه‌باتی گه‌لانه له ناوچه‌كه و جیهان.
بۆ من مام جه‌لال، هه‌میشه مام جه‌لالی گه‌نج و مام جه‌لالی چه‌پ و خه‌باتگێڕی ئازادی و حقوقی گه‌لانی بنده‌ست و شۆڕشگێڕێكی به‌شداری خه‌باته له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
مام جه‌لال له نیوه‌ی یه‌كه‌می شه‌سته‌كانه‌وه ده‌ست به پرۆسه‌یه‌كی هه‌ره گرنگ ده‌كات كه سێبه‌ری ئه‌و هه‌سته تا ناو دڵی ئه‌و گه‌نجانه‌ش درێژ ده‌بێته‌وه كه ئێستا مام وه‌ك سیاسه‌توانێكی پیری بێ كاریگه‌ر ده‌بینن، بێ ئه‌وه‌ی زانایی ئه‌وه‌یان هه‌بێت ئه‌و هه‌سته ناڕازیه‌ی له دونیای سیاسه‌ت هه‌یانه و ئه‌و رێگه‌یه‌ی ته‌عبیری لێده‌كه‌ن ساڵه‌هایه مام چنیویه‌تی و خودی ئه‌م شه‌پۆلانه‌ش له‌دڵی سیاسه‌ته‌كه‌ی ئه‌و دێنه ده‌ر كه كاتی خۆی هه‌ر مام خۆی خه‌باتی بۆی كردوه.
مام كه هێشتا گه‌نجه و له‌ناو دڵی شۆڕشی ئه‌یلولدا وه‌ك چه‌پێكی رامنه‌كراو، وه‌ك قه‌ڵبه‌زه‌ی چه‌مێكی شێت، وه‌ك ویقاری حه‌كیمێك كه ئه‌توانێت چاو دابخات و داهاتوو ببینێت، هه‌ندێك كاری گرنگ ده‌كات، كه تا ئێستاشی له‌سه‌ر بێت هه‌ر گرنگن و دووباره كردنه‌وه‌یان زه‌روره‌تی حه‌تمیه، هه‌وڵده‌ده‌م یه‌ك دوو شت له‌وانه باس بكه‌م، كه له ئێستادا خودی یه‌كێتیی و ئه‌وانه‌شی به‌ناوی رێبازی مامه‌وه قسه‌ده‌كه‌ن، یان نایزانن یان باسی ناكه‌ن و بیریان نیه، ئه‌مه نایانه‌وێت ئه‌و كلتوره سیاسیه زیندوو بكه‌نه‌وه كه مام دروستی كرد.
ساڵی 1964 له شاری سلێمانی رێكخراوێكی كلتوری و وێژه‌یی به بیرێكی سیاسیه‌وه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك گه‌نجه‌وه داده‌مه‌زرێت به ناوی (كۆمه‌ڵی بوژانه‌وه‌ی سامانی نه‌ته‌وایه‌تی كورد) راسته زیاتر كاری كلتوری ده‌كه‌ن، به‌ڵام خه‌ونی سیاسیان هه‌یه، ئه‌م گه‌نجانه دواتر مام جه‌لال رێكیان ده‌خات و به‌شداریان پێده‌كات له و زنجیره كۆڕ و كۆبونه‌وه و ده‌رسگوتارانه‌دا كه كۆمه‌ڵێك له شۆڕشگێڕی چه‌پی ئێرانی (فارس و كورد)، كه ئه‌و كات هاتبونه شاری سلێمانی و له ژێر سایه‌ی مام جه‌لالدا له به‌كره‌جۆ دانیشتبون و خه‌ریكی خۆ ڕێكخستن بوون، ئه‌وانه شۆڕشگێڕه‌كانی (سازمانی ئینقیلابی حیزبی توده‌ی ئێران) بوون، ئه‌مانه شۆڕشگێڕی خوێنده‌وار بون و هاوڕێ و هاوخه‌باتی بیریی مام جه‌لال بوون، هاتبوون له میوانداری مامدا خۆیان رێك بخه‌نه‌وه و مام بوونی ئه‌وانی به‌هه‌ل زانی و زۆرێك له گه‌نجان و خوێنده‌وارانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی له ده‌وریان كۆكرده‌وه و به بیری چه‌پی شۆڕشگێڕی ئاشنای كردن، كه تا ئێستاشی له‌سه‌ر بێت ئه‌و گه‌نجانه‌ی ئه‌وێ رۆژێ له ده‌وری مام و گۆڤاری (رزگاری) ره‌وانشاد نه‌وشیروان موسته‌فا كۆببونه‌وه، ده‌ور و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر سیاسه‌ت هه‌بوه و هه‌یه.
ئه‌وانه (كۆرش لاشایی، ئیره‌ج كشكولی قه‌شقایی، عه‌تا كشكولی، عه‌لی سادقی، موحسین حاته‌می، خه‌سره‌و صه‌فایی و سیامه‌ك پاسانه‌ژاد) بوون، كه خه‌ڵكانێكی خوێنده‌وار و دكتۆر و فیزیاناسیان تیادابووه و شاره‌زایی بیری ماركسیزم بوون و له چین و وڵاتانی تر كه شۆڕشی چه‌پیان تیادا بوه و خولی په‌روه‌رده‌یان بینیوه، ئه‌مانه گه‌نجه خوێنده‌واره‌كانی ئه‌و رۆژگاره‌یان په‌روه‌رده كرده‌وه، ئه‌و گه‌نجانه دواتر چونه ناو دۆخێكی تری سیاسه‌تكردنه‌وه.
دامه‌زراندنی كتێبخانه‌ی (بیری نوێ ـ فكر جدیده) له‌شاری به‌غدا له‌لایه‌ن شه‌هید خاڵه شه‌هابه‌وه له‌سه‌ر رێنمایی مام جه‌لال بوو، نوخبه‌ی گه‌نجانی خوێندكاری كورد له‌شاری به‌غدا له‌وێدا كۆبكاته‌وه و له‌ناو بازنه رۆشنبیریه‌كاندا خۆیان رێك بخه‌ن، مام سێبه‌ر و سه‌پۆرتی (كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی لینینی كوردستان / ئه‌ندێشه‌ی ماوتستی تۆنگ)ه، كه له 10 ى 6 ى 1970 به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی له‌ناو دڵی ڕێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتتدا دروست ده‌بێت.
هه‌رچه‌نده مام له‌ناو خودی ته‌نزیمه‌كه‌دا كارناكات به‌ڵام خودی خاڵه شه‌هاب و سه‌كردایه‌تیه‌كی كۆمه‌ڵه (ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه) له ژێر رۆشنایی بیر و راسپارده‌كانی مامدا رێكخستنه‌كه‌یان ده‌جوڵێنن.
خاڵی هه‌ره سه‌رنجڕاكێش له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه مام جه‌لال رۆڵی هه‌یه له دروستكردنیدا و تا ئێستاش ئه‌م كلتوره درێژ ده‌بێته‌وه، ره‌خنه و ره‌خنه له‌خۆگرتنه و قبوڵكردنی ره‌خنه‌یه.
له‌قۆناغی نهێنی كاركردنی كۆمه‌ڵه‌ی ماركسی لینین‌دا، چه‌ندین جار به‌نهێنی و به ئاشكرا ده‌نگێك له‌ناو (ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه و بازنه رۆشنبیریه‌كاندا) به‌رز بۆته‌وه كه پێویست ناكات له ژێر هه‌ژمونی مام جه‌لالدا كار بكه‌ن، ته‌نانه‌ت باسیان له‌وه كردوه كه هه‌ردوو به‌ره‌ی مه‌لایی و جه‌لالی، دوو به‌ره‌ی خراپن بۆ شۆڕشی كورد و ناتوانن زمانحاڵی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیان بن، ته‌نانه‌ت كاك نه‌وشیروان هه‌رچه‌ند هاوخه‌بات و هاوڕێی مام بوه كاركردن له ناو كۆمه‌ڵه‌دا ره‌ت ده‌كاته‌وه به بیانوی كۆمه‌ڵه له ژێر هه‌ژمون و سێبه‌رى مام جه‌لالدایه و مام جه‌لال له هه‌ر شتێك‌دا هه‌بێت، ئیتر هه‌موو شته‌كانی تر ده‌بنه پاشكۆی ئه‌و چونكه له هه‌موان زیره‌كتر و داناتر و لێهاتوتره و كه‌س ناتوانێت بیری ئه‌و تێبپه‌ڕێنێت.
به‌ڵام هه‌موو ئه‌م ره‌خنه و سه‌رنج و تێبینیه ره‌قانه كاریگه‌ری له بیری مام جه‌لال ناكات و هه‌ر وه‌ك پشتیوانی ئه‌ساسی و بگره زۆرجار وه‌ك رابه‌ری كۆمه‌ڵه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت، ساڵی 1973 مام جه‌لال له به‌یروته‌وه نامه‌یه‌ك بۆ خاڵه شه‌هاب ده‌نوسێت، كه داوا له ناوه‌ندی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه و رێكخستنه‌كان ده‌كات خۆیان ئاماده بكه‌ن، بۆ دروستكردنی حیزبێكی سیاسی نوێ، نوێ له كار و رێكخستنی پته‌و و كاریگه‌ر، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وكات نامه داواكاریه‌كه‌ی مام به‌وه لێكدرایه‌وه، كه ئه‌وه‌تا كار بۆ ئه‌وه ده‌كات كۆمه‌ڵه به‌ته‌واوی بكاته حیزب و خۆی سه‌ركردایه‌تی بكات، تا كار ده‌گاته ئه‌وه‌ی خاڵه شه‌هاب خۆی ده‌چێته به‌یروت بۆ لای و بۆ تێگه‌یشتن له مه‌به‌ستی نامه‌كه‌ی و نزیكه‌ی حه‌وت مانگ لای ده‌مێنێته‌وه و په‌یكه‌ربه‌ندی رێكخراو حیزبێكی توندوتۆڵ داده‌ڕێژن و زۆر نابات مه‌به‌سته‌كه‌ی مام ته‌واو رونده‌بێته‌وه كاتێك شۆڕشی ئه‌یلول توشی نسكۆ و هه‌ره‌س ده‌بێت و هه‌ر ئه‌و په‌یكه‌ربه‌ندی رێكخراوه‌ییه‌ی مام داوای كردبوو، هه‌ر گه‌نجه خوێنگه‌رمه‌كانی كۆمه‌ڵه و بازنه رێكخستنه‌كانن فریای شۆڕشی كورد له‌باشور ده‌كه‌ونه‌وه و بانگی شۆڕشی نوێ به گوێی كورد و جیهاندا ده‌ده‌نه‌وه.
هه‌موو ئه‌مانه له‌لایه‌ك و له لایه‌كی تریشه‌وه مام جه‌لال ته‌نها شۆڕشگێڕێكی كوردستانی جنوبی نیه، بگره شۆڕشگێڕێكه له‌سه‌ر ئاستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان به‌شداری كردوه، هه‌ر له رۆڵی به‌رچاوی له هاوكاری كردنی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی فه‌له‌ستینی و چه‌په‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ته‌نانه‌ت به‌شداریكردن له زۆرێك له كۆنفرانسه جیهانیه‌كان تایبه‌ت به پرسه‌كانی گه‌لانی بنده‌ست و مافه‌كانی مرۆڤ و وتاردان به‌ناوی خوێندكاران و كرێكاران و ته‌نانه‌ت به‌شداربوون له كۆنگره‌ی ژنانی فێمینیست و باس كردن له دۆخی ژنی كورد له كۆنفرانسه‌كه‌دا، هاوڕێیه‌تی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی جیهان.
مام جه‌لالی گه‌نج، مام جه‌لالی رۆشنگه‌ر و شۆڕشگێڕ له‌سایه‌یدا زۆر شت كران، گۆڕینی یاسای ئه‌حوالی شه‌خسی و قه‌ده‌غه‌كردن فره‌ژنی، قه‌ده‌غه‌كردنی یاسای له‌سێداره‌دان، دیفاعكردن له ره‌خنه‌ی نوسه‌ران، له ژێرسایه‌یدا رۆژنامه‌گه‌ری گه‌شه‌ی كرد و میدیای ئه‌هلی دروستبوو و گرنگی به هونه‌ر و كلتور درا، بیری تۆلێرانس و یه‌كتر قبوڵكردن و كرانه‌وه بره‌وی سه‌ند، دامه‌زراندنه‌وه‌ی زانكۆی سلێمانی و هتد.
مام جه‌لال ئه‌توانێت میراتێكی گه‌وره‌بێت، بۆ كوردستان و ناوچه‌كه، تاكه یه‌ك خه‌ونی بچوكی من وه‌ك گه‌نجێك ئه‌وه‌یه رۆژێك نامیلكه و كتێب و نوسینه‌كانی مام جه‌لال كۆبكرێنه‌وه و له چه‌ند به‌رگێك كتێبدا چاپ بكرێن و به‌رده‌ست بن بۆ خوێنده‌واران و توێژه‌رانی كورد.