Alternate Text

پەلەمە پیربم!

ماجد خه‌لیل‌ 23/03/2021

نادادی و نالەبارییەکان، کۆرسی راهێنانی راپەڕینن! سەرچۆپی کێشەکە، لەبەر لەنگی و لامەزهبی ژیان چاوی هەڵنایە.

چوزانم، شایەد عاشق بێ، وەلێ هەوانتە نییە، وەها وەستایانە خۆی دەلەنگێنێ، رێک دەڵێی گەنجێکی شارەزوور و گەرمیانە و تایەیەکی ئێکسپایەر تلدەدات، تا لەبەر بارەگای حزبێکدا بیسوتێنێ.

ئای چەنده، چۆڕەی ژیان دەتکێتە بەر هەنگاوەکانی، ئای چەندە ئارەقەی نێوچەوانی دڵداریی، لەبەر پێیەکانیدا پانبووەتەوە. رەنگە هیچیش لەگۆڕێدا نەبێت، نابێ، دڵنیام خانمێک لەودیو هەیوانەکەوە سەماوەری تاوداوە  و دیژی دڵدارییەکی تاڵی بۆ شل و شیرین دەکات. دڵدارییەکی جوانەمەرگ، رێک وەک خوێنی بەناهەق رژاوی گەنجە گوناهو گەورەکەی چەمچەماڵی خۆشەویست!

وەختێ سەیری ئەو پیاوە کەڵەگەتە کوردە دەکەم، پەلەمە پیربم. مرۆڤ لەپیریدا عاقیبەت شەڕیشی لێدێ، چ شەڕێک هێندەی شەڕی عاقیبەت جوانە؟ تەنانەت لە فیلمەکانیشدا عاقیبەت یان قاقایەکی بەرزە، یان گریانێکی بەچێژ، رێک وەک عاقیبەتی ئەم حکومەتە!