Alternate Text

هونەری ریش تاشینی (فەتاح بەگ)

ماجد خه‌لیل‌ 23/03/2021

جامێکی فافۆنی قوپاو، کتریێک ئاوی شلەتێن بەسەر تەباخێکی یەکچاوی چکۆلەی نەوتییەوە، تێخێکی لەت، دەسڕێکی لێوار گوڵگوڵینی ریشەدار، بەیانییەکی بێدەنگ و ماتی راچڵەکاوی نێو قوقەی کەڵەشێران، هەیوانێکی قوڕەماڵی رووپۆش بە بۆیاخێکی شینی تۆخ، پەتویەکی پڵنگی( هەندێکجار لێفەیەکی جاجمیین)، کە ریزێ منداڵ هان لەژێریدا و یەکدوانێکیان بە ئاگان و نازانن چۆن کەتنی خۆتەڕکردنیان وەشارن، منیش لە لۆچێکی لێواری لێفەکەوە دەڕوانمە دیمەنی ریشتاشینی فەتاح بەگ، ئەوەتانێ چوار مشقی دانیشتووە، لە تاو کزەبای بەیانیان، کەوا شینباوەکەی لەبەردایە، وەلێ هێشتا لە توێی بیجامە خەتحەتەکەیدایە تەدارەکی تاقم و تێخی ریش تاشینەکەی کردووە.
بە ئەسپایی ئاوی کترییەکەی رۆکردە جامە فافۆنەکەوە، سابونێکی سەوزیشی لە باهۆڵەکەی پاڵدەستیدا دەرهێنا، هێشتا بەرگی سابوونەکە نوزەیەکی رەنگی خانمێکی قژزەردی بەسەرەوە ماوە.
بەتەواوی ئامادەکاریی کرابوو، ئاوێنە شکاوەکەیشی بەتەنیشت خشتێکی سوورەوە رووکردە خۆی، ئاوێنەکە لە سوچی سەرەوەیدا جارێکیتر شکابوو، بەڵام بە چەسپی دوقلی پێکەوە لکێنرابوویەوە.
ئاوێنەکەی رووکردە دەموچاوی، هەڵکەوتەی خەوتنەکەی من دەکەوتە پشتی فەتاح بەگەوە. لەئاوێنەکەوە منی بینی و سەرێکی بۆ لەقاندم، وەک ئەوەی بڵێ چاوێکی ئاوێنەکەم لەسەرتە، منیش ملم بردەوە بەژێر لێفەکەدا، یانی های وا دەنوم و کاری خۆتبکە.
پاش قەیرێ قۆڵی تەماشاکردنم لێهەڵماڵییەوە و لە سوچێکی لێفەکەوە سێرەم لێگرتەوە، وەک سێرەگرتن لە شکارێکی سرک، چاوێکی نوقاندبوو، میلی موسەکەی هێنابوویەوە و بەهێواشی کەفی سەر روومەتی رادەماڵی.
هەستم دەکرد ئیمپڕاتۆرێکی مەزنە، پێم وابوو تەنها سوپاسالارێک ئەوەنە قودرەتی هەیە لە هەمانکاتدا ئاوی گەرم و تێخ و جام و تەباخ و دەسڕ و باهۆڵ و سەرێکی کەچەڵی هەبێت. تاوێک نوقمی ناو چاڵ و چۆڵی سەری فەتاح بەگ دەبووم، لە چەندین لاوە چاڵ و درز و کەلێنی تێدابوو، هیچ ئەندازیارێک نەیدەزانی چ شێوە و شکڵێکە، بەهێزترین ئامێری سەرتاشینی ئەمڕۆ لە ئاست تاشینی ئەو سەرو ریشەدا جام دەبوو.
کوللی بەیانێ، باپیرم سەرو ریشی دەتاشی. کوللی بەیانێ لە چەند لاوە برینی موسەکەی بە کوتە کاغەزێک تیماردەکرد.
کوللی بەیانێک تاس و حەمامی حیکایەتی ریشتاشینی فەتاح بەگ دەستپێکی رۆژێکی نوێی نیشاندەدام.
بەڵێ ریشتاشینی فەتاح بەگ بوویە توراسێکی تژی لە خەیاڵی منداڵیمدا، باوکم وانەبوو، تائێستا ریش تاشینی ئەوم نەدیوە، نازانم شایەد بە دزییەوە بیتاشێ، رەنگە هەر تێخ و کافرمانی نەبووبێ، بە ئێستەشەوە هیچ شتێکی نەبوو، بێجگە مۆڵەتێکی شۆفێری، کە پەنجا ساڵ تێپەڕیوە و ماشینێکی بەخۆیەوە نەبینی. راستە خودانی مۆڵەتی خۆی بوو، وەلێ هەر لە هەوەڵەوە بۆی نەدەهات، پەنجا ساڵ پێش ئێستا، وەختێ لە تاقیکردنەوەی پراکتیکی ئۆتۆمبیلدا نۆرەی دێ، سویچی دەدەنە دەست، ئەویش بەهەڵەداوان لە دەرگای سەکنەوە سواری ماشینەکە دەبێ، کاکی راهێنەریش هێندە پێدەکەنێ بە پشتدا دەکەوێ، بۆیە لە خۆشی ئەو مەشهدە مێژووییەدا هەر لەوێ دەریدەچێنن!
بەڵێ چێژ و چڵێسییەکی زۆرم لەهونەری باڵای ریشتاشینی فەتاح بەگدا دەبینی، رێک دەتوت پەیکەرتاشە و دەیەوێ بۆخۆی، سەرێک بۆخۆی بتاشێ.
رێک دەتوت بەمووەکانی ریشی پیانۆ دەژەنێ. لەگەڵ مۆسیقای هەواڵەکانی مۆرتیکالۆدا وامدەزانی هەواڵی ریشتاشینی باپیرم سەردێڕی هەواڵەکانە یان وام دەزانی هێنان و بردن و سەرە و خواری کافرمانەکە مۆسیقاکەی لێدێتە دەرێ. ئاخۆ ئێستە ئەو تاقم تامەی هونەری ریشتاشینەی ئەو لەکام کونجی یادەوەرییدا سڕابێتەوە.
وەختێ لە پشتملییەوە موسەکەی دەهێنا بەپشتسەریدا، چاوم دەنوقاند، وەختێ چاوم دەکردەوە پشتە سەرێکی سەوزباو، تیشکی خۆر وردە وردە وەک ئەوەی بیەوێ تاوێ پشوو بدات، بەسەرسەری باپیرمەوە دەنیشتەوە.
بەڵێ بەیانییە و باپیرم ریش دەتاشێ. بەیانییە و فەتاح بەگ فێڵ لە پیریی دەکات.
بەیانییە و هەزار ئەفسون و جاد و لە جەدەلی جەوانی ریشتاشینەکەدا فەتواکانیان پوچەڵ دەبێتەوە.
فەتاح پیرشالیاریانە دەژیا، قاتقاتی گابەرد و چلەخانە و ماڵەکانی هەورامان لە تۆنی دەنگییەوە دروستکرابوون.
هەورامی بوو ئەمان هەورامی، ناپاڵم بیدایە بە پاڵیدا لای نەدەکردەوە، وەلێ لەیەکجاردا هەزارجار لای دەکردەوە بۆ چرپەی پێی خانمێک.
فەتاح دڵتەڕ و دنیاویست بوو، تەبەڕوکی پیرشالیار لەبەرپشتوێنیدا سەوزیدەکردەوە. چەند چڵێ رەیحانە و کاتژمێری بەرباخەڵی ببوونە بەستەی ژیانی.
ئاخۆ چ حەسرەتێکی حیکایەتەکانی رابردووی هەورامان لەگەروویدا قەتیس مابن.
چ سیاچەمانەیەکی سەوزی هەورامان دەستی نابوویە بنباڵی نیگاکانی.
بەڵێ ئێستاش وەختێ دەگەڕێمەوە بۆ منداڵی، هەوەڵ شتێک لە حەوشەی یادەوەری و لە گەلەریی گەمەی منداڵیمدا دێتەوە هۆشم، دیمەنی ریش تاشینی فەتاح بەگی باپیرمە.