Alternate Text

ماددەی هۆشبەر، هەڕەشەیەکی لەبیرکراو

رێبەند نەسرەدین ‌ 23/03/2021

چەند رۆژێک پێش ئێستا پزیشکێکی دەروونی دیاری شار کە بەهۆی ئەو کەیسانەی لایەتی ئاگاداری بارودۆخەکەیە بۆی باسکردم، لە ئێستادا ماددەی هۆشبەری وەک کریستاڵ لە رێگەی ماتۆڕسکیلەوە بۆ کڕیارەکان دەگوازرێتەوە! واتا وەکو پێویست مەترسی لەسەر بازرگانیکردن بەو ماددانە نەماوە و ئێستا وای لێهاتووە ماددەی هۆشبەر بۆ کڕیارەکان دەبرێتە بەر دەرگای ماڵەکەی!
پرسیارم لە چەند کەسێکی ئاگادار کرد روونیانکردەوە کە ئەوەش بەشێکە لەو پلانانەی دژی ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە سەرەتای تووشبوونیانە بە بەڵاکە، واتا هەر کەسێک لە سەرەتای تووشبوونیبێت بە ئاڵودەبوون، کۆمەڵێک کارئاسانی بۆ دەکرێت، بۆ نمونە فرۆشیاری ماددەکە کاتێک دەزانێت کڕیارەکە سەرەتای ئاڵودەبوونیەتی نرخی تەنها ١٠ هەزار دینار لەسەر هەر غرامێک کریستاڵ دادەنێت، کاری کڕینەکەشی لەرێی گەیاندنەکەوە بۆ ئاسان دەکات، دواتر کە کڕیار ئاڵودەبوو فرۆشیار نرخی ئەو تەنها یەک غرامە بۆ نزیکەی ١٠٠ دۆلاری ئەمەریکی بەرزدەکاتەوە و واشدەکات هەموو مەترسیەکانی مامەڵەکردن بە ماددەکەوە بکەوێتە ئەستۆی کڕیار!
بەهۆی بارودۆخی ناهەمواری ئێستای کوردستانەوە کە هەموومان قوربانی ئەو بارودۆخەین، گەنج بە قەیرانێکی سەختی دەروونیدا تێپەڕدەبێت کە ئەمەش پاڵنەرێکی تەواو بەهێزە بۆ ئەنجامدانی هەر هەڵەیەک، لەلایەکی دیکەشەوە کارئاسانیکردن بۆ مامەڵەکردن بەو ماددانەوە مەترسیەکی تەواو گەورەیە کە دوور نییە هەمان چارەنووسی ئێران لە رووی ئاڵودەبوونەوە چاوەڕوانی ئێمەش نەکات!