Alternate Text

مەبە هاندەری بڵاوکردنەوەی بابەتی خۆکوشتن!

رێبەند نەسرەدین ‌ 23/03/2021

ماوەی چەند رۆژێکە هەواڵی خۆسووتاندنی کوڕێکی گەنج زۆر بەرچاو دەکەوێت، لەپێناو بەدەستهێنانی لایک و کۆمێنت هەرمیدیایە و لای خۆیەوە چیرۆکێکی بۆ دەهۆنێتەوە، ئەم رەفتارە نابەرپرسانەیە هەم کاریگەری زۆر خراپی لەسەر دەروونی تاک دەبێت هەم ئازاردانی خانەوادەی قوربانییەکەیە.

کارەساتەکە ئەوەیە هەندێک میدیا وەک پاڵەوانێک ئەو کەسە دەناسێنن کە خۆی کوشتووە!

ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کردەکە لای خوێنەر زۆر جوان بکات، وای پیشان دەدات کە بەڵێ ژیان وەک ئەوەیە کە لەناو دراماکان دەیبینیت، کاتێک کەسێک خۆی دەکوژێت هەمووان پەشیمان دەبنەوە لەوەی خراپبوون لەگەڵت و دوای ماوەیەکیش ئازارەکەت ساڕێژ دەبێت تەنها لە دڵی ئەو کەسانە نەبێت کە ئازاریان داویت، بەڵام لە راستیدا ژیان وەک دراماکان نییە، دوای ئەوەی کەسێک دەستی دەچێتە رۆحی خۆی، کەسە نزیکەکانی بەشێوەیەک لە شێوەکان تووشی نەخۆشییە دەروونییە جۆراوجۆرەکان دەبن و ئەو ماڵەی تێیدا بووە تا ماوە نابێتەوە ماڵ، لە بەرامبەریشدا ئازارەکە لای هەموو ئەو کەسانە ساڕێژ دەبێت کە قوربانییەکە پێی وابووە بە خۆکوشتنی ئازاریان دەداتەوە (هەڵبەت ئەگەر ئازار بخۆن).
میدیای کوردی گەیشتووەتە حاڵەتێک کوردوتەنی: دەستی لێبشۆ.
بۆیە تۆ وەک تاک بە ئەرکی سەرشانی خۆتی بزانە کە نەبیتە هاندەر بۆ بڵاوکردنەوەی ئەوجۆرە هەواڵانە، لە هەرجێیەک شتێکی لەوشێوەیە هاتەبەرچاوت تێیپەڕێنە، چونکە زۆری ئەکتیڤی بڵاوکراوەیەک وا لە میدیای بڵاوکەرەوە دەکات دووبارەی بکاتەوە، تۆش بەبێ ئەوەی ئاگات لەخۆتبێت بەشداردەبیت لە دروستکردنی قوربانییەکی تر!
ئەمانە وتەی چەند پسپۆڕ و پزیشکێکی دەروونناسین سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی بڵاوکردنەوەی بابەتی خۆکوشتن، جا بزانە، کاتێ تۆ هانی میدیایەک دەدەیت کە بابەتی لەوشێوەیە بڵاوبکاتەوە چ زیانێک دەگەیەنیت!

بڵاوکردنەوەی هەواڵی خۆکوشتن دەتوانێت بەبێ ئاگاداری کردەوەکە رۆمانسیانە پشان بدات، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەگەری دووبارە کردنەوەی لەنێو کەسایەتییە لاوازەکاندا.
 (د. ئەلیزابێس رامیرێز، ئەمەریکی)

روماڵکردنی رووداوەکانی خۆکوشتن دەتوانێت کاریگەری زیانبەخشی هەبێت و مەترسی دووبارەکردنەوەی لەلایەن کەسانی دیکەوە زیاد دەکات.

(د. تۆماس جۆنسۆن، کەنەدی)

روماڵکردنی وردی رووداوەکانی خۆکوشتن دەتوانێت تاکەکان تووشی زەبر و زەنگ بکات، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کێشە لە تەندروستی دەروونیاندا هەیە.
(د. سارا چێن، بەڕیتانی)

وێناکردنی شێوازەکانی خۆکوشتن لەلایەن میدیاوە، دەتوانێت بەبێ ئاگاداری ببێتە نەخشەیەک بۆ کەسانی لاواز، ئەمەش ئەگەرەکانی دووبارەکردنەوەی کردەوەەک زیاد دەکات.
(د. سۆفیا رامۆس، بەڕازیلی)

بڵاوکردنەوەی هەواڵی خۆکوشتن دەتوانێت کاریگەری لەسەر چیرۆکەکانی چاکبوونەوەی نەخۆشەکان هەبێت و رێگری لە پەیامی هیوا بکات.
 (د. ماریا لۆپێز، مەکسیکی)

میدیا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە تێڕوانین و تێگەیشتنی گشتی سەبارەت بە خۆکوشتن، بڵاوکردنەوەی هەواڵی نابەرپرسانە دەتوانێت تێڕوانینە هەڵەکان بەهێز بکات.
(پ. ئەندریاس مۆلەر، ئەڵمانی)