دیداری یەكێتی مۆدێلێكی نوێی سیاسەتكردن
فەهمی بورهان 23/03/2021
لە بنچینەدا دیداری یەكێتی دیداری گفتوگۆی هەڤاڵان و ناوەندی رووناكبیریی ئێمە و مامۆستایانی زانكۆ و تەنانەت ئەوانەشە كە لە رابردوودا بەشێك نەبوون لە ئەندێشە و بیركردنەوەی یەكێتی، لەمڕۆیەكی جیاوازدا كە بێ دوودڵی سیاسەت و هاوپەیمانێتی و بەرژەوەندییەكان و دنیای پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیشمان گۆڕاون، جارێكی تر پێویستمان بە خۆداڕشتنەوە و رەخنەسازییەكی تەواو جیاوازە، كە بنەما سەرەكییەكانی لەسەر لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنی زانستی و بە رەچاوكردنی ئەو دنیا گۆڕاوە بینا بكەینەوە، فەلسەفەیەك تەرح بكەین، كە مانایەك بۆ ژیان و كۆی سیستمی سیاسی و ژیانی فەرمانڕەواییمان بگەڕێنێتەوە.
دیداری یەكێتی پشكنینە بەناو مانا قووڵ و فەرامۆشكراوەكانی دنیایەك، كە بۆ ئازادیخوازان و تێكۆشەرانی زیاد لە ئامانجێكی هەڵگرتووە بۆ داهاتوویەكی باشتر و بۆ هەندێكیش بەدیار گرفتەكانی ئەمڕۆوە گرەوی داهاتوویەكی نادیاریان لەسەر كردووین، یەكێتی لە رێگای دیدارەوە دەیەوێت رووبەرێكی گەورەی خەڵك و ئەندێشە جیاوازەكانی شەقامەوە روئیایەكی نوێ بەرجەستە بكات، تا بتوانێت كۆی ئامانجە بەدینەهاتووەكانی بزووتنەوەی كوردایەتی بەدیبێنێت و دیدێكیش بخاتەڕوو كە بەهۆیەوە هێزە سەرەكییەكانی كوردایەتی بۆ یەك هێڵی گشتی خەباتكردن ڕابكێشێت و جیاوازییەكانی نێوانمان بۆ خاڵی بەهێز بگۆڕێت و سیستمێكی فرەیی هاوچەرخ بینابكات.