Alternate Text

ڕۆڵەی کوردی ڕەسەن، زنجیرەی ئاوات و خەبات پێکەوە دەبەستێت

سامان ساڵح فه‌ره‌ج‌ 23/03/2021

ڕێزێک بۆ خەباتی پیرۆزی کاک بۆکان حەسەن ئەحمەد، کە خاوەنی هەوڵی بێ پسانەوەی زیادکردنی زاراوەی سۆرانی ـ زمانی کوردی، یە بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕان لە کۆمپانیای "گۆگڵ".
کاک بۆکان، لە نەوەی دوای ڕاپەڕینی پڕشکۆی، باشووری کوردستانە، هەوڵێکی گەورە و پیرۆزی لە ڕێگەی خزمەتکردن بە زمانی شیرینی کوردیدا داوە کە، مەگەر هەر ئەوانەی ناڕەحەتیی زۆریان بەدەست نەبوونی زمانی کوردی و شێوەزارەکانیی زۆر چەشتووە، لەم بەرهەمە جوانە تێبگەن.
لە دنیای ئەمڕۆدا، بەهۆی هاتنەکایەی تەکنۆلۆجیاوە بۆ سەرجەم بوارەکانی ژیان، هەر نەتەوەیەک لەمبوارەدا پیشەسازیی نەکات، دەکەوێتە دوای ئەوانی دیکە، ئەوکارەی کە، کاک بۆکان کردوویەتی، خەباتێکی پیرۆزی کوردانەو، ئاواتێکی گەورە و بەرزی سەدانهەزار شۆڕشگێڕ و خەباتکاری نەتەوەی کورد بووە، لە ڕابردوو لەئێستادا.
ئەمجۆرە لە خەبات، نیشانەی شیری پاک و ڕەسەنایەتی نەوەی تازەی کوردستانە، کە ئەگەر باش وەبەرهێنانی تێدابکرێت، ئەنجامی گەورە و دڵخۆشکەر دەدات بۆ نەتەوەکەمان.
کاک بۆکان، بەم کارە ناوازەیەی، ئاواتی بەرزی هۆنەرەکانی کوردی هێنایەدی و زنجیرەی خەباتی گەلی کوردی بە نەپساوەیی هێشتەوە و وەک میراتگریی خەمی نەتەوەیی هۆنەری گەورەی کورد، ئەحمەد موختار جاف، توانی کارێک بکات، کە خەونێکی میژووییە.
هۆنەری گەورە و سیاسەتمەداری نەتەوەکەمان، ئەحمەد موختار جاف، پێش زیاتر لە ۹۰ ساڵ، لە هۆنراوەی "ئاواتی بەرز" دا دەڵێت:
"ئەو زمانە شیرینەی ئێمە پەڕەی دەکرێتەوە
نادڕێ چیتر کتێب و دەفتەری ئەشعاری کورد"
هەزار ئافەرین، بۆ ڕۆڵەی خەباتکاری کوردستان، کە جگە لەپەڕەی کاغەزی جوان، پەڕەی تەکنۆلۆجیاشی بەسەر زمانی کوردیدا کردەوە.
ئەوەی لەم ژیانەدا بایەخی هەبێت، ئەو کار و خەباتەیە کە بۆ نەتەوەکەتی دەکەیت، چونکە تەنها خۆمان دەتوانین خزمەتی خۆمان بکەین و کەس ئەو بۆشاییەمان پڕ ناکاتەوە، چونکە ئەرکمان ئەمەیە، خزمەتکردن بە زمان و نەتەوەکانی دیکە، خۆ خەریککردنە بە کاری بەتاڵەوە.
تەنها نەتەوە و نیشتمان و خاکی کوردان بنەماو سەرەتای یەکەم و کۆتایی خەباتمانە.
ئێمە یەک میراتمان هەیە، ئەویش ڕێبازی پیرۆزی کوردایەتی و میراتی باوانی گەورەی پاشا و دەسەڵاتدار و خەباتکارەکانمانە کە داوای یەکڕیزی کورد و یەکێتیی خاک و سەربەستی هەردوو: نەتەوە و خاک ـمان لێدەکەن.
ئەمڕۆ، ڕۆژێکی شایستە بە شێوەزاری سۆرانی ـ زمانی کوردی یە، چونکە لە سەرشاشەی کۆمپانیای گۆگڵ کە پلاتفۆڕمێکی جیهانیی کاریگەرە، دەرکەوتووە و کاردەکات.
هەربژیت کاک بۆکان، هەربژین خەباتکارانی ڕێگەی خزمەت بە کورد و کوردستان.