بافڵ جەلال تاڵەبانی وەڵامی تەلەفۆن دەداتەوە
شنۆ عوسمان 23/03/2021
*لامان سەیرە بەرپرسێكی باڵا وەڵامی تەلەفۆن بداتەوە، لامان سەیرە توڕەبێت و لەكاتی نەگونجاودا بە قسە وای لێبكەیت كە هەڵبچێت، لامان سەیرە كە چۆن دەبێت واقسە بكات, بەڵام لامان سەیر نییە كە زۆر بە راشكاوی دەڵێت من جوابی هەموو تەلەفۆنێك دەدەمەوە .
* وەڵامدانەوەی تەلەفۆن لەلایەن كەسی یەكەمی یەكێتییەوە جێی دەستخۆشییە، ئاخر بۆ تانەی لێبدەین، فەرموو بەتەحەداوە دەڵێم وەزیر هەیە، بەڵکو بچوكتر لە وەزیر بریكار و بەڕێوەبەری گشتی هەیە نەك وەڵام ناداتەوە، بەڵكو بێزی نایەت تەماشای نامە و داواكارییەكانیشت بكات، ئیتر بۆ وەڵامدانەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی جێی دەستخۆشی نەبێت؟
*ئێمە دەمانەوێت سەركردە و سەرۆك و بەرپرسەكان زمانی فریشتەیان هەبێت، واتا بەدەستی خۆمان دەمانەوێت سەركردە و بەرپرسەكان سیفەتی مرۆڤی ئاسییان لێوەرگرینەوە و بیانخەینە سنوری پیرۆزی، هەموو كەسێك هەڵدەچێت و توڕە دەبێت و هیچ مرۆڤێك نییە لەساتی نەشیاو تەلەفونی بۆ بكەیت هەڵنەچێت، بۆیە بافڵ جەلال تاڵەبانیش مرۆڤە و هەڵچوونی ئاساییە .
*سیاسەت لای ئێمە واتا قسەی قەبە، سیاسیش لای ئێمە واتا كەسێك كە لە بورجی عاجی نەبینراودا بێت، ئەم كوڕەی مام جەلال و هێرۆخان لە ئەوروپا ژیاوە ئاسایییە لای تەلەفۆنی بۆ بكرێت و وەڵامبداتەوە، ئیتر بۆ نەبێتە خوویەكی نوێی لەناو سیاسییەكان كە وەڵامبدەنەوە.
*بافڵ جەلال تاڵەبانی بەئاشكرا دەڵێت: من وەڵامی هەموو كەس دەدەمەوە، ئەمە جێی دەستخۆشییە، وەرن با بەكاری بهێنن بۆ پرسیاركردن لەبارەی دۆخی سلێمانی و هەرێم و عێراق، با بەكاری بهێنن لە فەرمانگەیەك یان لە شوێنێك لەم دەڤەرەدا رێگری یان دەستدرێژی یان كارمان بۆ ناكرێت، بۆچی وابكەین كەسی یەكەمی یەكێتیش كە خاوەن دەسەڵاتێكی زۆرە وەڵام نەداتەوە وەك هەندێک بەرپرسی بچوكی تر.
*دیموكراسی و ئازادی بەمانای ئەوە نایەت كە رێگە بە تۆ بدەم هەموو قسەیەك بكەیت، بەڵام بۆ من نەبێت بەرگری بكەم ، هەندێک بێ ئاگای سیاسیی وا لە دونیای بیركردنەوەی ئازاد گەیشتون، باشە بافڵ جەلال تاڵەبانی كوڕێكە هیچ پۆست و پلەیەكی نییە، سەعات سێ تەلەفۆنی بۆ دەكرێت هەر كەسێك لە ئێمەبین هەر وا وەڵامناداتەوە؟ نمونەیەكی سەیر هاوڕییەكم پێی وتم گوێت لێ بوو بافڵ جەلال تاڵەبانی چۆن وەڵامی دایەوە؟ منیش پێم وت خۆ تۆ لەبەردەمی مندا دوو سێ جار بەزمانێك وەڵامی دایكی خۆتت داوەتەوە منت توشی شۆك كردووە
*سەیرتر لەهەمووی دەبوو یەكێتییەكان بەرگری تەواوییان لەو سیفەتە نوێیە بگردایە كە سەرۆكی حزبەكەیان، وەڵام دەداتەوە، بۆیە هەندێک سەركردایەتی و بەرپرسی تری حزبی و یان حكومی لێوەی فێربن .