Alternate Text

كابتنی كەشتییەكەی سەرۆك كۆمار

مەریوان عەبدوڵڵا‌ 23/03/2021

 لەسادەترین لێكدانەوەو تێگەیشتندا بۆ ھاوكێشەی یەكلای كردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق روونە یەكێتی بەھەر نرخێك بێت براوەی پڕۆسەكە و پارتیش بەھەر جۆرێك بێت بۆ جارێكی دیكە بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە ھەولێر ، بۆ زۆرینەمان پرسیارە جەوھەرییەكە ئەوەیە بۆچی پارتی لەم پڕۆسەیەدا خۆی بەدۆڕاو نیشان نادات ! لەكاتێكدا بۆ دوو خولی سەرۆكایەتی كۆمار شكستی گەورەی بەركەوتووە و نەیتوانی كاندیدەكانی بگەیەنێتە كۆشكی سەلام. لەم خولەدا كابتنی سەرەكی كەشتیەكەی یەكێتی «بافڵ جەلال تاڵەبانی» سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كورستان بوو ھەر لەسەرەتای گێمەكەوە لە پرسی سەرۆك كۆماردا زۆر بەووریایی و سیاسەتێكی دووربینانە كەشتییەكەی بەرە ئامانجەكەی جوڵە پێكرد, ھەرچەندە كەم نەبوون ئاڵەنگاری و بەربەستەكان تەنانەت ھەندێك جار فشارو ھەڕەشەی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی و نێوخۆیی دەگەیشتە ئاستێكی ئاڵۆزو بگرە مەترسیدار بەڵام كابتنی كەشتییەكە بەوپەڕی ئارامی و بێ گوێدانە فشارو ھەڕەشەو دەستێوەردانەكان بەردەوام بوو لە ئاراستەكردنی كەشتیەكەی بۆ گەیشن بەدواین خاڵی ئامانجەكەی لەكۆتایشدا ھەر ئەوەی كردوو شكستی بە كاندیدی پارتی ھێناو سەركردەیەكی تەكنۆكرات و خاوەن ئەزمون و بیری تاڵەبانی كردە سەرۆك كۆماری عێراق كە ھیچ یەكێتییەك ھێندەی تاڵە مویەك گومانیان لە دڵسۆزییەكەی نییە بۆ رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال كە ئەویش «د.لەتیف رەشید»ە سەرۆك كۆماری نوێی عێراق ، بەمەش كابتنی كەشتییەكە توانی زیرەكانە گرەوەكە بباتەوە و بەڕەكە لەژێر پێی ركابەرەكەی «پارتی» دەربھێنێت و پۆستی سەرۆك كۆمار لەم خولەشدا لەبەرژەوەندی حزبەكەی یەكلایی بكاتەوە، لە كاتێكدا لەسەرەتای ئەم كابینەیەی عێراق زۆرێك پێیان وابوو ئەم جارە ئەستەمە یەكێتی لەم دەست بادانەدا لە پارتی بباتەوە و سەركەوتوو بێت.

بۆ من وەك میدیاكارێك جێگەی تێڕامان بوو حزبێكی خاوەن ئەزموونی 76 ساڵەی وەك پارتی دوای زیاتر لە ساڵێك لە ململانێ بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار و شكست ھێنانی دوو كاندیدی, هێشتا خۆی بەبراوە بزانێت و خۆی بكات بە خاوەنی سەرۆك كۆماری ئێستا و تەنیا دڵی بەوەخۆش بێت و وانیشانی بدات رێگری كردووە كاندیدێكی یەكێتی پۆستەكە بۆجاری دووەم بەدەست بھێنێتەوە ، لەكاتێكدا بۆ یەكێتی ھیچ جیاوازییەكی نەبوو لەنێوان «د.بەرھەم ساڵەح یان د.لەتیف رەشید» كامیان ببنە سەرۆك كۆمار چونكە جگە لە ناوەكانیان ھیچ جیاوازییەك لە پێناسەی یەكێتی بوونیاندا نییە، پارتی بەم گەمەی كە كردی وویستی وا نیشانی بدات كە توانای گۆڕینی ھاوكێشەكانی ھەیەو لە ئەنجامدا ئەگەر پێی چاك نەكرێت پێی تێك دەدرێت! كەوابێت بۆچی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم پڕۆسەیەدا خۆی بەدۆڕاو نیشان نادات! لەكاتێكدا بۆ دوو خولی سەرۆكایەتی كۆمار شكستی گەورە و كەمەر شكێنی بەركەوتووە ، لە سادەترین وەڵامدا پارتی دوای چەندین رێكەوتن و پێكھێنانی ھاوپەیمانێتی لە دیاترینیان ھاوپەیمانی سێ قۆڵی"سەدر,سونە,پارتی" ھێزی سەركەوتنی كاندیدەكانی «ھۆشیار زێباری و رێبەر ئەحمەد»ی نەبوو ئیدی چۆن ھێزی ئەوەی ھەیە كاندیدێك لە دەرەوەی حزبەكەی بسەپێنێت بەتایبەت تێكۆشەرێكی دیاری لایەنی ركابەر ، كەواتە روونە ئەوەی روویدا وویست و خواستی لایەنەكانی دیكەی عێراق بوو نەك پارتی ، كە لەبەر ھەر ھۆكارێك بوبێت تەنانەت ئەگەر وەك كاردانەوەیەكیش بوبێت لە بەرامبەر خۆراگری و پێداگیرییە بەردەوامەكانی كابتنی كەشتییەكەی یەكێتی لە كۆتا ساتەكاندا ھەندێكیان پەیمانی خۆیان گۆڕی بەڵام نەك دژی یەكێتی بەڵكو ھەر لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی بڕیاریاندا و وەك ھەمیشە لە پرسی سەرۆك كۆماردا پارتی ھیچی دەست نەكەوت و بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە هەولێر, بەناچاریش بۆ شاردنەوەی شكستەكەی و راگرتنی سۆزی لایەنگرانی و ھێشتنەوەی دەرگایەك بۆ بەشداریكردنی لە كابینەكەی "محەمەد شیاع سودانی" خۆی بە دۆڕاو نیشان نادات و دوای ئەم هەموو مێووژ تەڕبوونە هێشتا دەیەوێت بڵێت بەهێزی ئەو سەرۆك كۆماری نوێ هەڵبژێردرا, ئەرێ كەسێك نییە پێیان بڵێ ئەو هێزە كاریگەرەتان بۆچی بۆ سەركەوتنی كاندیدەكانی خۆتان بەكار نەهێنا و لەدواین ساتدا كاندیدی دووەمیشتان دوای دڵنیابوونەوە لەسەرنەكەوتنی كشاندەوە.









Enter


You are messag