Alternate Text

لە نێوان قوباد تاڵەبانی و کازم فاروقدا

مەریوان عەبدوڵڵا‌ 23/03/2021

لەیەک سات و رۆژدا و لەنێو دوو پەرلەمانی یەک وڵات و ھەرێمدا دوو کار و کردەوەی جیا کەوتنە بەر باس و چاوی زۆرینە ، ئەگەر بە ویژدان و چاویلکەی بەرژەوەندی خەڵک لەم دوو کردەوە و ھەڵوێستە بڕوانیت تێدەگەیت کامیان خزمەت و دڵسۆزی بۆ خەڵک تێدایەو کامەشیان جگە لە تای ھەڵبژاردن و بانگەشەی پێشوەخت و مشتێک خۆڵ بۆ چاوی خەڵک ھیچی تری تێدا نییە .

کردەوەی یەکەم ئەوەی لەپەرلەمانی کوردستان روویدا کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ویستی بەو کارەی سەکۆ و شانۆی پەرلەمان بۆ بەژەوەندی خۆی بەکاربھێنێت و وانیشانی بدات کە تەنیا ئەو حزبەکەی لە بەرەی گەل و خەڵکی ھەژارو کەمدەرامەتدان !

بەڵام ئەگەر وێنە گەورەکە بەتەواوی ببینیت و کەمێک ووردتر تەماشای بکەیت تێدەگەیت ئەوەی روویدا نە ھەڵوێست وەرگرتن بوو نەداکۆکی لە بەرژەوەندی و قوتی خەڵک بەڵکو سەرکەوتن بوو بەسەر پلیکانەی ھەست و سۆزی خەڵکدا بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەرژەوەندی کەسی و سیاسی لەژێر ناوی داکۆکی کردن لە ماف و ژیانی خەڵک !

بەڵام ھەمان رۆژ و نزیک لە ھەمان کات ھەڵوێست و کارو کردەوەیەکی بەرھەمدارمان بینی لە بەغدای پایتەخت و لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاتێک قوباد تاڵەبانی و تیمی دانوستانکاری ھەرێم بەرھەمی ١٠ سەردان و ٢٠٦ کاتژمێر کۆبوونەوەیان چنیەوەو کۆڵیان نەدا تاکو پشک و قوتی خەڵکی کوردستانیان لە بودجەی گشتی عێراق مسۆگەر کرد ، ئەوەی قوباد تاڵەبانی کردی موچەو شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانی بۆ ماوەی ساڵێک مسۆگەر کردو حکومەت و ھەرێمی کوردستانی لە لێواری کەوتن و شکست پاراست و ئومێدی بۆ خەڵک گەڕاندەوە ، بە لێھاتووی خۆی توانی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کە بەشێکیان تاسەر ئێسقان دژی کورد و ناردنی بودجەی ھەرێم بوون رازی بکات و دواجار لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان پشکی ھەرێم لە بودجەی عێراق جێگیر کرا ، ئەم ھەنگاوە جۆرێک لە متمانە لە نێوان ھەرێم و بەغداد دەگەڕێنێتەوەو ھەروەک پرۆسەی ناردنی بوجە و رێکەوتنی ھەرێم و بەغداش بۆ ئایندە ئاسانتر دەکات، لەنێوان ئەو دوو وێنەیەی بۆچون و تێڕوانینی خەڵکی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکرد، بینیمان قوباد تاڵەبانی و تیمی دانوستانکاری ھەرێم توانیان بەستەڵەکی چەند ساڵەی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێم بتوێننەوە و دوای چەندین ساڵ بەغداد قایل کرا بەشە بودجەی ھەرێم بە یاسا بنرێت و تا رادەیەک خەڵک لە دۆخی دژواری ئابوری رزگار بکرێت ، لەم کاتەدا ناکرێت نەپرسین کردەوەو پێڵاو ھاویشتنەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ چی لە ژیانی خەڵک دەگۆڕێت و چی گۆڕانکارییەک لە کوردستان دروست دەکات جگە لەوەی خۆی وەک پاڵەوانی ساختەی نێو سیاسەت و ھۆڵی پەرلەمان نیشاندا ؟