Alternate Text

نەوشیروان مستەفا لەباری نەورۆزەوە

نەوشیروان مستەفا‌ 23/03/2021

لە كوردستانی عێراق، لە بەرامبەر سەری ساڵی زاینی دا ئێستا بە شانازییەوە ساڵێك ئەنوسن لە ساڵی هیچ میللەتێكی ئەم دنیایە ناچێ، گوایە ئەو ساڵی كوردییە، لە كاتێكدا ئەگەر یەكێ بە وردی بچێتە بنج وبناوانی مێژووی ئەو ساڵە نەك ناهێنی بكرێتە ساڵی لەدایكبونی كورد، بگرە ئەبو مێژونوسانی كورد خۆیان نەكردبایە بە خاوەنی، چونكە ئەوە ساڵێكە وەكو مێژووی ناوچەكە ئەیگێڕێتەوە، لەو ساڵەدا چەند تیرە و هۆزی دڕەندە و داكەوتوی ناوچە شاخاوییەكان هێرشیان كردوەتە سەر نەینەوای پایتەختی ئیمپراتۆری ئاشوری و یەكێ لە پێشكەوتوترین شارستانێتییەكانی ئەو سەردەمەیان بە جۆرێ وێران كردووە كە ئیتر هەڵنەساوەتەوە..
سەیر ئەوەیە كورد خۆی بكا بە خاوەنی كارەساتێكی لەو بابەتە و بیكا بە ساڵی لەدایكبونی خۆی كەچی خۆی بە بێگانە بزانێ لە شارستانێتیە گەورەكانی میزۆپۆتامیا و زاگرۆس و ئێران، خۆی بە بێگانە بزانێ لە شارستانێتی سۆمەری و بابلی و ئەكەدی و خوری و گوتی و لۆلۆیی، لە كاتێكدا، تەنیا لە كوردستانی عێراقدا، هەزاران خشتی نوسراو دۆزراونەتەوە و سەدان شوێنەواری گرنگ شوێنەواری گرنگ لە هەولێر و كەركوك و دهۆك و سلێمانی، لە هەورامان و شمشارە و بێتوانە و دەربەندی گاور و بەمۆ و پەیكوڵی و پیرەمەگرون و حەوزی حەمرین و كیلەشین و زاخۆ دۆزراونەتەوە و هەزارانیش لە ژێر خاك دا ماون هێشتا كنە و پشكنینی زانستی یان تێدا نەكراوە، ئەگەر دەستكردی خەڵكی ناوچەكە نەبوبێ، داگیركەر هەرگیز نەیتوانیوە تاشەبەردی ئەو شاخانە هەڵكۆڵێ، پەیكەری لە سەر بنەخشێنێ و نوسینی لەسەر تۆماربكا.