Alternate Text

نەرمین عوسمان بۆ دارۆی شێخ نوری

نەرمین عوسمان‌ 23/03/2021

ئەمڕۆ نۆزدە ساڵی تەواو بەسەر کۆچیدوایی تۆدا تێپەڕدەبێ، نۆزدە ساڵ ئازارەکان وەک گاسنی بێ بەزەیی ناخم دەکێڵن.
‏‎دارۆ گیان تۆ پیاو و مرۆڤێکی وا بوویت ھەر زۆر زوو دڵ و عەشقی منت کێش کرد، نیگای رۆژانی زانکۆت، خاکێتی و مرۆڤبوونت، بیروبۆچونت سەر راستی و ئەوینی راستت، دڵسۆزیت بۆ خاک و پێشمەرگە و وەستانەوەت دژی ستەم و زۆرداری، گەورەیی نواندنت لە ئاست خزم و کەسوکار، بەتەنگەوەبوونت بۆ ھەمووان، ھەوێن و ھۆکاری عەشق و دڵنەواییم بووی، هۆکاری بەختەوەریم بووی.
‏‎دارۆی من و ھەمووان، نۆزدە ساڵە بێ تۆین، بەس دڵ لە دڵ مەدە، نەک لای من، بگرە لای هەموومان بوونت هەیە و قسەکانت رۆژانە دووبارە دەکەینەوە، لە خۆشی و ناخۆشیدا هەست بە بوونت دەکەین. 
دڵت وەک بەهار وابوو بۆیە لە بەهاردا کۆچتکرد، رەوەندێک بووی بەرگەی کەشی قورست نەدەگرت، ‏‎تۆ دڵی منت پڕ کرد لە عەشق، دڵی ھاوڕی و ئارام  و نارینت پڕ کرد لە دڵسۆزی و رێزگرتن و خاکەڕایی و خۆشەویستی بۆ کوردستان، تۆ ھێندە بێ وێنە بووی، ھەمیشە ئەڵێم بۆ لەم سەر زەمینە ھەر یەک دارۆ ھەبوو.
دارۆی من، ئازیزە بێ وێنەکەم، نۆزدە ساڵە تۆ ھەر بە جەستە لێم دووری، دەنا خۆشت ئەزانیت بە ھەموو ھەست و ھۆش و رۆح و ژیانمەوە لاتم و لات ئەبم.
‏‎تۆ رۆیشتی، بەڵام زۆر شتت بۆ بەجێھێشتم، وەفا و راستگۆیی، ئەوین و جوانی، منداڵە نازدارەکانمان، ھاوە و ئارەکۆ و نارە گوڵی، تۆ ئەزانی بە تۆ و ئەوان چەند ئاسوودەم، ئەزانی لە دووری تۆ دوو کوڕ و تاقانە کچەکەمان چەند حەیرانی تۆن و نازی منیش ئەکەن. 
‏‎بنوو دارۆکەم، دارۆی عەشق و خەندە و جوانی و قسە خۆشی، چۆن زوو جێتھێشتین چۆن زوو بێ نازت کردین؟ نەئەوەندە منداڵبووم بیرم بچێتەوە، نە ئەوەندەش گەورەبووم لەبیرت بکەم، خەونی پیربوونمان بەیەکەوە زوو کوتایت پێهێنا، تەنها خەونێک بوو و هچیتر. 
‏‎ھەم عاشقتم وەکو سەردەمی پێکەوەبوونمان، ھەمیش بیرت ئەکەم چوون باڵندەیەکی باڵشکاو، بیری فڕین دەکات، دەمەوێ هەتا زووە رێگام بکەوێتە لات ژوانێک برەخسێنینم بۆ هەتایە.
ئەی ئەم خاک و گڵە چەند خۆشەویستمان لێدووردەخاتەوە، چەندە بێبەزەییە چەندین روحی جوانی لە باوەش کردووە.