Alternate Text

ھەرێم دوای پەسەندکردنی بودجە

مەریوان عەبدوڵا‌ 23/03/2021

لەوە گەڕێن بودجە پەسەندکراوەکەی عێراق بەشێکی زۆری داواکاری و خواستەکانی کوردی تێدا جێنەکراوەتەوە و دەبوو باشتربێت لەوەی کە ئێستا ھەیە، بەڵام ئەگەر بە چاویلکەی ١٠ ساڵی رابردووی کێشە و قەیرانی تاقەت پڕووکێنەکانی ھەرێم تەماشا بکەین ئەوکات تێدەگەین سەرباری کەلێن و کەموکورتییەکانی بودجەکە، کە بۆ سێ ساڵی داھاتووە ھیوایەکە بۆ بوژانەوەی ژیانی فەرمانبەران و بەگشتی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و گەڕانەوە بۆ ساڵانی پێش قەیرانی دارایی یان راستتر بڵێم گەڕانەوە بۆ ژیانی ساڵانی خۆش گوزەرانی، ئەو کاتەی کە دابەشکردنی مووچە ھەواڵی گەرمی میدیاکانی ھەرێم نەبوو پێشینەی خانووبەرە و ھاوسەرگیری و پڕۆژەی گەورەو بچووک مافێکی بچوکی خەڵک بوو  پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە شارو شارۆچکەکان بێ گرفت جێبەجێدەکران و کار و کاسپی خەڵک بێ کێشە و بەگشتی زۆرینەی خەڵک لەخۆشیدا دەژیان.

راستە بودجەی پەسەندکراوی عێراق کە بۆساڵانی(2023-2024-2025) ە بەڕادەیەکی زۆر خواستەکانی کوردی وەک پێویست تێدا جێ نەکراوەتەوە و نادادپەروەرییەکی زۆری تێدایە لە دابەشکردن و دابینکردنی بودجە بۆ ھەموو گەلی عێراق بەشێوەیەکی بەیەکسان، ھەرچەندە بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد ھەوڵی زۆریاندا بۆ جێکردنەوەی مافەکانی کورد لە بودجەدا بەڵام وادیارە لەم دەستبادان و ژینگە شێواوەی عێراق و پێگەی لاوازی کورد لە بەغداد ھەر ئەوەندەیان پێ کرا رەنگە چنگە کڕێی ئەوان نەبوایە ئەوەش نەدەکرا، لەوەگەڕێین ئەوە تازە بوو بە بەشێک لە رابروو ئەوەی ئێستا گرنگە پابەندبوونی ھەردوو حکومەتی فیدڕاڵی و ھەرێمە بەجێبەجێکردنی ھەموو بڕگەکانی بودجەکە بۆ ئەوەی بەبێ سەر ئێشەو بێنەو بەردە لەمەودوا بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت و ھیچ لایەک سەرئێشە دروست نەکات.

ئەگەر وەک ئەوەی پەسەندکراوە بەشە بودجەی ھەرێم بەبێ گرفت رەوانە بکرێت بەدڵنیایی گۆڕانکارییەکی گەورەو ریشەیی لە ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان و فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دێتە ئاراوە و کۆتایی دێت بەو سەدان قەیران و گرفتانەی کە خەڵک ساڵانێکە بە دەستییەوە گیرۆدە بووە، کێشەگەلێک کە جگە لە ژیانی بەرپرسان و دەست رۆیشتووەکان بەتەواوی ژیانی ژیانی خەڵکی بەگشتی ھەرەسان کردووە، ھەرچۆنێک بێت ئەوە رۆیشت تێپەڕی ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵک کەمێک بەئارامی و دوور لەو ھەموو قەیران و کێشانە بژی و تۆسقاڵێک ھەست بە خۆشی و ئارامی بکات.

خەڵکی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ١٠ ساڵە باجی سیاسەتی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت و دەستبادانی بەشێک لە بەرپرسانی ھەرێم دەدات لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دوای ئەو ھەموو ساڵە بینیمان ھەرێم بە ناچاری گەڕایەوە بۆ سەر سفرەو بەڕەی بەغدادو بەھەموو داواکارییەکانی قایل بوو، پاش ئەم ھەموو مێووژ تەڕبوونەش ئێستا کاتی ئەوەیە بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو تاقە پەنجەرەیەدا دەکەین کە بەغداد بەڕووی ھەرێمدا خستوویەتیە سەر پشت، گرنگە پەند لەھەڵەکانی رابردوو وەربگرین و جارێکی دیکە سەکێشی و ریسک بە ژیان و گوزەرانی میلەتەکەمانەوە نەکەین و لێ گەڕین بۆ لەمەودوا کەمێک بەبێ کێشەو قەیران بژین.