Alternate Text

قسەیەک بۆ یادی رۆژنامەگەری کوردی

مەریوان عەبدوڵا‌ 23/03/2021

بەو پێیەی سێ بەشی ژیانم لەنێو راگەیاندن و بێنەو بەردەو ژاوەژاوی نێو میدیای کوردی بەسەر بردووەو تێکڕا نزیکەی ٢٠ ساڵە لەم بوارەدا کاردەکەم، بەحەز و خواستی خۆم لە تەمەنێکی کەمەوە تێکەڵ بەبواری میدیا و کاری رۆژنامەوانی بووم، لەبەر ئەم ھۆکارە بە مافی خۆم دەزانم سەرنجێک لەبارەی یاد و رەوشی رۆژنامەگەری کوردی بنوسم...

سەرەتا بەداخم بۆ ئەو رەوشە خراپەی رۆژنامەگەری کوردی تێی کەوتووە، ناتوانیت نیگەران نەبیت کاتێک دەبینیت پێگەی رۆژنامەگەری لە کوردستان لە بازنەیەکی داخراوی تارادەیەک چەقبەستودا دەسوڕێتەوە، پاش دەیان ساڵ ھێشتا نەمان توانیووە رێڕەوێک بدۆزینەوەو ھەنگاوی گەورە و بنیاتنەر بنێین و میدیای کوردی بخەینە سەر شاڕێی میدیای سەنگین و خاوەن پێگەی راستەقینە، تا ئێستا نەمان توانیووە ھەنگاوێک نزیک بکەینەوە لەو بەرەوپێشچونەی کە میدیای جیھانی ساڵانێکی زۆرە پێی گەیشتووە، زۆربەمان ھەست بە کەلێن و کەموکورتییەکان دەکەین بەڵام بەکاریگەری ئەو دۆخەی کە سالانێکە ھەرێمی کوردستانی تێدایە و بەھۆکاری گێژاو ژینگەی نالەباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و لێکەوتەکانی جەنگ و کاولکاری و سڕینەوەی یەکتر چاومان لە باشکردنی دۆخی میدیا نوقاندووە و کوێرانە لەگەڵ ئەو خواست و شەپۆلەدا دەڕۆین کە بەپلان ئامانجیەتی میدیایی کوردی لە ھەمان بازنەدا خول بخوات و دەرفەتی ئەوەی نەبێت رێڕەوی راستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە.

لەکاتێکدا رۆژنامەنوسان لەسەر کەیسی ئاشکراکردن و گواستنەوەی راستیەکان بۆخەڵک تیرۆر دەکرێت و بەشێکی تریان بەپاساوی بەزاندنی (ئازادی رۆژنامەوانی) لە زیندان توند دەکرێن، ھیچ ھیوا و ئومێدێکی ئەوتۆ بۆ بەرەوپێشچونی بواری رۆژنامەوانی لەم نیشتیمانەی خۆمان بەدی ناکرێت، لەدوای راپەڕین ئومێدێک ھەبوو میدیا رۆڵی راستەقینەی خۆی ببینێت و چەند ھەنگاوێکی بچوک نرا، بەڵام ھەر زوو ئەو ھەنگاوە کەوتە بەر ھەڕەشەی سیاسییە بەرژەوەندی خوازەکان و میدیایان کردە داردەست و دەستەمۆی خواستەکانیان و داپۆشینی عەیب و عارەکانیان.

پاش 123 ساڵ تەمەن ئێستا رەوشی میدیا لە کوردستان لە ناوەڕۆک و پەیامدا لەو پەڕی خراپیدایە، ناکرێت میدیاکاران لەنێوان دووڕیانی چاککردن و پەراوێز خستن رێگەی دووەم ھەلبژێرن بەڵکو دەکرێت ھەموان بە بوێری و بەدەنگی بەرز ئەو دۆخە رەتبکەینەوە کە میدیای کوردی پێیدا تێپەڕ دەبێت، ھەق وایە بۆ مێژوو بەرپرسیارییەتی ئەم قۆناغە ھەڵبگرین و رۆڵی گرنگی خۆمان ببینین لە راستکردنەوە و سەرپێ خستنی باری لار رۆژنامەگەری کوردی و کەسانێک نوێنەرایەتی ئەم بوارە نەکەن کە لە بازنە و گۆماوی بەرژەوەندیی خۆیاندا مەلە دەکەن.

لەلایەکی تر کاتێک میدیا دەبێتە کەرەستەیەک بەدەستی بەشێک لە سیاسییەکان و کەسانی ئاست نزم و بێ مۆڕاڵ بۆ بەدیھێنانی ئامانج و کاری ناڕەوای تاقمێک کە جگە لەبەرژەوەندی و بازرگانی خۆیان بیر لە بنەماکانی مرۆڤ بون و ئازادی رادەربڕین و سودی گشتی ناکەنەوە ، ئەو دەمە (میدیا)کاری دەبێتە پەردەپۆشکردن و میکیاژکردنی کارە قێزەون و ناشایستەکانی نێو کایە جیاکانی ژیان بۆ ئامانجێکی دیارکراو، لەم دۆخەدا دەبێت ھەر چاوەڕێی ئەوە بکەین وەک کەشتی چارۆکەدار رەشەبایی رەشی رۆژگار ئاراستەی بکات نەک لۆژیک و ئەخلاق و بنەماکانی کاری رۆژنامەوانی.

لەنێو ئەم گێژاوەدا ھێشتا ئومێدمان وایە ئەگەر تروسکاییەکی کەم مابێت بۆ گەڕانەوەی پێگەی راستەقینەی رۆژنامەگەری کوردی لەبار نەبرێت و پێکەوە ئەوانەی قەڵەم و ویژدانی خۆمان نەفرۆشتووە کارێک بکەین کەمێک نرخ و پێگە بۆ بوارەکە بگەڕێنینەوەو رێگە نەدەین لەمە زیاتر پیشەیەک کەلەسەر ئاستی دونیا پێگەو ناوبانگێکی کاریگەر و گەورەی ھەیە، لە کوردستان بەم جۆرە بێ بایەخ بکرێت و رۆژ لەدوای رۆژ پێگە و کاریگەری لاواز و دەستەمۆ بکرێت .

بەشێک لەو سەرگەردانییەی کە میدیای کوردی تێی کەوتووە دەگەڕێتەوە بۆ زۆری و بۆری میدیاکان و دابەشبونیان بەسەر بەرژەوەندی حزبی و کەسی و ئایدۆلۆژی، ھەریەکەو لەڕوانگەی بەرژەوەندی خۆی چەپۆکێک لە میدیا دەدات و سەر کزو زەلیلی دەکات، ئەم ھۆکارانە وای کردووە راگەیاندنی کوردی بەردەوام لە قەیرانێکی دروستکراودا بێت و بچێت، کارەساتە گەورەکەش لێرەدایە بەشێک لە میدیا بەپلان سەرقاڵی بنکۆڵکردنی ئەخلاق و دابونەریت و کلتوری کوردەوارییەو دەیانەوێت کۆمەڵگە لە رەگەوە لە ھەموو بەھا بەرزەکانی مرۆڤایەتی و رەوشت بەرزی دابماڵن.

ھاوشێوەی زۆرێک لە سێکتەر و لایەنەکانی تری ژیان بواری رۆژنامەگەریش لە کورستان لەچەقی گێژاوێکی قوڵدایەو پێویستی بە شۆڕشێکی رۆشنبیری و کلتوری گەورە ھەیە ، ھەرکات گەیشتینە ئەو ئاست و قۆناغە دەتوانین شانازی بە خۆمان و پیشەکەمانەوە بکەین، لەدڵەوە دەخوازم ئەو رۆژە بەچاوی خۆمان ببینین .