Alternate Text

زەنگێکی مەترسیدار

ئەبوبەکر کاروانی‌ 23/03/2021

ئەگەر ئەو ھەواڵانە ڕاستبن باس لەوە دەکەن، گەنجەکەی چەمچەماڵ( خواناس) لەسەر جیاوازی بیروڕای ئاینی ، یاخود بڵێین: بەپاڵنەری ئاینی کوژراوە، زەنگێکی مەترسیدارە ودەبێت ھەموومان ڕاچڵەکێنێ ولەئاستیا ھەڵوێستە بکەین. چونکە توندرەوی وتوندوتیژی زەھرێکە لەجەستەی ھەر کۆمەڵگەیەکدا بڵاو بێتەوە دایدەرزێنێ وکۆڵەواری دەکات، ژیان و جوانی وئاشتی کۆمەڵایەتی تێدا دەکوژێت.
بە داخیشەوە توندرەوی بەھەردوو سەر، واتە عەلمانی وئیسلامی لەئارادان و واقیعن، گەرجی لەبەرگە ئاینییەکەدا زەقترە. سووکایەتی بەئیسلام کەرەمزی نالێپرسراوێتیە، ھەیەو لە فەزای مەجازیشدا ھەندێ پەیجی تایبەتی بۆ تەرخان کراوە!
توندرەوی وتەکفیری ئیسلامیش بەتایبەتی لەبەرگی سەلەفییەتدا نەك ھەر واقیعە، بەڵکو مەترسیشە. نابێت بەھیچ جۆرێ وبەناوی ھیچ شتێکەوە کوشتن لەسەر بیرو ڕا پاساو بدرێت، وەڵامی بیرورا بیرو ڕایەو شوێنی سەلماندن و یەکلاییکردنەوەی سووکایەتیش دادگایە. ھەربۆیە گەر ئەم حاڵەتەو پێشینە ئابڵۆقە نەدرێت وھەموومان دژی نەوەستینەوە، دە کرێت ببێت بەسەرچاوەیەکی تری ھەرەشەکردن لە پێکەوە ژیانی ئاشتیخوازانە لەھەرێمدا،
لێرەشەوە ئەرکی دینی وئەخلاقی و نیشتیمانیمانە، توندرەوی وتوندوتیژی لەھەموو بەرگەکانیدا رەتکەینەوەو لەھەموو پاساوو رەوایەتیەکی دینی وئەخلاقی وشارستانی ونەتەوەیی دایبڕنین.