ئەمڕۆ ساڵڕۆژی دامەزراندنی سوپای عێراقە

درێژتر لە هەواڵ 1 رۆژ پێش ئێستا

لەلایەن: نێرگز

Alternate Text

بابەتە سەرەکیەکە: ئەمڕۆ دووشەممە 6 کانوونی دووەم، 104 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای عێراق تێدەپەڕێت.

مێژوو: دامەزراندنی سوپای عێراق دەگەڕێتەوە بۆ (6) ی كانونی دووەمی ساڵی (1921)، یەكەمین یەكەی سوپای عێراق لەسەردەمی ئینتیدابی بەریتانی بەناوی (موسا كازم) لەشاری بەغدا پێكهێنرا، دواتر لەساڵی (1931) هێزی ئاسمانی عێراق پێكهێنرا لەساڵی (1937) دا هێزە دەریاییەكان پێكهێنرا.

لە كۆتاییەكانی جەنگی نێوان عێراق‌ و ئێراندا، ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق گەیشتە لوتكە‌و بوو بە یەك ملیۆن سەرباز، ساڵی (2003) دوای هێرشی هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق، (پۆڵ برێمەر) حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق بە بڕیارێك سوپای عێراقی هەڵوەشاندەوەو سەرلەنوێ دەستكرا بە پێكهێنانەوەی ئەو سوپایە.

چۆنیەتی دامەزراندنی سوپای عێراق

دوای شۆڕشی ساڵی (1920)، یەكەمین حكومەت لە عێراق پێكهێنرا، ئەو حكومەتە بە دروستكردنی فەوجێك بەناوی فەوجی (موسا كازم) لەمانگی كانونی دووەمی ساڵی (1921) دەستیكرد بە بنیادنانی بنەماكانی سوپای عێراق، فەوجی موسا كازم لەو ئەفسەرانە پێكدەهات كە پێشتر لەگەڵ سوپای عوسمانیەكاندا لەناوچەی كازمیە لە بەغدا كاریان كردبوو.

دواتر وەزارەتی بەرگری عێراق بە سەرۆكایەتی فەریق (جەعفەر عەسكەری) پێكهات، سوپا لەو كاتەدا پشتی بە خەڵكانی خۆبەخش دەبەست، فیرقەی یەكی پیادە لە دیوانیە‌و فیرقەی دوو لە كەركوك پێكهێنرا.

ساڵی (1931)، عێراق سەربەخۆیی لە بەریتانیا وەرگرتەوەو هەر لەو ساڵەدا هێزی ئاسمانی پێكهێنرا‌و دوای چەند ساڵێكیش هێزە دەریاییەكان بەژمارەیەك بەلەمەوە دروستكرا.

ساڵی (1936) سوپای عێراق بەشداری لە یەكەمین كودەتای سەربازیدا كرد بە سەرۆكایەتی فەرماندەی فیرقەی دوو فەریق (بەكر سدقی)، حكومەتێكی نوێ بە سەرۆكایەتی (حیكمەت سلێمان) پێكهێنرا، مانگی ئایاری ساڵی (1941) سوپای عیراق چووە جەنگێكەوە لەگەڵ سوپای بەریتانیا، بەر لەو جەنگی بەریتانیا سوپای عێراق لە چوار فیرقەی پیادە پێكدەهات هەر فیرقەیەكیش سێ لیوای لە خۆدەگرت، فیرقەی یەكەم ‌و سێیەم لە بەغدا جێگیربون، فیرقەی دوو لە شاری كەركوك‌ و فیرقەی چواریش لە دیوانیە بوو.

لە ساڵی (1958) دا، سوپای عێراق لە چوار فیرقەی پیادە پێكدەهات؛ فیرقەی پیادەی یەك لە دیوانیە، فیرقەی دوو لە كەركوك‌، فیرقەی سێ لە دیالە‌و فیرقەی چوار لە موسڵ بوون.

لەهەمان ساڵدا، سوپای عێراق جارێكی دیكە بەشداری كودەتایەكی سەربازی كرد بە سەرۆكایەتی (عەبدولكەریم قاسم) (شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958)، ساڵی (1961) دوای سەربەخۆیی كوەیت (عەبدولكەریم قاسم) هەڕەشەی كرد ئەو وڵاتە بخاتە سەر عێراق، بەو هۆیەوە سوپای عێراق لە ناوچە سنورییەكان لەگەڵ كوەیت كۆكرایەوە.

ساڵی (1963) سوپای عێراق جارێكی دیكە بەشداری كوتادەی سەربازی كردو ئەمجارەشیان كۆتایی بە دەسەڵاتی (عەبدولكەریم قاسم) هێنا، ساڵی (1968) سوپای جارێكی دیكە كودەتای كرد‌و بەعسییەكان بەهۆی ئەو كودەتایەوە گەیشتنە لوتكەی دەسەڵات لە عێراقدا.

دواتر (سەدام حوسێن) كە بوو بە سەرۆكی وڵات هەوڵەكانی دەستپێكرد بۆ بنیادنانی سوپایەكی گەورەو بەهێز، لە ماوەی ساڵانی جەنگی نێوان عێراق‌ و ئێران ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق زۆر زیادیكرد، ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق لەو ساڵانەدا‌و بە دیاریكراویش ساڵی (1981) گەیشتە (200) هەزار سەرباز كە دابەشبووبوون بەسەر (12) فیرقەو سێ لیوای سەربەخۆدا، دواتر لەساڵی (1985) دا ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق گەیشتە (500) هەزار سەرباز‌و (23) فیرقەو نۆ لیوا.

لەكاتی جەنگی دووەمی كەنداودا لەساڵی (1991)، سوپای عێراق گەورەبوونێكی بەرچاوی بەخۆوە بینی ‌و لەو ساڵانەدا ژمارەی سەربازانی سوپا گەیشتە یەك ملیۆن سەرباز، كە دابەشكرابوون بەسەر (42) فیرقە‌و (20) لیوای تایبەت، سەرباری شەش فیرقەی گاردی كۆماری.

بەپێی راپۆرتێكی كەركوك ناو، دوای ڕووخانی رژێمی پێشوی عێراق بەسەرۆكایەتی (سەدام حوسێن) لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا‌و هاوپەیمانانەوە، لە ساڵی (2003) دا حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق، (پۆڵ برێمەر) بە بڕیارێك پاشماوەكانی سوپای عێراقی هەڵوەشاندەوە‌و بڕیاردرا لەسەر پێكهێنانی سوپایەكی نوێ لە (17) فیرقە، هەر فیرقەیەكیش لە چوار لیوا پێكدێت لەگەڵ پێكهێنانی هێزە وشكانی، ئاسمانی، دەریاییەكان ‌و هێزی گاردی نیشتیمانی.

Alternate Text

دوایین هەواڵ

پارەی بژمێرەکانی سەرژمێری دابەش دەکرێت

کوردستان 1 کاتژمێر پێش ئێستا

عەممار حەکیم گەیشتە سلێمانی

کوردستان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران کوێ دەکاتە پایتەختی نوێ؟

درێژتر لە هەواڵ 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا