Alternate Text

بەردەوامی شەڕی غەززە و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە

کاردۆ عوسمان هەورامی‌ 23/03/2021

بەردەوامی شەڕی غەزە و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە شەری غەززە ماوەی زیاتر لە مانگێکە لە نێوان گروپە چەکدارییەکانی فەلەستین و سوپای ئیسرائیل بەردەوامی هەیە و بەهۆیەوە زیاتر لە دە هەزار هاوڵاتی کوژراون کە زۆرینەیان منداڵن، هەروەها لەسەدە 70ی دانیشتوانی کەرتی غەززەش ئاوارەبوون، ئەوەی لەم ئامارە مەترسیدارترە ئەگەری فراوان بوونی جەنگەکەیە گۆڕانیەتی بۆ جەنگێکی هەرێمی کە ئەو کات دامرکاندنەوەی قورس دەبێت و قوربانییەکانیش چەندین هێندە زیاتر دەبن ئەوەی ئێستا بۆتە باسی میدیا جیهانییەکان و بەرپرسانی جیهان هۆشداری لێدەدەن، فراوان بوونی جەنگی غەززەیە بۆ جەنگێکی هەرێمی، ئەم مەترسیەش دوای ئەوە دێت کە گروپە چەکدارییەکانی عیراق و سوریا و حزبوڵلای لوبنانی هێرشەکانیان بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا زیاد کردووە، حزبوڵلاش هەموو کات باس لە بەرەکی نوێی جەنگ لە باکورەوە دژ بە ئیسرائیل دەکات.

ئەوەی کە مایەی نیگەرانیە ئەوەیە کە لە ئەگەری تێوەگلانی جەنگەکە لەلایەن ئەم گروپانەوە، ئەوە دەبێتە جەنگێکی نێودەوڵەتی، باشترین ئاماژەش بۆ ئەم بۆچوونە وتەیەکی لیندسی گراهام سیناتۆری ئەمریکی لە کۆمارییەکانە کە دەڵێت " ئەگەر حزبوڵڵا لە باکورەوە بەرەیەکی دیکەی جەنگ بکاتەوە، ئەوە پێویستە هێرش بکەینە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، چونکە حزبوڵڵا و حەماس بەبێ پاڵپشتی ئایەتوڵڵا بوونیان نیە"،ئەم قسەیە واتەی ئەوەیە کە فراوان بوونی جەنگ واتە بەریەککەوتنی راستەوخۆی وڵاتانی جیهان، کە بێگومان ئەو کات چەند وڵاتێک ناگرێتەوە، بەڵکو یەک لەدوای یەک دێنە ناو جەنگەکەوە. مەترسی جدی ئەوەیە کە لە ئەگەری فراوان بوونی جەنگەکە، ئێمە وەک عیراق و هەرێم ناتوانین خۆمانی لێبپارێزین، چونکە بەشێکین لە ناوچەکە و لە هەرە ناوچە گەرمەکانین، چونکە بە گروپە چەکدارییەکان دەورە دراوین، هەروەها لەناو چەقی ململانێکانین، بۆیە جگە لەوەی ئاواتخوازبین جەنگ کۆتایی پێبێت لەوەیە نەتوانین کارێکی ئەوتۆ بکەین، تەنها ئەوە نەبێت لەگەڵ هاوسۆزی بۆ قوربانیان خۆمان بۆ هیچ لایەنێک یەکلایی نەکەینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەم سیناریۆیە مەترسیدارانە ئەوەی مایەی خۆشحاڵیە هەوڵەکان بۆ ئەو ئاراستەیان کە رێگری لە فراوان بوونی بگیرێت، ئەنتۆنی بلینکین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانێکی ماراسۆنی بۆ وڵاتانی ناوچەکە کرد، هەموو هەوڵەکانیشی بۆ فراوان نەبوونی جەنگەکە بوو، هەروەها حەسەن نەسروڵڵاش لە وتارەکەیدا ئەو مەترسییەی ڕەواندەوە، بەڵام بەکراوەیی هێشتیەوە، تورکیا و ئێرانیش جگە لە شەری راگەیاندن هیچ ئاماژەیەکیان نیە بۆ ئەوەی بچنە جەنگەوە، بۆیە هێشتا ئومێدێکی زۆر هەیە کە جەنگ کۆتایی بێت و هەمووان لە پریسکی جەنگ پارێزراو بن.