Alternate Text

كورد لەدوای ئەسەد... گەڕان بەدوای هەل و رەوینەوەی مەترسییەكان

کاردۆ عوسمان هەورامی‌ 23/03/2021

رژێمەكەی ئەسەد دوای 53 ساڵ لە فەرمانڕەوایەتی كۆتایی پێهات وپەیكەریان كەوتە ژێر پێی خەڵكی ستەملێكراوی سوریا، لەم نێوەندەدا سوریا بە ئەرزی واقیع دابەشی سێ لایەن بووە، كورد، ئۆپۆزسیۆنی بەناو سوریا كە لەلایەن توركیاوە پشتگیری دەكرێن، دەستەی تەحریری شام كە بەرەی نوسرەی كۆنن و سەر بەقاعیدەن، كە ئەوان بە كردەر رژێیان رووخاند،ئەوان ئێستا تارادەیەك گۆڕان لە گوتار و بۆچوونەكانیاندا هەیە و هەر زوو لەسەر زاری محەمەد جۆلانی رابەریانەوە بە جیهانیان گوت كە ئەوان بەرەی نوسرەی كۆنن نین،بەڵام ئەوەی وەك كورد لای ئێمە جێگای بایەخە داهاتووی رۆژاڤای كوردستانە.

دەبێت ئێمە دان بەو راستییەدا بنێین كە شەڕی كۆنترۆڵكردنی دیمەشق چاوەڕوان نەكراو بوو، پەیوەندیشی زیاتر بە هاوكێشە نێودەوڵەتیی و رووداوەكانی جەنگی غەزە و لوبنان و ئۆكراینەوە هەبوو، چونكە ئەم رووداوانە وایكرد ئەسەد بروخێت، ئەگەر نا ئەسەد گەڕابووە وە نێو گۆِروپانی سیاسی و هەمووان پەیوەندییان لەگەڵ ئاسایی دەكردەوە، بۆیە لێكدانەوەمان بۆ رۆژاڤا دەبێت لەسەر بنەمای هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان بێت،ئەگەر نا دەكەوینە هەڵەوە.

كورد ئێستا لەسەدە40ی خاكی سوریای بەدەستەوەیە، بەڵكو دوای ئازادكردنی قامیشلۆ و بەشەكانی دیكە زیادی كردووە،بەڵام ئەمە رووبەرێكی ئاسایی نیە،بەڵكو دڵی سوریایە، چونكە لەسەدە 90ی نەوت و غازی سوریا لەژێر دەستی كوردایە، لەرووی كشتوكاڵییەوە بەپیتە و لە جیۆپۆلۆتیكدا هاوسنوورە لەگەڵ توركیا كە بە دڵی جیهان ناسراوە، دیمەشق و تاران بو رێرەوی كوردا تێدەپەڕن،ئێستا كورد ئەبولكەمالی بەدەستەوەیە كە دەروازەی هاریكاری گروپە چەكدارەكان بوو،ئەم شوێنە ستراتیژە بۆ كورد چەندە هەلە ئەوەندەش مەترسییە،بەتایبەت لایەنی توركی كێشەی گەورەی لەسەری هەیە،بۆیە ئەگەر كورد بتوانێت لە هاوكێشەی داهاتووی سوریادا بەرگری لەم خاكەی خۆی بكات،ئەوا براوەی سەرەكی دەبێت، چەند ئاماژەیەكیش بۆ خۆشحاڵی كورد هەیە،لەوانە:
یەكەم: لە بنەمادا نەیارەكانی كورد كە روسیا و توركیا و ئێران و گروپە شیعەكانی وەك حزبوڵا و بەرەی مقاوەمەن ئێستا لاوازن، هەر لاوازی ئەوانیش بوو ئەسەد رووخاند.

دووەم: كورد كەوتۆتە نێو نەخشەی داودی ئیسرائیل، كە لە 2016وە بە ئاشكرا ئیسرائیل كاری بۆ دەكات و دەیەوێت مەترسییەكان لەخۆی دووربخاتەوە و وڵاتە دژەكانیشی لاواز و دابەش بكات، لەبەرامبەریشدا كەمەنەتەوەییەكانی وەك كورد و ئەزەر بهێنرێنە پێشەوە، ئەم نەخشەیە لە رووباری  نیلەوە بۆ فوراتی عێراق درێژ دەبێتەوە، لەسەر ئاڵای ئیسرائیل هەردوو روبارەكە هەیە و هەمووی خاكی ئیسرائیلە،كە لێرەدا خاك بە واتای هاوپەیمان دێت نەك خاكی راستەقینە.

سێیەم: كورد لە رۆژاڤا زۆر لۆژیكانە مامەڵە دەكات و خاوەن هێزێكی تۆكمەیە و لە ناوخۆی سوریا و بۆ جیهان خۆی سەلماندووە، مەزڵوم عەبدیش زۆر وورد و سیاسییە و دەتوانێت لەم هاوكێشەیەدا جێگای خۆی بكاتەوە.

چوارەم: گروپە چەكدارەكانی سوریا( تەحریری شام و فەسائیلەكانی بەناو ئۆپۆزسیۆن) لەسەر ئاستی جیهان متمانەیان نیە و یاخود لاوازن، كە زەحمەت دەبێت وڵاتان لەسەروی هەموویانەوە،ئەمریكا و ئیسرائیل فەرەنسا، بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپی پشتگیریان بكەن،بەڵام كورد هێزێكی تاقی كراوەیە و جێگای متمانەیە،كوردیش بەرژەوەندییەكانیان دەپارێزێت، بۆیە تاكە رێگای ئەوانە بۆ گەیشتن بە سوریایەك كە هاوپەیمانی بێمەترسی داهاتوویان بێت.

بەڵام ئەوەی جێگای مەترسییە گروپەكانی سەر بە توركیان كە ئێستا ئۆپراسیۆنی بەناو (بەرەبەیانی ئازاد)یان دژی كورد راگەیاندووە،لەوەش مەترسیدارتر پاڵپشتی دەوڵەتی توركیایە، كە تا دواین خاڵ دژی ویستەكانی كورد دەوەستێتەوە،بۆیە بۆ كورد ئێستا لە سوریا هەلێك رەخساوە،بەڵام بەگوڵ دەورە نەدراوە، مەترسی جدیش هەیە، جا ئەم هەل و مەترسیە پەیوەستە بە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكان و بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، كە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەیبنین كە سوریا دەكەنە دەوڵەتێكی فیدراڵی یان بەهەمووان دووبارە مەركەز بنیاتدەنێنەوە كە ئەگەرێكی دوورە سوریا بێگۆرانكاری لە نەخشەی ئیداری و سیاسی بنیاتبنرێتەوە.