Alternate Text

جلی کوردی بۆ هەڵزنان و دابەزینی شاخە، بۆ کار و فەرمانە

کاوە شێخ عەبدوڵڵا‌ 23/03/2021

جلی کوردی بۆ هەڵزنان و دابەزینی شاخە، بۆ کار و فەرمانە، بۆ درەو و جۆماڵ و سەر خەرمانە.
جلی کوردی بەجۆرێک دروستکراوە، سەرباری هەموو کار و فرمانێکی قورس بەڵام تەنگەبەر نەبێ. مەجالی چوارمشقی و چیچکان و قاچڕاکێشانی هەیە. مەجالی بازدان و راکردن و خۆهەڵدانی هەیە.
بۆ سەرمای زستان و گەرمای هاوین، توانای بەرگری لە سەرما و گلدانەوەی فێنکایی هەیە.
دیزاینە بنەڕەتییەکەی ئەم جلە، دەتوانێ خۆی بگونجێنێ لەگەڵ شایی و ئاهەنگ و زەماوەنددا، هەروەها بۆ شیوەن و پرسە و ماتەمیش دەبێ.
لە هەرشوێنێک جلی تازە و ئاڵوواڵات بینی، یەکسەر ئەو هەستەت دەداتێ کە لێرەدا دڵخۆشیی و بۆنەیەکی شادیهێنەر هەیە.
پێکهاتەکانی جلی کوردی بەهۆی هەمەجۆرییەکەی، رێگە دەدات بە خاوەنەکەی کە زەوق و سەلیقە بەکار بهێنێ و چەندین رەنگ لە قاتێکدا کۆبکاتەوە. بۆ نموونە لە پیاواندا چۆغە و شەرواڵ و پشتوێن و کراس و فەقیانە.
لە ژناندا کراس و ژێرکراس و کەوا و سەڵتە و هێلەک کەمەربەن و کواڵوانە.
بەڵام لەگەڵ ئەم خاسیەتە چاکانەدا جلی کوردی هەندێ بارگرانی و هەراسانیشی هەیە بۆ نموونە: هەبوونی پێویستییەکانی قاتێکی تەواو. واتا ئەگەر بتەوێ قاتێک بکەی ئەوا نابێ لە چوار بەش و پێویستی کەمتربن.
بۆ خەو و کاتی پشوودان، جلی کوردی ئاسوودەیی کەم دەکاتەوە بەهۆی هەبوونی پارچە زۆر و فشۆڵ و دەڵبەکانی.
زۆر کەس تانە لەوە دەدەن کە جلی کوردی بۆ دەوام و ئەرکی رەسمی لە فەرمانگە و کۆمپانیاکاندا نابێ، ئەم قسەیە راستە بەڵام ئەمە خەوش و عەیبە نییە.
هەر جلی کوردی نییە کە بۆ دەوامی رەسمی دەست نادات، بەڵکو جلی ئازەری و تورکی ئەسڵی، عەرەبی و بەلووچی و ئەفغانیش بۆ دەوامی شوێنە رەسمییەکان نابن. ئەمەش دوو هۆی هەیە:
یەکەمیان ئەوەیە کە پێکهاتە و شێوازی دوورینی ئەم جلە رەسەنانە، پێکهاتەیەکی قەرەباڵخ و فشۆڵ و شپڕێوە. جوڵە و هەڵسوکەوت خاو دەکاتەوە لە چاو چاکەت و پانتۆڵی مۆدێرندا.
دووەمیان ئەوەیە: ئیدارە و فەرمانگە و کۆمپانیا، بەرهەمی مۆدێرنەن. بۆیە ئەم شێوازە نوێیەی حوکمداریی کاتێک گەیشتە ئەم ناوچانە. دەبوو سەرۆکی فەرمانگە و کارمەندەکانیان چاکەت و پانتۆڵی مۆدێرن بپۆشن تا لە خەڵکە ئاساییەکەی جیابکرێنەوە.
هەرچۆن و هەرچیبی، جلی کوردی توانایەکی زۆری هەیە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی سەردەمدا، کە ئەم توانایە لە جلی تورکی و ئازەری و عەرەبی و ئەفغانی و بەلوچیدا نییە یان زۆر کەمە. ئەویش بەهۆی ئەوەی دیزاین و رەنگ و پێکهاتە سەرەکییەکانی جلەکانی ئەوان سنووردار و تاڕادەیەکی زۆر یەکڕەنگ و یەک شکڵن.