لەدوا بەش و دوا پەراوێزی سەربوردە و چیرۆکی ژیانی راستەقینەی جەلەوە, ئەمەوێ باسی عەرەبە رەسەنەکانی جەلەوە بکەم کە بوون بەدوا میوانی خۆشەویستی ناو دیوەخانی یادەوەریمان.
عەرەبەکانی جەلەوە بەشێکن لە مێژووی هاوچەرخی خانەقی ، ئەوان روح و هەناسەیان تێکەڵ بە ئەڵوەن و بۆنی باخەکان بووە.
ئەمان ...بۆ (تەعریب) کردنی خانەقی نەهاتبون، بەڵکو بۆ پەیداکردنی رزق و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و تێکەڵبون بە خەڵکی رەسەنی خانەقی هاتبوون.
لە سەرەتای هاتنەژورەوەی گەرەکی جەلەوە لە لای کۆپری گەورەوە لە دەستی چەپدا بە خانوەکەی حاجی مەجید دەسپێدەکات کە بینایەکی جوانی دوو قات ،بە خشت و گەچ و چیمەنتو لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابوردوو دروستکراوە، نهۆمی خوارەوەی کرابوو بە قاوەخانە و سەرەوەش حاجی مەجید و خێزانەکەی تیادا دەژیان ، بۆ ئەو سەردەمە ئەم خانووە لەچاوی ئێمەوە زۆر جوان و نایاب بوو.
حاجی مەجید وەستای بیناسازی و لە هەمان کاتدا بەڵێندەری ئەو بوارەش بوو، لە دوای روخاندنی پاشایەتی لە لایەن عبدولکەریم قاسمەوە و بە هیمەتی عادل جەلالی خەڵکی خانەقی کە یەکێک لە ئەفسەرانی ئازادیخوازان و وەزیری کشتوکالی حکومەتی عیراق بوو ،پردێکی ئاسنین لەسەر ئاوی ئەڵوەن دروستکرا هەرچەندە دوای کەمتر لە ساڵێک لافاو پردەکەی برد، بەڵێندەری دروستکردنی پردەکە حاجی مەجید بوو ، خەڵکی خانەقی و جەلەوە هەزار و یەک قسەو تۆمەتیان بە ناوبانگی ئە پیاوە هەڵواسی .
حاجی مەجید پیاوێکی سپی رەنگ و قەڵەو و چاو کاڵ بوو، کەواو سەڵتە لە بەردەکرد و جامانەی دەبەست لە کاتی ئیشکردندا کەسێکی توند و توڕە بوو، عەرەب و سونە مەزهەب بوو.
ماڵی رەئیس کەریم لە تەنشت قوتابخانەی هاشمیەی سەرەتایی کوڕان کە تا ئێستاش ئاسەوارەکەی هەر ماوە و جوانییەکی تایبەتی بە جەلەوە و خانەقی دابوو ، کە خۆی و کوڕەکانی ئەفسەری دەرەجەداری سوپای عیراق بون، ئەمان عەربی سونە مەزهەب بون کوڕە بچوکەکەیان ناوی نەبیل و لە دایکبووی ساڵی(١٩٥١) بوو، برادەر و هاوڕێی نزیکی مامۆسا موحسین بوو ، کورێکی باڵا بەرز و دەموچاو باریک و سپی رەنگ ، دڵساف بوو ،حەزی لە بەخێو کردنی بولبولی خورما بوو بەردەوام بە قەفەس و بولبولێکەوە دەهات بۆ بان ئەڵوەن و شانازی بە دەنگی خۆشی بولبولەکەیەوە دەکرد .ئای چەند سحراوی بوو کاتێک دەنگی بولبول و هاژەی ئەڵوەن باوشیان بە یەکەوە دەکرد ...!!
ماڵی رەئیس کەریم لە دوایدا لە بەغدا نشتەجێبون، بەڵام پێیان لە جەلەوە نەبری و بەتایبەتی لە جەژنان بە سەردان دەهاتنەوە بۆلامان.
هەروەها لە کۆتایی گەرەکی جەلەوەدا لە نێوان خانوکەی خاڵو سەید دارشکێن و هەر دوو خانوی خاڵو فەتح اللە زەهاوی و عەلی سەروەناز خانویەکی گەورە هەبوو خێزانی میم دەلە و هەر دوو کوڕەکەی فازل و عەبوسی و خزمێکی بە ناو خزەیر کە عەرەبی مەعدان و شیعە مەزهەب بوون، تێیدا نشتەجێ بون کە خاوەنی ژمارەیەک گامێش بون گەوڕەکەیان لە دەستی راستی حەوشەکەیاندابوو.
ئەمانە لە ئەسڵا خەڵکی قەزای توێریجی سەر بە پارێزگای کەربەلا بون ، هاتبوونە دەلی عەباس و ئینجا بۆ مەیدان ، نزیک روباری سیروان لە دوایدا بەشێکیان هاتون بۆ جەلەوەو بەشەکەیتریان هەر لەوێ ماونەتەوە ، تائێستاش لە جێی خۆیان لە گەرمیانن بەناوی دێی عەرەبەکان کە زۆر جار لە کاتی شۆرشدا هاوکاری هێزی پێشمەرگەیان کردووە.
عەربی مەعدانی جەلەوە تایبەتمەندی خۆیان هەبوو لە جل و بەرگ و پەیوەندی کۆمەڵایەتیەکانیان سەرەرای دەیان ساڵ بە یەکەوە ژیان لەگەڵ کوردی جەلەوە، بەڵام هەر لە ناو خۆیان ژنخوازییان دەکرد و تێکەڵاوی کەسێکیتر نەدەبون .
میم دەلە گەورەی خێزانەکە بوو ،دوو کوری هەبوو بەناوی فازڵ و عەبوسی ..فازڵ کەمێک گوێی گران بوو هاوسەری جرێوە بوو،خاوەنی چوار کور بوو بەناوەکانی خەلیل ،موحسین، حوسیەن ، حەسەن و سێ کچ بەناوی حورباتە، فەزیلە و کەریمە بون ،خەلیل و فەزیلە گوێگرانیەکەیان لە باوکیانەوە بۆ مابووەوە.
خەلیل لە دایکبوی ساڵی (١٩٥٠) بوو کوڕێکی گەنمرەنگ ، چاو و برۆ رەش و گوێی گران ، خۆی و حسێنی برای لە شەڕی عیراق-ئێران کوژران و لاشەکەیان بەجێ ماوە، هەندێ جار ئێمە بڵاوکراوە و شتی نهێنیمان لای حوسیەن عەرەب ئەشاردەوە چونکە جێی متمانەمان بوو ، حەزی دەکرد یارمەتی و هاوکاری ئێمەمانان بدات.
دوای روخاندنی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی (٢٠٠٣) نزیکەی (٢٠)گەنج لەم عەرەبە ڕەسەنانە بون بە پێشمەرگەی یەکێتی نشتیمانی کوردستان.
خزەیر ،گامێشەوان بوو پیاوێکی باڵا بەرز و ناوشان پان و دەست و مەچەک ئەستور ، خاوەنی دوو چاوتیژی زەردباو ، پیاوێکی کەمدو بوو ،بەردەوام بە پێپەتی بە دوای گامێشەکانەوە بوو بۆ لەوەڕگای گەرمک و ناو ئاوی ئەڵوەن،بنی پێی درزو شەقاری سەیری تێبوبوو هەر وەکوو خەرەند و کوچە باریکەکانی جەلەوە وا بوو.!
قەیماخ و ماست و پەنێری گامێش لە خانەقی زۆربەی لای ئەمانەوە دابینیان دەکرا ، بەیانیان زوو کاتی مەلا بانگدان میم جرێوە و نەزاوی کچی خزەیر مەنجەڵی گەورەی ماست و دوو سینی گەورەی پەنیر و قەیماخیان ئەخستنە سەر سەریان بەرەو بازار دەرۆشتن لە بەرانبەری چایخانەکەی خاڵو قاسم میران بە تەنشت نان فرۆشەکان کە لەسەر سەبەتەی گەورە نانەکانیان دادەنا ، ماست و پەنیر و قەیماخەکەیان دادەنا. دارندەکان بۆ ژەمی بەیانیان ئەیانکڕی و هەژارەکانیش تەنها سەیرییان دەکردو بە زمان لێوی خۆیان دەلێسیەوە و وەک دەڵێن لەدورەوە بە لیکی تامەزرویی ناو دەمیانی تەردەکرد!
لە جەلەوە ژمارەیەکی زۆر نانەوا هەبوو کە ژنەکان نانیان درووست دەکرد پیاوەکانیش لە بازار دەیان فرۆشت وەکوو میم تەمینە و زەینەو و سەبرییە و قەشنگە و رەعنە و نەنکم هاجەر کە لەگەڵ مامۆستا موحسینی خاڵم بەسەبەتە نانەکانمان دەبرد بۆ لای کاکمان سەعدوڵا لە شوێنی نان فرۆشەکان
جەلەوە بیجگە لەمانە ، میوە و سەوزەوتەڕە و ماسی و هەندێ ئیشی دەستی ژنان سەرچاوەیەکی دیکەی ژیان بوو بۆ خەڵکی خانەقین دابیندەکرد
سەربوردە و چیرۆکەکانی جەلەوە زۆرن و وا بەئاسانی بە کۆتایی نایەن بەڵام ڕەنگە تائێرە و ئەوەندە بەس بێت بۆ شکاندنی تینوێتیم ..بەڵام تا دوا هەناسەم ،عەوداڵم بە دوای عەشقی ئەبەدی کوردستان و خانەقی و جەلەوەوە ... !
لە کۆتایدا دەڵێم : جەلەوە بۆ.....؟
ڕاستە جەلەوە نە ڤیزەی شنگنی هەیە و نە مەزاری روحانی گەورەی تێدایە کە خەڵک رەوانەی بەهەشت بکات ....بەڵام جەلەوە بەشێکی و رەسەنی شاری خانەقییە, خانەقیش روحە زیندووکەی کوردستانە!
قسەکردنی من لەسەر جەلەوە ، هەڵوەستەکردنە لەسەر دیمەنە پەراوێزخراوەکانی جەلەوە ، وەستانە لەناو کاراکتەرگەلێک کە جگە لە خوا و مەینەتی رۆژگار و جەلەوە کەسێکی دیکەیان نیەونەبووە لەم ژیانەدا
چیرۆکە غەمگینەکانی جەلەوە هەمان چیڕۆکی گەڕەک و شارو دێهاتەکانی ئەم کوردستانەیە، بەڵام بۆمن یەک جیاوازی هەیە، ئەویش ئەوەیە من لە کۆڵان و تولەڕێیەی جەلەوە هاتومەتە دنیاوە، لەو کۆڵانە تەنگەبەرانەوە فرەوانی ئەم ژیانەم بەدیکرد، دوای ساڵانێکی دورودرێژی دابڕان و دوورکەوتنەوە مەیلی جەلەوە بەرینەداوم، کەبیر لەو رۆژانە ئەکەمەوە ئەچمە ناو خەیاڵی شاعیری گەورەی کورد حاجی قادری کۆێی ئەڵێم:
( داستانی هیجری من شەرحی بە نووسین ناکرێ, پێت دەڵێم چۆنە ئەگەر چاوم بەچاوت کەوتەوە)