زۆرم کەیف پێدێ و گەلێکم پێ جوانە.
زۆر دڵخۆشم بەم زمانی کوردییە کە وەک مەنگەنەی دادپەروەری مێژوو وایە هەر وشە و گوزارشتێکی بێگانە، لە زمانی دراوسێ بۆ زمانی دووری ئیفرەنجی، دێتە ناوییەوە. ئەم مەنگەنەی حوکم و حیکمەتی خوداییە ئەی کوردێنێ و ئەیکوڵێنێ و ئەیبرژێنێ تا وای لێ ئەکا هێمن موکریانی وتەنی ئەگەر جاسوسێک خەبەری لێ نەدا وەک بڵێی هی کورد خۆیەتی.
زۆرم کەیف پێدێ ئەم زمانە مەزنە لە تولی رۆژگار خۆی وا فەقیر نیشانداوە کە غەوارە تەماحی تێناکا وەک تەماحیان لەنەوت و کانزا و کانیاوەکانمان کرد. زمانێکی گەورە کە ئەنگێزەی بەقای کوردە و بەکەمترین خەرجییەوە خۆی پاراستووە و خۆی پاڵاوتووە و وا پاراوە لە گوتن و دەربڕین دا.
نەتەوەی کوردی پاک و چاک بە زمانی شیرینی ماوەتەوە نەک بە نەوت و بۆرییەکانی .
بۆیە لەهەر جێیەک کاغەزتان بینی هەڵیبگرن و بیپارێزن، چونکە دەشێ نیشتمانی نووسینی دەقێکی کوردی بێت و بۆ راز و نیازی خۆمانە کەڵکی هەبێ. هەر بەرنامەیەکی دیجیتاڵی مۆبایل یان ئایپادتان هەبوو مەهێڵن ڤایرۆس لێی بدا نەکا گۆڕەپانی تایپ و تێچنی نووسین و کۆمێنتێکی کوردانە بێت.
زمانی دایک بۆ ئێمە هەر خۆی دایکە، زمانی شیرینی کوردی هەر خۆی کوردستانە کەرت و پەرتکراوەکەی ئێمەیە و گەرەکە بیپارێزین تا رۆژی (ئینتقام ) دێت بە وەسفی ریفۆرمیستی گەورەی کورد حاجی تۆفیقی پیرەمێرد.
ئەم زمانە لە نووسیندا سەرزەمینەکەی سپێتی کاغەز و لە تەکنەلۆجیای رەقەمیدا پانتاییەکەی ۆۆرد و لە زارگوتنیشدا ئاسمانەکەی رادیۆ و تیڤی و یوتوب و تیلگرام و پۆدکاست و چی و چییە، ئەم زمانە وایە کە سەرمایەی خۆڕسک و مایەی خامی ئێمەیە تا خۆی بە سەلیقە و تەریقە یەکدەگرێتەوە، سەلیقەی نووسین و وەرگێڕان و …تەریقەی زانست و بنەما و توێژینەوە.
ئەم زمانە ئەوەیە کە پیرەمێرد کارێکی کردووە هێناویەتە ریزی قدیس و قارەمانەکانی کورد، میرزاکانی زار و رازی نووسین و گێڕانەوەی لەگەڵ شەهیدەکان و سوارچاکان و گەورەکانی کورددا حیساب کردووە، بردونێتییە کەشکەڵانی فەلەک :
ئێمە کە کوردین لەلامان وایە
زمانی کوردی زۆر بێ هاوتایە
لاوکی کوردی، دەنگی زەبوورە
جنةالمأوی لە شارەزوورە
سەلاحەددین و کەریم خانی زەند
بابا شەڕەفخان شای کۆی دەماوەند
قارەمان قادر، فیدائی فوئاد
لە ڕێی وەتەندا بە جەننەت بوون شاد
گەورەی هیچ قەومێک وەک گەورەی کوردان
لە ڕێی وەتەندا نەبوون بە قوربان
فیکری میللییان ئیحیا کردەوە
قەدری وەتەنیان ئەعلا کردەوە
شادین ئەی میللەت بۆ ئەو گەورانە
فەخری تەئریخی لایق بەوانە
ناویان ون مەکەن بە خاس و بە عام
تاکو دەس کەوێ ڕۆژی ئینتیقام