تاڵەبانی کوڕ لە بەغداد چی کرد؟
مەریوان عەبدوڵا 23/03/2021
ئەوەی لە رابردوودا تاڵەبانی باوک لە بەغداد کردی پاش تێپەڕ بونی ساڵانێکی زۆر و کەڵەکەبونی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد و دروستبونی سەدان کۆسپ و بەربەست لە بەردەم پەیوەندییەکانی ھەردوو لایاندا کە خۆی لە بنەڕەتدا پێویستە پەیوەندییەکی ئاسایی و یاسایی بێت، ئێستا تاڵەبانی کوڕ ھەمان رێچکەی تاڵەبانی باوکی گرتووە و بە پشوودرێژی دەیەوێت پەیوەندییەکان بخاتەوە سەر شا رێ و سکەی خۆی و ئەوەندەی پێی دەکرێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە تاڵەبانی باوک لە بەغداد دروستی کردووە.
لە ماوەی دوو ھەفتەی رابردوودا و لەو کاتەوەی ھەرێم و بەغداد چونەتە نێو گفتووگۆ و دانوستانێکی چڕ و یەکلاییکەرەوە دەربارەی پشکی کورد لە بودجەی عێراق، ئەوەی بەدی دەکرێت قوباد تاڵەبانی دەیەوێت، بەھەمان تێڕوانین و جیھان بینی و پشوودرێژی تاڵەبانی باوک گفتووگۆکان لە بەرژەوەندی گەلەکەی یەکلاییبکاتەوە و سیاسەتی نەرم و ئارام لە دانوستان لەگەڵ بەغداد پەیڕەو بکات بۆ جێکردنەوەو جێبەجێکردنی داواکاری و مافە رەواکانی گەلەکەی.
ئێستا و دوای چەندین ساڵ لە دروستبونی ئەو بۆشاییەی کە مام جەلال لە بەغداد بەجێی ھێشتووە قوباد تاڵەبانی بەوریاییەوە و بە دنیا بینییەکی نوێ بە شوێن پێکانی باوکیدا ھەنگاو دەنێت و لای روونە ئەوە رێگە راستەکەیەو لانی کەم لەم قۆناغەدا لە بەرژەوەندی کوردایە لەگەڵ بەغداد رێکبکەوێت، لەسەر ئەم بنەمایە دەیەوێت بە قایلکردنی حکومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسیەکانی عێراق ئەو ھەڵانەی لە چەند ساڵی رابردوو روویانداوە راستی بکاتەوەو متمانە و لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی ھەڵبدرێتەوە، بەمەش جۆرێک لە گەرەنتی بەدی دێت بۆ زامنکردنی مافە دەستوری و یاساییەکانی خەڵکی کوردستان و ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم کەئەمە کاریگەری گەورەی لەسەر باشکردنی گوزەرانی خەڵک بەتایبەت چینی موچەخۆران و بازاڕ و کارو کاسپی خەڵک دەبێت.
ھەرچەندە رەخنەو سەرنجەکان لەسەر بڕیارو سیاسەتی ساڵانی رابردووی حکومەتی ھەرێم کەم نین، بەڵام بە ووردبوونەوە لە لێدوان و ووتە راشکاوەکانی قوباد تاڵەبانی لە بەغداد و دەست خستنەسەر برین و کەموکورتییەکان ئەو راستیە رووندەبێتەوە سیاسەتی سەربەخۆی ئابوری و چەندین بڕیاری تاکلایەنەی ھەرێم و بێ منەتی و پشتکردنە بەغداد لە رابردوودا کێشە و برینەکانی قوڵتر کردووە و دواجار کورد باجی ئەم بێ منەتیەشی داو بەھۆی بڕینی پشکی کورد خەڵکی کورستان چەند ساڵێکی سەختی بەڕێ کرد.
روونە کورد لە چوارچێوەی عێراقدا خاوەنی چیرۆک و پرسێکی رەوایە، بەڵام لەم کاتەدا کە ھەرێم لە دۆخێکی سەختی دارایدایە رێگە دروستەکە ئەوەیە ناکرێت لە نێوان سیاسەتی دەربازکردنی خەڵک لە نەھامەتی و برسێتی، سیاسەتی درێژەدان بە برسی کردن و سزادانی خەڵک و قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغداد ھەڵبژێردرێت.
ئەوەی ئێستا قوباد تاڵەبانی و وەفدی دانوستانکاری ھەرێم لە بەغداد دەیکات، ئەگەر رێکەوتنێکی گشتگیر و ھاوسەنگ بکرێت، دەکرێت وەک بنیاتنانی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی لێی بڕواندرێت کە دەرەنجامەکەی کۆتایی ھێنانە بەسیاسەتی دوورە پەرێزی لەگەڵ بەغداد و گرتنەبەری ئەو رێگایەی کە ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەو دۆخێکی باشتر لەرابردوو دەبات.