لە بێ مۆڕاڵیدا هەمووشت دەکرێت
رێبین عومەر 23/03/2021
سیاسەت بەشێكی مۆراڵە، چۆن لە جەنگدا یاساهەیەو جەنگ بەڕێوەدەبات و پارێزگاری لە ژیانی دیل دەكات و رەچاوی مۆراڵی تێدادەكرێت.
بەهەمان شێوەش لە دنیای سیاسەت مومكین نییە كە مۆراڵ ئامادەگی نەبێت.
ئەوەی كە روودەدات لە دنیای سیاسی ئێمەدا؛ هێزگەلێك بەزۆر خۆ دەسەپێنێت و بە زریزەی پانتۆڵەكانەوە نوساوە و وەهمێكی بوختانی دروستكردووە بۆ ئەوەی كەس ورتە نەكات و كەس بیر لەوە نەكاتەوە کە بڵێ بۆ دەبێ وابێت..!
سەرباری ئەوەش خودی كۆمەڵگە وەهم و كەڵەگای سیاسی دروست دەكات.
بەهەمووشت رازیی دەبێت، کات بەکات دەبەخشێت و لە چاوەڕوانی گۆتەدا ماوەتەوە؛ لەبەرامبەر ئەوەشدا هێزی سیاسی فیوداڵ؛ دەیەوێت تەنها كۆمەڵ لەسەر ئەوە رابێنێ؛ كە دیوار گوێی هەیە و “دەست بگرن بەو كڵاوەی دەیان ساڵە وەك پەند قوڕی خەستی كردووە بەسەری ئەم میللەتەدا” و لە دۆخی خۆی هێشتویەتییەوە.
لەم بێ مۆراڵییەی سەردەمدا؛ هێزی سیاسی سەر وەختی ئەوەی ئەگەر وەك ئەو بیر نەكەیتەوە و جیاوازبی، یەك دنیا تۆمەت و بوختان بۆ دروست دەكات تەنها لەو پێناوەی بۆستی و خۆت بدەیتە دەست ئەو.
ئەمانە ئەوە دەرئەخات؛ كە تا ئێستا وەهم سیاسەت بەرێوەدەبات؛ وەهم ئەوانەی لەسەر چیان گەورە دەردەخات؛ وەهم خراپترین ئینسانەکان دەکاتە نیشتمان پەروەر و پیاو چاک. وەهم و خەوف و تۆمەت رژاندن دنیای سیاسی ئێمە بەڕێوەدەبات.